رۆژنامەی ھەولێر

ئایا كتێب … كاڵایــــــــــــــــە

سەدیق سەعید ڕواندزی
كاڵا و كەرستە و كەلوپەلەكان، بەشێكن لەو پێداویستییە سەرەكی و لاوەكیانەی ژیان، كە مرۆڤ بە پێی بارودۆخ و پێداویستی و بەكارهێنانیان، بەكاریان دێنێت. واتا كاڵاكان، بە پێی پێداویستی مرۆڤ لە ژیاندا دەستەبەر دەكرێن. كاڵاكان بە گشتی، بەهایەكی دیاریكراویان هەیە، كە لە نرخە ماددییەكەیان بەرجەستە دەبێت، واتا هەر كاڵایەك، نرخێكی بە پێی جۆر و كواڵیتی و پێویستی ژیان هەیە، ئەمەش سەودا و مامەڵەی لە نێو بازاڕەكاندا، وەك هاوكێشەیەكی ئابووریی و بازاڕی پێ دەكرێت. هەر كاتێكیش مرۆڤ پێویستی بەو كاڵایانە نەما، یاخود رێکەوتی بەسەرچوونیان تێپەڕی، بێگومان پێویستی پێیان نامێنێت و بەكاریان ناهێنێت، كەواتا دەكرێ بڵێین كتێبیش وەك هەر كاڵایەكی دیكەی بازرگانی كاڵایە؟ ئایا دەكرێ ئێمە رێکەوتێكی بەسەرچوون لە هەنبانەبۆرینەکەی مام هەژار بدەین، وەك ئەوەی لە كاڵاكان هەیە؟ لە ڕاستیدا، هەڵەترین و نالۆژیكترین ڕوانین بۆ كتێب ئەوەیە، كاتێ وەك كاڵایەك پێناسە دەكرێت، كتێب كە سەرچاوەی مەعریفە و پێشكەوتن و كرانەوەی كۆمەڵایەتییە، نەك هەر نابێ وەك كاڵا ببینرێن، بەڵكو دەبێ جۆرێك لە پیرۆزیشی پێ بدرێت، چونكە سەرچاوەی هۆشیاریی تاكەكان و ڕۆشنبیركردنی كۆمەڵگەیە. زمان و وشە و نووسین، كارێك نین، بە پێوانەیەكی بازرگانی و ماددی ببپێورێن! دنیای كتێب، دنیای كاڵا بێئەرزش و بێكوالتییەكانی ژیان نییە تا كتێبیش كاڵا بێت، بەڵكو لە كتێبدا، مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ هزر، لۆژیك و ئەقڵ دەكات، كە ڕۆڵێكی هەرە بنەڕەتی و سەرەكییان لە پێشكەوتن و كرانەوە و هۆشیاربوونەوەی تاك هەیە. ڕاستە كتێبیش، كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت، بەڵام ئەمە مانای وانییە، كە كتێب وەك ئوتومبێل، خانوو، گیسكی ماڵ، بەفرگر و كاڵایەكی دیكەیە. بەهای كتێب لەو نرخە ماددییەدا نییە كە بۆی دیاری كراوە، بەڵكو كتێب، بەهایەكی سمبولی و فەرهەنگی گەورەی هەیە، كە بە هیچ شتێك پێوانە ناكرێت! ئێمە كاتێ كتێب وەك كاڵا دەبینین، ئەوا جیاوازی لە نێوان هەنبانە بۆرینە و شێرەیەكی ئاو ناكەین! جیاوازی لە نێوان ئەی ڕەقیب و چاویلكەیەك ناكەین، كە بۆ جوانی و فیزەوە لە چاوی دەكەین! كتێب سەرچاوەی مەعریفەیە، بەهایەكی ماددی نییە تا بشێ وەك كاڵا بیبینین، بەڵكو كتێبگەلێك هەن، بارتەقای هەموو كەلەو پەل و پێداویستیەكانی ژیانی مرۆڤایەتی بە زیادەوەش دەبن. مەگەر ڕۆمانەكانی دیستۆفسكی، بە بەهای پارە و نرخ و دەپێورێن؟ مەگەر شیعرە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەكانی هێمن و پەشێو و شێركۆ، دەشێ نرخێكیان بۆ دابنێین؟ بەروارێكی ئێسكپاپەربوونیان لێ بدەین، كە لە كاڵاكانی تردا هەیە؟! كتێبگەلێك هەن، تا مرۆڤایەتی ماوە، دەمێنن و دەخوێنرێنەوە، ئەمە بۆ فەرهەنگی كوردیش دروستە، مەگەر چەند چێشتی مجێوری دیكە و هەنبانەبۆرینەی دیكە نووسراون و كتێبخانەی كوردیان دەوڵەمەند كرد؟ بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا، ساڵانە چەندین جار مۆبیلیاتی نێو ماڵ و ئوتومبێل و مۆبایلی دەستی بە مۆدێلی نوێتر و سەرووتر دەگۆڕدرێن، بەڵام دەتوانین كتێب وا لێ بكەین؟ دەتونین شیعرەكانی هێمن و هەژار بە مۆدێلی نوێتر بگۆڕینەوە؟ بۆیە نابێ وەك كاڵا بڕوانینە كتێبدا؛ ئەوانەشی كتێب وەك كاڵا دەبینن، چونكە وەك هەر كەرستەیەكی دیكە، دەكڕدرێت و دەفرۆشرێت، ئەوا بەهای كتێب لەو سەودا و مامەڵە بازرگانیە دەبیننەوە نەك ناوەڕۆكی مەعریفی و ڕۆشنبیریان. ئێمە كۆمەڵگەیەكین، بەو شێوەیە دەڕوانینە كتێب، بۆیە لە پەراوێزترین پێداویستییە هزری ودەروونی و ڕۆشنبیرییەكانی ئێمە دایە، بە جۆرێك لە نێوان مزگەوتێك و مزگەوتێكی دیكەدا، یەكێكی تر هەیە، لە نێوان ڕێستۆرانتێك و یەكێكی دیكەدا، یەكێكی تر هەیە، بەڵام چەند كتێبخانە هەن؟ بە داخەوە ئێمە ناخوێنینەوە، كتێب وەك كاڵا دەبینین، بۆیە خوێنەوە نەبۆتە كولتوور لە كۆمەڵگەی ئێمە، كۆمەڵگەیەكیش نەخوێنێتەوە، هەرگیز تاكەكانی هۆشیار نابنەوە. گەر شاشە سەرچاوەی هۆشیاربوونەوە بووایە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوا دەبوو ئێستا ئێمە لە ژاپۆن پێشكەوتووتر باین، چونكە هەموو كەسێك دوو مۆبایل و سێی پێیە، بەڵام ئێمە چی دەبینین؟ بۆیە كتێب سەرچاوەی مەعریفە پێشكەوتن و ژیاریبوونە.