بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە دوو تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوی تەقەکردن لە ماڵی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی 99ـی زانکۆی شاری هەولێر دەستگیر کراون، یەکێکیان کەسایەتییەکی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش، ڕووداوەکە لە ڕێکەوتی 29/09/2026 ڕوویدابوو کاتێک کەسێک بە ماتۆڕسکیلەوە تەقەی لە ماڵی هاووڵاتی (فاتمە ئیبراهیم) کردبوو. لەسەر ئەم کەیسە، تیمی تاوانی ئاسایش دەستبەجێ بەدواداچوونی دەستپێکرد و ناسنامەی تەقەکەرەکەی بە ناوی (م، ع، ع) ئاشکرا کرد، کە دوای تاوانەکە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتبوو، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکرا.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ع، م، ف) دەستگیر کراوە کە کەسێکی ناسراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. بەپێی تۆماری کامێراکانی چاودێری، تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا لەگەڵ تەقەکەرەکەدا بووە و ماڵی ئەو هاووڵاتییەی پێ نیشانداوە، هاوکات تۆمەتبارە بەوەی پێشتریش هانی کەسێکی دیکەی داوە بۆ ئەوەی تەقە لە هەمان ماڵ بکات.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە کە کێشەکە بەهۆی بوونی ناکۆکی بووە لە نێوان تۆمەتبار (ع، م، ف) و کوڕی ئەو خێزانە بە ناوی (زرار). شایانی باسە (زرار) خۆیشی تۆمەتبارە بەوەی پێشتر تەقەی لە نووسینگەی خانوبەرەی تۆمەتبار (ع، م، ف) کردووە و لە ئێستادا بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لە تەواوی ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە بەردەوامە.

