ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: دوو لیوای دیکەی حەفتا و ھەشتا دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە خێراتر بووە و دەڵێت، ئەمساڵ دوو لیوای دیکەی حەفتا و ھەشتا دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە شەش مانگی ڕابردوودا یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە خێرایی بەخۆیەوە بینیوە و ھەردوو ھێزی پشتیوانیی یەک و دوو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ سێ لیوای حەفتا و ھەشتا خراونەتە سەر وەزارەت و لیوایەکی نوێش دروست کراوە، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە بەردەوامە.”

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: “ئەمساڵ دوو لیوای نوێ لە وەزارەت پێک دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی یەکەی حەفتا و ھەشتا، ئەویش لیوای ٢١ و ٢٢ی پێشمەرگەیە، وەزارەتیش ھەردوو یەکەی ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستەمی وەزارەت و ئەوانیش خەریکی پێکھێنانی لیوا و یەکەی خۆیانن.”

لەبارەی کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ پێشمەرگە، لیوا قارمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “پێشتر ژمارەی بانکی بۆ دیوانی وەزارەت و ژمارەیەک یەکەی سەر بە وەزارەت کراوەتەوە، پلانی وەزارەتیش ئەوەیە ھەموو پێشمەرگەیەک ببێتە خاوەن ژمارەی بانکی خۆی، بەڵام پڕۆسەکە لەبەر ئەوە دوا کەوتووە، ھەندێک سەختە و پێویستی بە ھاوکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە.”

ھەواڵی زیاتر