رۆژنامەی ھەولێر

دوو پـــــــــــــــــــــــــــــــایزە زایەر عەبدوڵڵا جێی هـــــــــــــــــــــــــێشتین

ئاری ئاغۆک

 

کاتێ هونەرمەندێك، ئەدیبێك، نووسەرێك ژیانی خۆی تەرخانی بەهرەکەی دەکات و ڕاستگۆییانە لەپێناوی ئەو بەهرە و هونەرەی هەڵیبژاردووە دەژی، ئەوا مردن و ژیانئاوایی دەبێتە مێژووییەکی گەش و نرخدار، هەمووان خەم بە نەمان و لەدەستدانی دەخۆن، ئەگەر بەپێچەوانەوەش بێ، بێگومان کۆتاییەکەشی بە سادە و ساکاری و بێدەنگی تێدەپەڕێ، ئەمما کاتێ هونەرمەند و ئەدیبێك بە عەشق و ڕاستگۆییەوە بۆ هونەر و ئەدەبەكەی ژیابێ، ئەوا سەنگ و پێگە و قورسایی لەنێو زهن و زاكیرەی خوێنەر و بینەردا هەر بە نەمری دەمێنێتەوە.
فۆڕمی ژیان و بەرهەم و هونەر و نووسین و کۆچكردنی (زایەر عەبدوڵڵا) ئەگەر لەو پێناسەیەی سەرەوە گەورەتر و زێتر نەبێت، ئەوا هیچی کەمتر نیە، چونکە ئەو هونەرمەندە نازدارە لە قۆناغێکی سەخت و دژوار دا توانی شکۆفەی بەهرەی هونەریی و ئەدەبی و نووسینی پەرە پێبدات و بڵێ منیش (هەم).
( زایەر عەبدوڵڵا ) ناوێک درەوشاوە لە نێو هونەری شانۆ و دراما و تەمسیلی کوردی، قەڵەمێکی بوێر و ڕاستگۆ لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، خەیاڵفراوان و فرە دیدگا لە دنیای چیڕۆکنووسین، ئەو تەنیا لەیەک ڕێگا هەنگاوی نەنا، بەڵکو لە نێو هاڕمۆنیەتی (هونەر، ئەدەب، ڕۆژنامەگەری، شاشەی تی ڤی، تەنزی کۆمەڵایەتی) توانی ئەرشیفێکی دەوڵەمەند و مێژوویەکی جوان بۆ خۆی دروست بکات، گەرچی دوو پایزە جێی هێشتین، لێ کاتێ تەماشای (هەبوو نەبوو، کەونە دەرگا، کەوەکانی قەڕەچوغ، گەڕەکەکەمان، ئادیابین،،،،، هتد) دەکەین، ئەوا هەست دەکەین وەک ئەکتەرێکی زیندوو لەگەڵمانە، ئەمەش بەهۆی دڵسۆزی و هونەری باڵای توانی بچێتە نێو ڕۆڵی (ئۆمەرە گەدەی چاوچنۆکەکان و جەوهەرئاغا و تەها فەندی تەمسیلی گەڕەکەکەمان و تۆفیقی کەونەدەرگا و تا دوایین ڕۆڵ، ئەیش بەهجەت پاشای ئادیابین) کەهەریەک لە ڕۆڵبینینەکانی توانی پشکی شێر لە ڕووبەری ناساندنی بەرهەمەکان بۆ خۆی ببات و لەتەک ئەکتەرەکانی دیکە بڵێت ئێمەش وەک نەتەوەی کورد هەمیشە خزمەت دەکەین.
کاتی تەماشای وێستگەی نووسینەکانی دەکەین ڕاستەوخۆ دەچینە نێو ڕۆمان و چیرۆکی (خەرەند، تەیراوە هەر بە پیاسە، ڕەحەتە لوقم) وێنەی چیڕۆکنووسێکی گەورە و خاوەن ئەزموون دێتە بەرچاومان، بەڵام زوو وە ئاگا دێینەوە سەر ئەو تایتلەی کە خارە زایەر نووسەرەکەیەتی.
ئەمجارەیان کە ئاوڕ لە ئەزموونی پەخشی سەرەتای تەلەفزیۆن دەدەینەوە، چەند ڕاگەیاندکارێکی دێرین فلاشباگ دێنەوە یادمان یەکێک لەو سیما جوانانەی شاشەی تی ڤی ساڵی نەوەتەکان زایەر عەبدوڵڵا بوو، لەڕێگەی بەرنامەی زووم زووم دەچینەوە سەردەمی سادەیی شاری هەولێر و (نواندن و لەقسان و جاری جاران) ی زایەڕ عەبدوڵڵا هەمدیس دەبێتە یەکێک لە پێشکەشکار و ڕاگەیاندکارە زیرەک و دیار و بەرچاوەکانی سەرەتای ساڵی نەوەتەکان،
ئەم بابەتە جیاجیایانە وێستەگەی ژیانی یەک کەسن کە توانی خۆرسکانە و عاشقانە خزمەت بکات، ئەویش خوالێخۆش بێ زایەر عەبدوڵڵایە.
لەیادی دوو ساڵەی ژیانئاوایی ئەم هونەرمەند و نووسەر و میدیا کارە دێرینە، وەک وەفایەک بۆ بۆ بەهاری هونەر و نواندن و وێستگە هەمە چەشنەکانی ژیانی، گەشتێک بەنێو ئەلبومی یادەوەرییەکانی دەکەین.

من و زایەر عەبدوڵڵا
کە هەراش بووم ئەم هونەرمەندە بەسەلیقەیەم لە ڕێگەی شاشەوە ناسی، لە دوای ڕاپەڕین لە ڕێگەی زنجیرە تەمسیلی (کەوەکانی قەرەچوغ، بەرنامەی زووم زووم و چیڕۆکی خەرەند) زیاتر ئاشانی زایەر عەبدوڵڵا بووم.
لە ساڵی دووهەزار بەدواوە، لە نزیکەوە ئەم مەزنە هونەرمەندەم ناسی، هەمدیس نووسین و هونەر و ڕاگەیاندن بە یەکتری گەیاندین و لە دەسپێکی کارە میدیاییەکانم دیمانەیەکی ڕادیۆییم لە گەڵ ئەنجام دا، پاشان بۆ گۆڤار و ڕۆژنامە، دواتر وەک سەرنووسەری گۆڤاری نواڵەی نوێ بڕیارماندا گۆشەیەکی نووسینی بۆ تەخان بکەین، بەخۆشحاڵییەوە خۆبەخشانە داواکەی قبوڵکردین و ناومان نا ( کەونە هەولێر ) وەک نووسەرێکی بەسەلیقە و وەک هەولێرناسێک هەر ژمارەیەک باسی یادگاری و جوانییەکی شاری هەولێری دەکرد، ئیدی ئەو یەکترناسین و ئاشنایەتیەمان بەردەوامی هەبوو، هەمیشە ڕێز و وەفا و خۆشەویستی کۆیکردبوینەوە.
لەکاتی هەواڵی نەخۆشی و نەشتەرگەری لەساڵی ٢٠٢٠ و شێرپەنجەی جاری دووەم لە ساڵی ٢٠٢٤ هەمووان دڵتەنگ و خەمباربووین، بۆیە هەمیشە دڵمان لای ئەو پیاوە شیرینەی تەیراوە و هەولێر بوو، ئەوەی لەنزیک یا دوور بەدووری زایەر عەبدوڵڵای بناسیبوایە خەفەتباربوو بەو نەخۆشیە سەختەی ئەم نووسەر و هونەرمەندە.

ژیاننامە و کاری هونەری
زایەر عەبدوڵڵا ڕۆڵەی گەڕەکی دێرین و میللیی (تەیراوە)ی شاری هەولێر بووە. هەر ئەم ژینگە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەی تەیراوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستبوونی کەسایەتی و شێوازی نواندنی هەبووە، بە جۆرێک کە زۆربەی کات لە ڕۆڵەکانیدا بە شێواز و زمان و شێوەزاری شیرینی هەولێری ڕەسەن بە دیار دەکەوت. لە نواندنەکانیدا زیاتر بە ڕۆڵە کۆمەڵایەتی و میللی و باڵا دەست و پڕ ماناکانی دەناسرایەوە. توانایەکی ئێجگار زۆری هەبوو لە بەرجەستەکردنی کەسایەتییە سادەکانی ناو کۆمەڵگە و گەیاندنی پەیامە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و هونەرییانەی خۆرسک و دوور لە زێدەڕۆیی.
زایەر عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایکبووە و قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی مەریوان لە گەڕەکی عارەبان و قۆناغی ناوەندی لە جمهوری و دواتر بەشی کارەبای لە ئامادەیی پیشەسازی هەولێر تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٢-١٢-١٩٨٠لەگەڵ خانمە هونەرمەند (شیرین سابیر) هاوسەرگیری کردووە و بەرهەمی ئەم دوو هاوسەرە هونەرمەندە سێ کوڕ و دوو کچە، شیرین خانی هاوسەری لە زۆربەی کارە هونەرییەکاندا شانبەشانی ڕۆڵی بینیوە، لە کەونەدەرگاوە تا دوایین ڕۆڵ لە زنجیرە درامای ئادیابین بەڕۆڵبینی بەهجەت پاشا لەوێش هاوسەری شیرین خان بووە.
لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی چالاکی سیاسی و پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانەوە، لە کاتی تۆمارکردنی شانۆگەرییەک لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کرا و ماوەی چوار مانگ زیندانی کرا.
جگە لە کاری ڕاگەیاندن و هونەریی، وەک پیشەی کارگێری و میری لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ماوەی شەش ساڵ بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی هەولێر بووە.

بەشێک لە کارە هونەرییەکانی
خوالێخۆشبێ زایەر عەبدوڵلا، دەسپێکی کاری هونەری لە لایەن مامۆستای هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان بووە، یەکەم بەرهەمی هونەری بە ناوی (خۆتان بگرن هات) بوو کە وەک شانۆ لە شاری هەولێر و وەک تەمسیلی لە بەغدا تۆمارکراوە، هەروەها لە ساڵی ١٩٧٢ بە شانۆگەریی (ئەنجامی پووڵ پەرستی) بەردەوام بووە لە کاری هونەری لە دەیان شانۆ و دراما و فیلمدا بەشداری کردوە، لەوانە درامای (هەبوو نەبوو) یەکێکە لە بەناوبانگترین کارەکانی کە تێیدا بە ڕۆڵی (ئۆمەر چاوچنۆک) ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد.
لە زنجیرە دراما و شانۆگەرییە ناودارەکانی هەولێردا بەشداریی بەرچاوی هەبووە، لەوانە: درامای کەوەکانی قەرەچوغ، باوەژن، مەمی ئالان، سێ کوچکە و چەندین بەرهەم، لە زنجیرە درامای کەوەکانی قەرەچوغ ڕۆڵی (جەوهەر ئاغا)ی تێدا بەرجەستە کردوە.
لە بەرنامەی تەلەفزیۆنیش ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لەوانە: زووم زووم، بەرنامەی بەرنامە
هەروەها درامای ئادیابین دوایین کاری هونەریی هونەرمەند زایەر عەبدوڵڵا بووە کە بە ڕۆڵی سەرەکی بەناوی ( بەهجەت پاشا ) تێیدا دەرکەوت.

کتێبە چاپکراوەکانی
زایەر عەبدوڵڵا تەنیا هونەرمەند و ئەکتەر نەبوو، بەڵکو قەڵەمێکی جوان و پاک و ڕەوانیشی هەبوو بۆ نووسینەوەی یادەوەری و مێژووی زارەکیی شار. لە کتێبی( تەیراوە هەر بە پیاسە)دا بە وردی باسی لە کەسایەتییە دیارەکان، شەقامەکان، بۆنەکان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی هەولێر لە سەدەی ڕابردوودا کردووە، کە وەک سەرچاوەیەکی ئەرشیفیی گرنگ بۆ شاری هەولێر سەیر دەکرێت، هەروەها لە گۆڤاری نواڵەی نوێ گۆشەیەکی بەردەوامی هەبوو بە ناونیشانی (کەونە هەولێر). لە بواری چیرۆکنووسینیش دا چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە بە ناونیشانی (خەرەند) کۆمەڵە جیڕۆکێکە، کتێبی (تەیراوە هەر بە پیاسە) کتێبێکە تایبەت بە بیرەوەرییەکان، هەروەها ڕۆمانی (ڕەحەتە لوقم).

ژیانئاوایی
خوالێخۆشبێ ( زایەر عەبدوڵڵا ) لە ناوەندی هونەریی و ڕۆشنبیری دا بە کەسایەتییەکی خاکی، قسەخۆش و هاوڕێی هەمووان ناسرابوو و جێگەی ڕێزی نەوەی کۆن و نوێی هونەرمەندان و ئەدیبان و ڕۆشنبیران بوو، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٣-١١-٢٠٢٤ لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر ژیانئاوایی کرد و لە گۆڕستانی کەسنەزان بە خاک سپێردرا.
ئەو پیاوە نازدارە، دوو پایزە جێیهێشتین، لێ بەرهەم و ئەرشیف و کارە هونەری و یاد و بیرەوەرییەکانی لە یادگەی هەموومان دا هەر بە بەهاری و سەوز و نوێبوونەوە دەمێنێتەوە، ڕۆحی شاد و یادی بەخێر.