رۆژنامەی ھەولێر

ئازادی و بەرپرسیارێتیی لە ژیانی مرۆڤدا

ئا/حەمدیە اراز مصطفی

ئازادی و بەرپرسیارێتی تەواوکەری یەکترن، کاتێک تاکەکان ئازادن لەبڕیاردانی خۆیان، ئەوا بەرپرسیاریشن لەدەرئەنجامی ئەو بڕیارانە، هەروەها بەشدارە لەبنیات نانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرترو بەرپرسیارتر .

سەبارەت بەئازادی و بەرپرسیارێتی لەژیانی مرۆڤدا ڕەیان عبدوالوحید احمد، مامۆستای ڕەوزە بۆ هێلین میدیا گوتی: ئازادی بریتیە لەنەبوونی ترس لە دەربڕینی هزرو بیروڕاکانت لەناو جڤاکدا .
ئازادی بەزاندنی سنوورەکان نیە، ئازادی دەربڕینی هزرو ئەندێشەیە بۆ چاکسازی و بەرژەوەندی جڤاک، ئازادی مۆدێل و شمەک و کەرەستەی ماددی نیە.
کەواتە ئازادی بریتیە لەدەربڕین یان داواکردنی ویستێک یان سەربەخۆیی لەکردنی شتێک یان داواکردنی شتێک دوور لە پێشیل کردنی یاساو ڕێسا ڕەوشتیەکان، ئازادی لەهۆشی مرۆڤەوە دەردەچێ، نەک لەهەست و سۆز و هەوەسی مرۆڤ، ئازادی بریتیە لە سەربەخۆیی پەیوەست بەهەر شتێ جگە لە یاساو ڕێساکانی ڕەوشت و ئاماژە بە دوو جۆر ئازادی دەکات .
یەکەم :ئازادی تاکەکەس یاخوود کەسێتی ئەم جۆرە ئازادیە بریتیە لە ئازادی گۆتن و وەسف کردن لەبیروبۆچوونەکانی تاکەکەس و ئازادی بۆ داواکردنی ماف و شوێنی ژیانکردن و نیشتەجێ بوون .
دووەم : ئازادی گشتی یاخوود کۆمەڵایەتی ئەم جۆرە ئازادییە بریتیە لە دەرکەوتن یان دەربڕینی گشتی هەموو چین و توێژەکان یاخوود دەرکەوتەی ژیاری کۆمەڵایەتی کە ئازادی، ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و ئاینی و دەروونی نیشتیمان و هتد. دەگرێتە خۆ .
مرۆڤ بەئازادی چاوی بەدنیا هەڵدێنی، کەواتە دەتوانین بڵێن ئازادی پانتاییەکە لەسرووشتی مرۆڤ و بوونی مرۆڤدا کە ڕەنگدانەوەی ئەو بوونە سرووشتییەی پێوەدیارە، هەڵبەت ئیرادە ئەو بوونە وەدیاردەخات و لەسەر شانۆی مرۆڤ بووندا خۆی نمایش دەکات، جۆری فیداکاری و لێبووردەی نموونەن بۆئەمە لەتەک ئەوەشدا بەختەوەری و ئاکارو گووفتار و هزری مرۆڤ لەئازادییەوە دەردەچن، بۆ ڕەوشت بەرزی و پێشخستنی کۆمەڵگە ئەمە ڕاستە.
ئازادی پێویستیەکی گرنگی پێشخستنی کۆمەڵگەیە و گۆڕینی هۆشی مرۆڤە لەناتەواویەوە بۆ تەواوی، مانادارکردنی ژیانە. بەرخودان و ئامانج و هزرینی درووست، لەتەک ئەوەشدا تێکۆشان لەپێناو ئازادی لەمرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاوازە هەتا لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ سەردەمێک جیاوازە .
هەرکاتێکیش مرۆڤ درکی بە ئازادی کردو ئازادی دەستگیربوو، ئەوکات تێدەگات بوونی ژیان بەبێ ئازادی ئەستەمە.
مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری پێویستە تێکۆشان و بەرخودان بکات، چوونکە مرۆڤ لەتاریکیەوە بەرەو ڕۆژی ڕوون پەلکێش دەکات، مرۆڤ وەک چۆن پێویستی بەنان و ئاوە ئەوهاش پێیویستی بەئازادییەبۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بژیت .
ستەمکاری ناتوانێ بەرامبەر هێزی ئازادی و بەرخودانی ئازادی بوەستێ . هەڵبەت کاتێ بەرخودان لەئارادبوو. هەر لەگەڵ زاڵبوونی بیری ئازادی، ژیان و بیری تازەش لەدایک دەبن،بەمەش ژیان بەرەو جوانتر و جوانترین پەلکێش دەکرێ .
ئازادی سەربەخۆبوونە لەبڕیاردان لەناو چێوەی ڕەوشتدا کەسنووری خۆی هەیە، ئازادی هەوڵدانە بۆ گەیشتن بەباشتر و باشترین، ئازادی بەرخودانە لەپێناو شتێک کەپێویستە و لەتۆ و یان لەهەمووان زەوتکراو.
ئازادی بڕیاردانی مرۆڤە بەشێوەیەکی سەربەخۆبوون و چۆنیەتی هەڵبژاردنی ژیانکردنە لەلایەن خوود . پێویستە تاکی مرۆڤ ئازادی وەک زەروورەتێک بۆ پێشخستنی ژیان و چۆنیەتی پراکتیزەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنان . ئازادی دەستگیرکردنەوەی ڕەسەنایەتی و ڕاستینەی مرۆڤە وەک خوودی خۆی،نەک وەک ئەوەی پێویستە ئاوابێ .
هەرسەبارەت بەم بابەتە دکتۆر مەولان فاخیر اسماعیل بۆ هێلین میدیا گوتی: کاتێک باس لە ڕەخنە لەئیدیۆلیژییەکان و دەمارگیری سیاسی دەکرێت. هەندێک جار ئەو پرسیارە دەورووژێت کە:
ئەگەر ئەو بیرۆکانە لەناوەندی ژیانی کۆمەڵگادا نەبن .ئایا مرۆڤەکان بێ ئامانج، بێ بەرپرسیارێتی و بێ پابەندی بەچارەنووسی یەکترمرۆڤایەتی خۆیان لەبیرناچێتەوە؟
ئایا ئەمە نابێتەهۆی لاوازی بەها ئەخلاقی کۆمەڵایەتییەکان؟
ئەزموونی زۆرێک لەکۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی جیهان نیشانیداوە کە ڕاستیەکە بەپێچەوانەی ئەو نیگەرانیەیە.
ئەو کۆمەڵگایەنە نەک هەرلەسیاسەت و ئیدیولۆژی بێنیاز نەبوون، بەڵکو توانیویانە هەرکام لەمانە لەشوێنی خۆیان دابنێن. لەوێدا سیاسەت ئامرازێکە بۆ بەڕێوبردنی کارووباری گشتی وئیدیولۆژیاش مافی تاکەکانە بۆ باوڕمەندبوون یان نەبوون بەهەر بیرۆکەیەک. بەڵام هیچ کامیان مافی ئەوەیان نیە چارەنووسی گشت کۆمەڵگە بەتەواوی بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەیاسا، بەرامبەر ژینگە،بەرامبەر بەمافی مرۆڤ، بەرامبەر بە ئاسایشی گشتی نەلەڕووی مەترسی سزادانەوە سەرچاوە دەگرێت نەلەپابەندبوون بەفەرمانی ئیدیولۆژیک . بەڵکو لەهۆشیاری کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن بەوەی کەئازادی تاک بە بەرپرسیارێتی تاکەوە گرێدراوە.
کاتێک مرۆڤ ئازاد بێت، بەومانایە نیە کەلەهەموو پابەندییەک بێ بەری دەبێت، بەڵکو واتای ئەوەیە کەدەتوانێت بەپێوەری ویژدان و تێگەیشتنی خۆی بڕیاربدات و هاوکات بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارانەش بگرێتە ئەستۆی .
ئەوەی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان بەهێزدەکات تووندی ئیدیۆلۆژی نیە، بەڵکو بەهێزی دامەزراوەکان، ڕێزگرتن لەیاسا، پەروەردەی هاوڵاتیان و باوەڕ بەکەرامەتی مرۆڤە .
کۆمەڵگەی بەختەوەر ئەوەنیە کەهەمووان هەمان بیرۆکەیان هەبێت، کۆمەڵگەی بەختەوەر ئەوەیە کەمرۆڤەکان، وێرای هەموو جیاوازەکانیان هەست بەهاوبەرپرسیارێتی بکەن و بتوانن بەبێ ترس وبەبێ سەپاندنی باوەڕی یەکتر، چارەنووسی هاوبەشی خۆیان درووست بکەن .
لەکۆتاییدا، ئازادی مرۆڤ نابێتە هۆی لاوازبوونی بەرپرسیارێتی ؛بەڵکوکاتێک ئازادی لەگەڵ هۆشیاری، یاسا و بەهای مرۆڤایەتی هاوشان بڕوات، دەتوانێت بناغەی کۆمەڵگەیەکی پێگەیشتووتر، دادپەروەرتر، مرۆڤانەتر دابنێت.