مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەڕاستیدا لەبەر ئەوەی كورد دەوڵەتی نەبووە، ناتوانێت بەئاسانی ڕابێت لەسەر مامەڵەكردن بە شێوەیەكی دەوڵەتییانەی ستاندارد لەگەڵ هەر بارودۆخێكدا كە دێتە پێشەوە. یان بە ڕوونتر دەتوانم بڵێم: كورد لەو زمان و كۆدانە تێناگات كە دەولەتەكان لەنێوان خۆیاندا بەكاری دێنن، چونكە ئەوە گوتارێكی باڵایە و لەدەوڵەتەوە بۆ دەوڵەتە.
زۆرجار زاناكان دەڵێن: لە گەردووندا چەندین جۆر و ئاستی دەنگ هەن، بەڵام گوێچكەی مرۆڤ تەنها توانای بیستنی ئەو دەنگانەی هەیە كە لەرەلەریان لە نێوان 20 تا 20هەزار لەرەیە. لەوە بەدەر ناو دەنرێت سەروی دەنگی و گوێچكەی مرۆڤ ناتوانێت بیان بیستێت. ئینجا ئاڵوگۆڕكردنی هەر پەیامێك لەسەروی ئەو لەرانەوە كە مرۆڤ هەستی پێدەكات، نابێتە جێگەی بایەخی مرۆڤی ئاسایی. بەڵكو ئەوە زاناكانی بوارەكە دەتوانن چاودێری بكەن و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و سودی لێوەربگرن و دۆزینەوەی زیاتری زانستی لێوە فێرببن.
دەقاودەق ئەو پەیامانەش كە دەوڵەتەكان بۆ یەكتری دەنێرن، ئەوانەی خاوەنی دەوڵەت نین لێیان تێناگەن و، ناتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن. كورد ڕێك وەكو ئەو بوونەوەرەی لێهاتووە كەلە تەنیشتیدا بە لەرەی بەرز پەیام ئاڵوگۆڕ دەكرێت، بەڵام گوێچكەی ئەم توانای بیستنی ئەو لەرە بەرزانەی نیە، هەر بۆیە كاتێ ئەنجامەكانیش لەسەر زەوی دەبینێت، شۆك دەبێت و پێی وایە خیانەت وغەدری لێكراوە.
لەوەدا كورد لۆمەی ناكرێت، بەڵكو لەوەدا لۆمەی دەكرێت كە نە سەدەكانی پێشوو توانی دەوڵەت دروست بكات، نە ئەم سەدەیەش جوڵەیەكی ڕاستەقینە بەو ئاراستەیە دەكات. ئەوەش بڕاوەتەوە كە تاكو دەوڵەتی نەبێت، ناتوانێت لە ئاڵوگۆڕی ئەو جۆرە سیگناڵانەدا بەشداربێت كە پەیوەندییان بەچارەنوسی ناوچەكەوە هەیە.
ئەم چەند ڕۆژە مەترسییەكی زۆر گەورە لەناوچەكەدا هەیە، مەترسییەكە بەڕادەیەك گەورەیە سێ وڵاتی گەورەی وەكو توركیا، پاكستان و سعودیە، كەلە چوارچێوەی “هاوپەیمانی مەككە”دا خۆیان ڕێكخستووە، گەیشتنە تاران و، لەگەڵ “موحسین ڕەزایی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێراندا كۆبوونەوە.
هەر ڕۆژی دواتریش كە ساتەوەختی نوسینی ئەم چەند دێڕەیە، موحسین ڕەزایی لەدوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ هاوپەیمانی مەككەدا، سەردانی ڕێبەری باڵای ئێران “موجتەبا خامنەیی” كرد و، پەیامە گرنگەكانی پێدا.
لەوسەری هاوكێشەكەشەوە، هەموو جیهان لەچاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئیسرائیلدا واقی وڕماوە، چونكە ترامپیش نەیشاردۆتەوە كە پێویستی بەدەرچوونەوەی ناتانیاهۆیە، بۆ ئەوەش كە ڕاستڕەوەكانی ئیسرائیل ” لەسەرویانەوە ناتانیاهۆ” دەربچن، پێویست بەوە دەكات دەنگدەری ئیسرائیلی قەناعەت بكەن بەوەی ئێران مەترسییەكی جیدیە و پێویستە هێرشی بكرێتەوە سەر!.
سەیری هاوكێشەكە بكە. لە هەردوو سەرەوە، دەكوڵێت و ناوچەكە لەبەردەمی مەترسییەكی گەورەدایە، ئیبراهیم عەزیزی گوتی: ئەمجارەیان لەكەمتر لە كاتژمێرێكدا وادەكەین خاكی ئیسرائیل بۆژیان دەستنەدات! ئەمەش بەمانای هەڕەشەیەكی نا تەقلیدی دێت.
لەبەردەم ئەم هاوكێشە مەترسیدارەدا، هاوپەیمانی مەككە دەگەنە تاران و، دەرهاویشتەی كۆبوونەوەكەیان وەكو لە ڕاگەیەنراوی كۆتاییدا نوسرابوو، جەختكردنەوەی بوو لە “ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە” لایەنی ئێرانی بەخودی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشیشەوە دەڵێن بابەتی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە لەلایەن وڵاتەكانی ناوچەكەوە گەرەنتی و سەرپەرشتی دەكرێت!. ئایا ئەمە مەترسیی نیە؟ كورد كەلە ئاستی شەقامدا وەك هەمیشە مەترسییەكانی پێ “فشە”یە، ئەی بۆچی لەئاستی میدیا و بژاردەی سیاسی و بڕیاردەریش مامەڵەی لەگەڵدا ناكەین؟

