رۆژنامەی ھەولێر

ئایا سەربەخۆیی ئافرەت کاریگەری لەسەر بنەماڵە هەیە؟

ئالا تاهیر

ئافرەتی سەرکەوتوو ئەو کاتە دەگاتە تەواوی ئامانجەکانی کە هەست بە بەرپرسیارەتی و سەربەخۆیی خوی بکات چونکە کاتێك ئافرەت سەربەخویی تەواوی بەدەست هێنا لەلایەن بنەمالکەی و پشتگیری لێکرا لەو کاتەیا زیاتر هەست بەوە دەکات کە دەتوانێت هەموو تواناکانی بەدەربخات و سود بە بنەمالە و کومەلگاکەش بگەیێنێت هەربویە ئافرەتی سەربەخو خێزانێکی پێشکەوتوو سەرکەوتوی لێ دروست دەبێت.

ماموستا ”بەفرین مەحمود” لەم بارەیەوە وتی:
بێگومان سەربەخۆیی ئافرەت و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنیەکان دەکەوێتە سەر پەروەردەی تاک، واتا ئەو ئافرەتە چ جۆرێک ژیانی پێشووی بەڕێ کردووەو ڕۆڵی دایک و باوکی لە ژیانیدا چۆن بووە پێش ئەوەی ببێتە خاوەنی داهاتی خۆی.
من پێم وایە هەموو کچێک پێویستە لە تەمەنی 12 بۆ 13 ساڵیەوە ببێتە خاوەنی داهاتێکی مانگانە لەلایەن دایک و باوکیەوە، ئەگەر بڕی داهاتەکە کەمیش بێت بەڵام ئەو منداڵە کە خەریکە هەڵدەکشێ بەرەو تەمەنی هەرزەکاری، پێویستە فێری چۆنیەتی ئیدارەدانی لایەنی ماددی بێت و بزانێت لەماوەیەکی دیاری کراودا چۆن دەتوانێت بڕێک سەرف بکات، تەنانەت ئەگەر هەفتانەش بێت وەک هەنگاوی سەرەتا ئەوا وردە وردە فێری بەکارهێنانەکە دەبێت بەشێوەیەکی دروست.

لە هەنگاوی دواتر ئەو کچە دەچێتە قۆناغی زانکۆو جوانتر وباشتر مامەڵەی دارایی دەکات، ئینجا کە هاوسەرگیری کرد و بووە خاوەنی کارێکی تایبەت بەخۆی، ئەوا خەرجکردنێکی دروست فێربووەو کەوتووەتە سەر ڕێچکەی خۆی، ئەوکات لە ترس و دوودڵی دەرچووەو بناغەیەکی ئابووری هەیە بۆ پشت بەخۆبەستن.
بەڵام وای دابنێ کچێک تا زانکۆش تەواودەکات فێرنەبووە بڕێک پارە وەک داهاتی تایبەتی خۆی بەکاربێنێت و مامەڵەی پێوەبکات، ئەی چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ موچەی خۆی بکات کە زۆرجار پێویستە لە مانگێک زیاتر ئەو داهاتە بەشی بکات؟
لە ڕویەکی تریشەوە نا هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و خێزانی دروست دەبێت و کێشە دروست دەبێت لەنێوان خۆی و هاوسەرەکەی، چونکە هاوسەرەکەی لە کۆمەڵگادا وەک پیاوێک هەر لە زووەوە خاوەنی داهات بوە و زانیویەتی چۆن بەکاری بهێنێت، یاخود وا تێگەیەندراوە کە ئافرەتان پێویستە بەگوێرەی پێویست پارەیان پێبدرێت نەک خاوەن داهات بن، ئەوکات ئەو کێشەیە کە ڕەگ و ڕیشەیەکی کۆنی کلتوری هەیە، بە ئاسانی کاڵ نابێتەوەو دواجار جگە لەو دوو کەسە وەک دوو هاوسەر، منداڵەکانیشیان دەبنە قوربانی و بەهەمان ڕێچکەدا دەڕۆن.

ئافرەت کاتێک داهاتی سەربەخۆی هەیە دەکرێ بەوپەڕی متمانەوە ببێتە کچێکی باشتر بۆ دایک و باوکی، ژنێک بێت کە هاوکارو پاڵپشت بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی هاوسەرەکەی و باری سەر شانی سوکتر بکات، هاوکات دەکرێ دایکێکی باشتر و شایستەتر بێت بۆ منداڵەکانی، بەوەی ژیانێکی شایستەی پڕ بەهایان بۆ دابین بکات وهاوتابن لەگەڵ هاوڕێ و دەوروبەریان.
هەموو ئەمانە دەکرێ ڕوویەکی تریشیان هەبێت ئەوکاتەی ئافرەتەکە ڕۆشنبیری لە ئاستێکی نزمەو پێشتر ئەزموونی بەکارهێنانی سەرچاوە مادییەکانی نەبووە، لەو کاتەدا بەشێکی گەورەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکان تێکدەشکێنێت بەهۆی مادەوە لەکاتێکدا مادە تەنها هاندەرو وەسیلەی دابینکردنی ژیانێکی فەراهەمترە نەک کۆی پڕۆسەکە بێت.

هەروەها رۆژنامەنوس “احمد بکر وسو” لەم بارەیەوە وتی:
سەربەخۆبونی ئافرەت مەرجە بۆ پێشکەوتن و گەشە و لەگەڵ سەردەم ڕێکردنی هەر کۆمەڵگەیەک، ئافرەتی سەربەخۆ لەڕوی گەشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و هزریەوە هەمیشە لەپێشەوەیە، ئەو خانەوادانای ئافرەت تێیاندا سەربەخۆیە لەڕوی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕۆشنبیریەوە لەگەشەکردنی بەردەوام دان.
کاتێک ئافرەت سەربەخۆ دەبێت متمانەی بەخۆی و خانەوادە و کۆمەڵگەکەشی زیاد دەکات و بەشداردەبێت لەبەپێوەڕاگرتنی خانەوادە و دەستباری کردنی لەهەمو ڕووەکانەوە.
پێشکەوتنەکانی ژیانی و ژیاری باری سەر خێزانەکانی قورس کردووە، بەواتایەکی تر لەئێستادا خێزان تەنیا بەپیاو ئیدارە ناکرێت بەڵکو لەسەردەمی ئێستادا خێزان پێویستی بەزیاتر لەسەرچاوەیەکی داهات و زیاتر لەکەسێک هەیە بۆ هەڵگرتنی بەرپڕسیارێتی، ئەو راستیەش دەمانخاتە بەردەم بەردەم ڕۆڵگێڕانی زیاتری ئافرەت لەخێزاندا، بۆ ئەوەی ئافرەت ئەو ڕۆڵە بگێڕێت دەبێت سەربەخۆبێت تابتوانێت دەسباری خێزان بکات هەم لەبواری ئابوری هەم لەبواری کۆمەڵایەتی و پەروەردەکردنی نەوەکان و هەمیش لەبواری بەرەوپێشچون.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیانە بەڵێ سەربەخۆیی ئافرەت کاریگەری زۆری لەسەر خێزان هەیە و گەر بمانهەوێ خێزانێکی ساغڵەم و پێشەنگمان هەبێت دەبێ ئافرەت تێیدا سەربەخۆبێت، بەپێچەوانەوە زەوتکردنی سەربەخۆیی ئافرەت لەهەر خێزانێکدا دەبێتە هۆی شێوانی دۆخی خێزان و جێمانی لەهەمو بوارەکاندا.