عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
گروپی شانۆیی هەوار، لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی گەنجانی شەرمی شێخ لە وڵاتی میسر، بە شانۆیی “لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە” خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەستهێنا.
نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە گوتی: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی گەنجانی شەرمی شێخ، 11 نمایشی شانۆیی لە شەش وڵاتی وەکو، میسر، عێراق، سعودیە، قەتەر، ئیمارات و رۆمانیا نمایشکرا و بەشە سەرەکییەکانی بریتی بوون لە شانۆی گەورە، مۆنۆدراما و شانۆی شەقام.
نەجم باس لە گرنگیی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: ئەو فێستیڤاڵە یەکێکە لەو چالاکییە شانۆییە نێودەوڵەتییانەی وڵاتی میسر، بە ئامانجی پشتیوانی لە شانۆی گەنجان، ناساندنی ئەزموونە شانۆییە جیاوازەکان و دروستکردنی پەیوەندیی هونەری لەنێوان شانۆکارانی وڵاتانی جیاواز بەڕێوە دەچێت. هەروەها فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی شانۆکاری کورد و عێراقی بتوانن ئەزموونی خۆیان لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا پیشان بدەن، لەگەڵ ئەزموونی شانۆکارانی جیهان ئاشنا ببن و پەیوەندییەکی هونەری و پیشەیی لەگەڵیان دروست بکەن.”
سەبارەت بەچیرۆکی نمایشەکە، نەژاد نەجم ئاماژەی پێدا: شانۆگەرییەکە باس لەودیو دەرگاکان دەکات کە چی دەگوزەرێت، باس لە بابەتە هەستیارەکانی سەردەمی ئێستا دەکات، چەندین کاری نەشیاو و توندووتیژی رووبەڕووی خەڵکانێکی بێ تاوان دەبێتەوە، واتە باس لە هەموو بابەتە نائەخلاقییەکان دەکات، ئەو کارە دەرچوونە لە توونڕەوی ئینسان، کە کۆمەڵگە چی بەسەر ئینسانێکی پاک و بێگەرددا دەهێنێت، دواتر دەبێتە کەسێکی تووندوتیژ، بەڵام ئینسان بە پاکی لەدایک دەبێت، ناچار بەکاری تووندوتیژی دەکرێت و دەبێتە کەسێکی ناتەندروست لە کۆمەڵگەدا.”
شانۆگەری “لەودیو دەرگا داخراوەکان”، لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، لە نووسینی مەلاک ئەحمەدە و هەریەکە لە هاوسەر ئیدریس و سەلام زەنگەنە و دارا عزەددین رۆڵی تێدا دەگێڕن.

