مەزنیی مرۆڤە جوامێر و خەباتکارەکان بە تەمەن ناپێورێت، بەڵکوو بەو مێژووە زێڕینە هەڵدەسەنگێندرێت کە لە ڕۆژە سەختەکانی تێکۆشاندا تۆماریان کردووە. هاشم باپیر خۆشناو یەکێک بوو لەو سەرکردە و فەرماندە دیارانەی کە زیاتر لە شەست ساڵی تەمەنی لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا بەسەر برد؛ جوامێرێك تەواوی ژیانی خۆی بەخشییە خۆڕاگری و ڕێبازی ڕزگاریی گەلەکەی.
جەستەی ئەم تێکۆشەرە، کتێبێکی کراوەی مێژووی کوردبوونە؛ هەر برین و جێگە ساچمەیەک بە جەستەیەوە، یادەوەریی داستانێکی پڕ سەروەری و ڕۆژانێكی سەختی خەبات و پێشمەرگایەتییە. لەم ڕێگە سەخت و پڕ قوربانییەدا، سێ برای گەنجی ( موحسین، فەتاح و فارس) ی پێشکەشی خاکی نیشتمان کرد و چوونە کاروانی نەمرانەوە، بەڵام هاشم باپیر ئاقوبانی، وەک چیای سەفین و كێوەكانی کوردستان بە شکۆوە نەچەمی و هەر بەپێوە مایەوە و هەرگیز کاروانەکەی لە نیوەڕێدا جێنەهێشت.
مخابن، دوێنێ دووشەممە، ٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦، لە شاری هەولێر خاڵی خۆشەویستم بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ کردین. جەستەی پیرۆز و شەکەتی ئەم قەهرەمانە، ئاوێزان بە خاکی پیرۆزی کوردستان كراو و لەمیهرەبانیی خاکی شەقڵاوەو بناری سەفینی بەرخودانی كوردایەتی، ئەسپەردە كرا، پرسەو ماتەمینیش بۆ ئەو فەرماندەو کەڵەپیاوە، ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ – لە هەولێر، مزگەوتی جەلیل خەیات بەڕێوە دەچێت.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی، یادو سەروەرییەکانی بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێننەوە.
هاودەنگ فارووق

