دکتۆر ڤالا فەرید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئامادەیی فراکسیۆنی پارتی پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان کردووە و تیایدا پێی دەڵێت: دەستپێكردنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان ئەركی بەرێزتانە و پێویستە ئەو ئەركە بێ مەرج و كۆت جێبەجێبكەن و هیچ بیانوو نییە بۆ دواخستنی زیاتری کۆبونەوەی پەرلەمان. هەروەها جەخت دەکاتەوە: ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی ئامادەین بۆ دانیشتن و كاراكردنەوەی پەرلەمان.
ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەم، د. ڤالا فەرید ڕایگەیاند: “دەستپێکردنەوەی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و تەواوکردنی ڕێکارەکان، ئەركی بەرێزتانە و پێویستە ئەو ئەرکە بێ مەرج و کۆت جێبەجێ بکەن.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە هەر لایەنێک ئامادەی دانیشتنەکان نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر مێژوو و خوێنی شەهیدان، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەکان قبوڵکراو نییە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، د. ڤالا فەرید ئامادەییی تەواوی فراکسیۆنی پارتی بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان دووپات کردەوە و گوتی: “بفەرموون بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکەن بۆ تەواوکردنی دانیشتنی یەکەم، ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی ئامادەین.”

