سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا پڕۆژەی “فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان”ـی ڕاگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد بە پێشکەشکردنی زانیاری و وێنە ببنە بەشێک لە پاراستن و بەدۆکیۆمێنتکردنی ژیانی سروشتیی کوردستان و گوتی: هیوادارم هەموومان بە کولتووری پاراستن و پەرەپێدانی ژینگە پابەند بین و ڕێز لە سروشت و ژینگەی خۆمان بگرین.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی تابیەتدا پڕۆژەی (فرەچەشنیی زیندەیی لە کوردستان) ڕاگەیاند، کە دەستپێشخەرییەکی گرنگی دامەزراوەی (کوردستان فاوندەیشنە) بۆ تۆمارکردن و ناساندنی ئاژەڵ، ڕووەکی ناوچە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، دواتریش لێکۆڵینەوە لەسەرکردن و پاراستنیان.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا داوای لە هاونیشتمانیانی کوردستان کرد کە بە زانیاری و سەرنج و پێشنیار و وێنە و بەڵگەنامە سروشتییەکانيان، هاوکاری ئەم دەستپێشخەرییە بکەن و ببنە بەشێک لە ناساندن و بەدۆکیۆمێنتکردنی ژیانی زیندەیی لە کوردستان و پاراستنی سروشتەکەی.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەخێرهاتنی هەموو بەڕێزان دەکەم، زۆر بەخێربێن و خۆشحاڵم لەگەڵتان ئامادەم
ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ و ناوازە و تایبەت ڕادەگەیەنین کە فرەچەشنی زیندەییە لە کوردستان و دەستپێشخەرییەکی دیکەی گرنگی دامەزراوەی کوردستان فاوەندەیشنە بۆ تۆمارکردن و ناساندنی ئاژەڵان و ڕووەکەکان و ناوچە گرنگەکانی لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ و دواتر لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کردن و پاراستنیانە.
ئەم دەستپێشخەرییە، هەنگاوێکی زۆر گرنگە بەرەو زیاتر بە جیهان ناساندنی پێکهاتە جیاوازەکانی سروشتی ڕەنگین و دەوڵەمەندی کوردستان. بۆیە دەستخۆشی لە ئەنجامدەران و سەرپەرشتیاران و ڕاوێژکاران و تەواوی کارمەندانی ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم و هەموو پشتیوانییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە.
بەڕێزان، خودای مەزن سروشتێکی جوان و دڵڕفێن و ڕازاوەی بە کوردستان بەخشیوە، بەڵام بە داخەوە بە هۆی شەڕ و هێرش و پەلاماری دوژمنانی کوردستانەوە، ئەم سروشتە جوانەی کوردستان، لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی وێرانکاری و تێکدان و شێواندنی زۆر بووەتەوە. بە تایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە هەزاران گوند و دێهاتەکانی کوردستان سووتێنران و وێرانکران. شاخ و کانیاو و هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان تەقێنرانەوە و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و دارستانەکانی لە ناوبران و چەکی کیمیاوی و قەدەخەکراو لە دژی خەڵك و سروشتی جوانی کوردستان بەکارهێنرا.
هەرچەندە لە دوای ڕاپەرینی شکۆداری ئاداری 1991، بەشێکی زۆری گوند و دێهاتەکانی کوردستان ئاوەدانکرانەوە و بە پێی توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە، بەڵام هێشتاش پێویستی بە خزمەتگوزاریی زیاتر و پاراستن و پەرەپێدانە.
بێگومان پاراستنی سروشت وژینگەپارێزی تەنیا ئەرکی حکومەت نییە؛ بەڵکوو دەبێ تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان کار بۆ پاراستنی ژینگە کار بکات، چونکە موڵکی گشتی هەموومانە. ژینگەپارێزیش، تەنیا پاك و خاوێنڕاگرتنی ژینگە نییە، بەڵكو پاراستنی دار و درەخت و ئاو و دارستان و ئاژەڵەكانیشە و هیوادارم ئێمە هەموومان بە کولتووری پاراستن و پەرەپێدانی ژینگە پابەند بین و ڕێز لە ژینگەی خۆمان بگرین و وەك ماڵی خۆمان بیپارێزین.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەم پڕۆژەیەش، دەبێتە دەستپێشخەریەک گرنگ بە ئاراستەی زیاتر پاراستن و ناساندنی ژینگە و سروشتی کوردستان بە شێوەیەکی هاوچەرخ و زانستنیانە و دەبێتە سەنتەر و سەکۆیەکی باوەڕپێکراو دەربارەی فرەچەشنیی زیندەیی لە هەرێمی کوردستان، کە ئامانج لێی پاراستنی درێژخایەنی ژیانی کێوی و زیندەوەرە سروشتییەکانی کوردستانە. بە تایبەتیش ئێمە ئێستا لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوادا دەژین کە کێشە و ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکی گەورەی ڕووبەڕووی ناوچەکەمان و جیهان کردووەتەوە و پێویستە بە هەموو شێوەیەک، خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانە ئامادە بکەین.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوا لە هاونیشتمانیانی کوردستان بکەم کە بە زانیاری و سەرنج و پێشنیار و وێنە و بەڵگەنامە سروشتییەکانيان، هاوکاری ئەم دەستپێشخەرییە بکەن و ببنە بەشێک لە ناساندن و بەدۆکیۆمێنتکردنی ژیانی زیندەیی لە کوردستان و پاراستنی سروشتەکەی .
لەم پڕۆژە نیشتمانییەدا، داتای توێژەران و سەرچاوە زانستییەکان و وێنەکان لە ڕێگەی ماڵپەڕی biodiversity.krd و نەخشەی زیندووی زیرەک دەخرێنەڕوو، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی هاوبەش بۆ توێژەران و دامەزراوە ئەکادیمییەکان و فێرکردن، هۆشیاری و پلاندانان کە تێیدا سەرچاوە و خاوەنی وێنەکان نیشان دەدرێن و کەمـــوکوڕییەکان بە ڕوونی دەخرێنە ڕوو.
وەک هەنگاوێکی زانستی بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەمەندیی سروشتی هەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژە تایبەتە جێبەجێ کراوە، کە تێیدا کۆی گشتی ئەو جۆرانەی تا ئێستا تۆمار کراون گەیشتووەتە 2252 جۆر، کە پێکدێن لە 858 جۆری ئــاژەڵ و ١1408 جۆری ڕووەک. بۆ بەئەنــجامــگەیانــدنی ئەم کارە گەورە نیشتمانییە و دیاریکردنی جۆرەکان، تیمێکی شارەزا و فرەبوار کاریان تێدا کردووە کە پێکهاتوون لە: هەشت ئەندامی تیمی یەکەی کەشوهەوا، هەشت توێژەر چوار وێنەگر و دوو نووسەر لەگەڵ ڕاوێژکاری تایبەت بە پڕۆژەکە.
ئەوەی من ئاماژەم پێ کرد، لێرە زیاتر گرنگی بە هەرێمی کوردستانی عێراق دراوە و زۆربەی ئەو تۆمارکراوانە هی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و سنووری ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقن؛ بەڵام بە دوور لە سیاسەت هەر شوێنێک کە خاکی کوردستان بێت، هیوادارم ئێوە گرنگی پێ بدەن و ئەو ئاژەڵ و رووەکانەی کە لە هەر بستێک لە خاکی کوردستان بوونیان هەبێت ئەوانیش تۆمار بکرێن. چ لە هەرێمی کوردستان، چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دەوروبەر. لە هەر شوێنێک کە خاکی کوردستان بێت، هیوادارم گرنگی پێبدەن و ئەو زانیاریانە، ئەو داتایانە کۆبکرێنەوە و ئەمە وا دەکات لە ڕووی زانستییەوە زانیاری زیاتر، داتای زیاتر بخرێتە ڕوو و گرنگی بەو سامانە سروشتییە گرنگە بدرێت کە بۆ هەموومان گرنگە.
ئەرکێکی تر، نەک تەنیا تۆمارکردنە بەڵکوو پاراستنی ئەم ئاژەڵ و ڕووەکانەیە. پاراستنیشیان ئەرکی هەموومانە؛ هی حکوومەتە، هی تاک تاکی هاووڵاتیانە، هی هەموو کەسێکە کە ژینگەدۆستە و ڕێز لە ژینگە و سروشت دەگرێت.
جارێکی دیکە دەستخۆشی لە کارمەندان و تەواوی ستافی ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
کوردستانمان ئاوەدان و ئومێدەوارم هەموومان بەشێک بین لە پڕۆژەی پاراستنی سروشتی ڕەنگینی کوردستان. دەستان خۆش بێت.

