رۆژنامەی ھەولێر

عەلی ئەسڵان: شیعر وەكـ دەروازەیەك بۆ مەرگەسات

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
فیلمساز و شاعیری عێراقی (عەلی ئەسڵان) لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٠ی شاری (بابل)ە. هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ڕاگەیاندن « زانکۆی مستەنسرییە». لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمی دیكۆمنتاری کار دەکات. لە ساڵی ٢٠٢١دا یەک کۆشیعری لەلایەن «دار النهچە العربیە» لە بەیروت بە ناونیشانی «فاڵچییەک لە دارستانی خوێندا- پێشبینییەکانی سوورە» چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
عەلی ئەسڵان شیعر وەک ڕازاندنەوەی ڕەوانبێژی یان ڕازاوەییەکی زمانی نانووسێت، بەڵکو دەیکاتە دەروازەیەک بۆ مەرگەسات و ڕووبەرێک بۆ ڕەتكردنەوەی توندوتیژیی ڕۆژانەی ژیان.. عەلی ئەسڵان بە شێوەیەكی هونەری توندوتیژی و گاڵتەجاری ئاوێتەی یەكتر دەكات؛ هەوڵ دەدات فاڵ بۆ گەلێكی سەرگەردانی نێو وێرانە و شەڕەكان بگرێتەوە. زمانێکی پەخشانیی پڕ لە وێنەی داھێنەرانە و مێتافۆری شۆکهێنەری هەیە.
پێیوایە شیعرییەتی شاعیری عێراقی ناكرێ لە ژیان بكەینەوە، چونکە ژیان خۆی بنەما و کەرەستەی خاوی شیعر و شیعرییەتە؛ شیعر خۆی لە ژیانەوە هەڵدەهێنجێت و تینوێتیی خۆی بە ژیان دەشکێنێت. شیعری عێراقی، لە دوای هەرەسێنانی ڕژێم و ئەو پشێوییەی وڵاتی گرتەوە تووشی وەرچەرخانێكی سەرنجڕاکێش بووەوە. بەڵام پرۆسەی نووسینی شیعری لەلای شاعیر تەنها تۆمارکردنەوەی مەرگەساتەكان نییە، بەڵکو بە مانایەک لە ماناکان گۆڕینییەتی بۆ درامایەکی گەردوونیی ئەوتۆ کە لە سنووری هۆز و تیرە و نەتەوە نەمێنێتەوە. بەم جۆرە بە بێگەردییەکی ڕەوان و لەڕێگای «خوێن»ەوە، مرۆڤی عێراقی وەک پاڵەوانێکی ئەفسانەیی دەخاتە دوای گیای نەمریی، هەموو ئەو گاڵتەجاڕییە لە شیعرەكانیدا ڕەنگیداوەتەوە!
لە وتووێژێكدا لەگەڵ «العربی الجدید»دا دەڵێت: شیعری نوێ بە لای منەوە پێویستی بە ڕازاندنەوەی زمانی و گەمەی ڕەوانبێژی نییە. شیعر خۆی مێشک و چاوی هەیە. هەروەها من بڕوام بە ناونانی «نەوەی ئەدەبی» نییە؛ ئێمە هەموومان سەرەڕای جیاوازییەکانمان فەزای یەكـ كەلتوور و ڕوانین کۆمان دەکاتەوە؛ بۆیە بڕوام بەم ناونانە نییە.
لەبارەی خوێندنەوەوە دەڵێ، چاوم بە هەرچییەکی ئەدەبی بکەوێت دەیخوێنمەوە؛ من لە خوێندنەوەدا دژی بەرنامەڕێژیم؛ چونكە هیچ پلانێكـ لەپێناو چێژدا بوونی نییە؛ لە خوێندنەوەدا هەمیشە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە چێژ دەگات. بە ئینگلیزی دەخوێنمەوە، و پلانم هەیە لە داهاتوودا فەڕەنسی فێر ببم.
لەبارەی كۆمەڵە شیعری “فاڵچییەک لە دارستانی خوێندا– پێشبینییەکانی سوورە” دەڵێ، ئەو كۆمەڵە شیعرە زۆرتر کەسییە؛ واتە لە گۆشەنیگایەکی کەسییەوە دەست پێ دەکات و دواتر نوقمی وردەکاریی بێزارکەرانە و ئەبستراكـ دەبێت، تا لە فۆرمی قەسیدە، کورتە شیعر، دەق و وێنەی شیعریدا خۆی دەبینێتەوە؛ هەر وێنەیەكـیش خاوەنی سەربەخۆیی و بنەمای تایبەتی خۆیەتی و لەگەڵ خاوەنەکەیی و دەوروبەرەكەیدا مامەڵە دەکات. قەسیدەكانی گێڕانەوەیەکی هەواڵ ئامێزە و پڕە لە توخمی هەستیار و فەزای غەریبانە؛ فەزایەک کە شاعیر وەک “خاوەن دەق” دوور دەخاتەوە و دەیگۆڕێت بۆ خودی ئەو ناوەڕۆکەی کە پێشکەشی دەکات؛ ئەگەرچی فاڵگرەکە شاعیرەکەیە؛ دارستانەکەش نیشتمانە خنکاو و سەربڕاوەکەی شاعیرە، کە لە هەرێمێكەوە بۆ هەرێمێكی دیكەی دەبات، بەڵام ڕەوش هەمان ڕەوشە، قوربانی هەمان قوربانییە و دیمەنەکەش تەنها خوێنە..

(چەند كۆپلەیەكـ لە شیعرەكانی عەلی ئەسڵان)

«ڕقی منداڵانە»
ڕقم لە هەرچییەکە خەمبارت بکات، دایە!
لەوانەی شین بۆ (حوسێن) دەگێڕن،
ڕقم لەو خاکەشە کە خۆشت دەویست،
لە نەخۆشیی شێرپەنجە،
کە جەستەی تۆی کردە
ژەمەخۆراکی خێرا بۆ (عیزرائیل)،

لەو دارخورمایەی بە تەور هەڕەشەی بڕینت لێ کرد
تاکو بەرت پێ ببەخشێت؛
بەڵام شێرپەنجەت دەلاواندەوە!
ئاخر نەخۆشی بوو؛
تۆش لە دارخورما بێکەسەکەماندا دەتبینییەوە..

ڕقم لەو تەنوورەیە..
کە بە کونیلەی پێستت، بابۆڵەی سووتاوی دروست کرد؛
ڕق؛ كەللا شووشەیە
بە ئازارەکانم نەخشێنراوە،
لە گیرفانمدا دەیشارمەوە،
لە ڕوخساری ڕێبوارانی ناو یادەوەریمدا دەیدۆزمەوە،
بە کیسەی خوێن و پلازما دەینەخشێنم،
نەخۆشخانەش
لە پێیەکانم ڕادەكات..
یاخود..
من خۆم،
وا لە ڕقی خۆم ڕادەكەم!

«شەوێک هەردەبێ بێت»

ئەمشەو؛
قاپە عەرەقە خەستەكە بەتاڵ دەبێت،
هەموو ئەو بێگانانەش وەئاگا دێنەوە،
بەڵام زەردەخەنەکەم لەگەڵ دوایین دڵۆپدا دەخەوێت..
وەک تەسبێحی پیرەژنێک
لە کورسییەکە شۆڕ دەبمەوە،
قاچەکانم ڕادەکێشم، زەوی دوور دەكەوێتەوە؛
ئەمشەو؛
ماڵەكەم كێشم دەكات و
بەختەوەریش لە نزیکترین مەیخانە
چاوەڕێمە،

ئەمشەو
هەموو ئاگادارییەکانی کات دەخوێنمەوە،
هەموو كەوتنی شانەکانم بەسەر دیواری هەوادا دەژمێرم،
داوای لێبوردن لە هەوا دەکەم:
«خۆشم دەوێیت ئەی هەوا،
خەمبارم کەوا بە کێشم دێم و بارت قورس دەكەم!»

کچە شەیداکەم بە زمان ماچ دەكەم،
ئەو کچەی كەوا ڕێزمانە؛
پێی دەڵێم:
«هەر هەڵەیە. دەقەکانمان دەخوڵقێنێ.»

«فەزایەكی دووکەڵاوی»

تەنیا و بێکەس
شەق لە بومبی سەپێنەری ئەسرین دەدەین؛
ئەوە تەنها تۆپی پێیە كە دەیناسین!
هەندێک بە قاچ لێی دەدات و
هەندێک بە سەر..

تۆپی پێیە
دەمانکوژێت
هێشتا کاڵە و خڕیش نەبووە..

بە جەماوەرێکی جیاواز و
تیمێکی زەبەلاحەوە،
بە سەعاتی دوورودرێژ
بێ ماندووبوون و بێ ئەنجام
یاریی دەکەین..

بێجگە لەوە،
خۆشییەکی دیكە ناناسین
مردن نەبێ؛
یارییەکەش قەت تەواو نابێت.

سەرچاوەكان:
-بڕوانە ئینتەرنێت: علی أصلان فی “عرّاف فی غابە الدّم”. الشّعر بوّابە الفجیعە
7 یولیو 2022، محمود وهبە.
– مبعدونَ عن متن المدینە. نصوص- علی أصلان.
– سأنامُ مُبكِّراً فی لیلتی الأخیرە. نصوص- علی أصلان