رۆژنامەی ھەولێر

نەجمەدین غوڵامی کۆنسێرتێک ساز دەکات

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، کۆنسێرتێکی هونەری لە 29ی تشرینی یەکەمی 2026، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی ساز دەکات، کە تێیدا کۆمەڵێک لە بەرهەمە کۆن و نوێیەکانی پێشکەشی جەماوەر دەکات.

نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد بۆ هەولێر گوتی: من لە سەرەتای رێچکەی هونەریمەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانی گەلەکەم دا ژیاوم و بەشدار بووم. لە هەموو بۆنە و قۆناخێکدا هەمیشە هەوڵم داوە کار و بەرهەمی نوێ پێشکەش بکەم، چونکە بڕوام وایە هونەر واتە بەردەوامی.
غوڵامی سەبارەت بە پەیوەندی قووڵی لەگەڵ جەماوەردا گوتی: پەیوەندیی قووڵ لەگەڵ جەماوەر و هاوبەشیکردنی ئازار و خۆشییەکانی گەلەکەم، رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییەدا هەبووە. لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانی گەلەکەم دا، هەوڵم داوە رووداوەکان لە رێگەی سروود و گۆرانییەوە بگێڕمەوە و ببمە دەنگی هەست و سۆز و ئازارەکانیان.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکەی، غوڵامی دەڵێت: کۆنسێرتەکەم تێکەڵەیەک لە بەرهەمە کۆن و نوێیەکانم دەگرێتەوە و گۆرانییەکانم وەک هەمیشە پەیامی تایبەتیان بۆ جەماوەر و خۆشەویستانم هەڵگرتووە. بەشێکی گرنگی بەرهەمەکانم هەڵگری هەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوەییە و پەیامم ئاراستەی دۆست و دوژمنانی گەلی کورد کردووە. هەروەها بە گۆرانییەکانم وەفاداریی خۆم بۆ بنەماڵەی شەهیدان و قوربانییانی گەلی کورد دەردەبڕم.
غوڵامی لە نێوان رەسەنایەتی و نوێبوونەوەی هونەری کوردیدا گوتی: من پێم وایە گۆڕانکارییەکانی سەردەم کاریگەرییان لەسەر هونەر هەیە و هونەرمەند دەبێت بتوانێت خۆی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێنێت، بەبێ ئەوەی لە رەسەنایەتی و ناسنامەی هونەری خۆی دوور بکەوێتەوە. هونەرمەند بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دروست بکات، پێویستە کۆمەڵگە بە وردی بخوێنێتەوە و تێبگات کە گوێگرانی لە چی دەگەڕێن، چونکە تێگەیشتن لە پێویستییەکانی کۆمەڵگە و پێشکەشکردنی بەرهەمی گونجاو لەگەڵ سەردەم دا، دەتوانێت رێگە بۆ گەیشتن بە جەماوەرێکی فراوانتر خۆش بکات.
نەجمەدین غوڵامی باسی لەوەش کرد: من گۆرانییە رەسەنەکان بە بەشێکی گرنگ لە یادەوەریی کۆمەڵگە دەزانم، چونکە ئەم بەرهەمانە رەنگدانەوەی ژیان و هەست و سۆز و زمانحاڵی خەڵکن. بۆیە، تەنانەت بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی سەردەمیش، هەندێک گۆرانی هەر لە دڵی خەڵکدا دەمێننەوە و بۆ نەوە دوای نەوە دەگوازرێنەوە.
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی گوڵشەنی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە رێگەی رادیۆی سنە و کرماشانەوە دەستی کردووە بە گۆرانیوتن. نەجمەدین غوڵامی ھەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باوکی و مامیدا کە ھەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووەتە ناو جیهانی ھونەرەوە. غوڵامی بەیارمەتی ھونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی کورد “عەباسی کەمەندی”، لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرھەمی خۆی تۆمار کردووە و تا ئێستا 23 ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە.