عەبدولقەهار هەولێری – هەولێر
لە چوارچێوەی چالاکییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، بۆ کۆمەڵێک ئافرەتانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری ئەمستردام، ئاهەنگێکی کوردی پڕ لە خۆشی و دڵخۆشی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی هۆڵەندا بەڕێوە چوو.
بەرنامەکە بە بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن خاتوو ئامینە محمود دەستی پێ کرد. دواتر، بە ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی گەلی کورد و کوردستان، خولەکێک بێدەنگی بۆ یادیان تەرخان کرا. لە بەردەوامیی بەرنامەکەدا، مامۆستا سەباح مستەفا ساڵح، بە ناوی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، وتارێکی پێشکەش کرد و بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی کرد. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییانە و بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوڕێیەتی لەنێوان کوردانی دانیشتووی تاراوگە کردەوە.
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی ئاهەنگەکە، پێشکەشکردنی خواردنی کوردی بوو کە بە دەستی ژنان و کچانی کوردستانی دانیشتووی تاراوگە ئامادە کرابوو. ئەم بەشە، جگە لەوەی ڕەنگدانەوەی دەوڵەمەندیی کەلتووری و خواردنی کوردی بوو، نموونەیەکی جوانیش بوو لە خۆشەویستی، هاوکاری و هەوڵی ئافرەتانی کورد بۆ پاراستنی نەریت و کەلتووری نیشتمانی. لەم بارەیەوە، سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاراستەی خاتوو ئامینە مەحمود و هەموو ئەو ئافرەتانەی بەشداریان کرد بەم ئەرکە خوانە و پیرۆزە. بە ماندووبوون و دڵسۆزییەوە بەشدارییان لە ئامادەکردن و سەرکەوتنی بەرنامەکەدا کرد.
لە بەشی هونەریی بەرنامەکەدا، تیمی یەک وڵات بە پێشکەشکردنی هەڵپەرکێی کوردیی ڕەسەن، ڕەنگێکی تایبەتی بە ئاهەنگەکە بەخشی و جێگای ڕەزامەندیی ئامادەبووان بوو. پاشان، بەشداربووانیش بەشدارییان لە هەڵپەرکێ و سەما و خۆشییە کوردییەکان کرد و کەشێکی پڕ لە شادی و هاوڕێیەتییان خوڵقاند.
لە لایەکی دیکەوە، سەباح مستەفا کە دەکاتە یەکیک لە ئەندامانی بەرێوە بردنی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، کە ماوەیەکی درێژە لە تاراوگە دەژی، لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییانە کرد و هەروەها جەختی کردەوە و وتی: ئێمە کوردانی دانیشتووی تاراوگە پێویستمان بەوەیە بەردەوام پێکەوە کۆ ببینەوە، پەیوەندییەکانمان بپارێزین، لە یەکتر نزیک بین و لە کاتی پێویستدا یارمەتیی یەکتر بدەین. چونکە دووری لە نیشتمان نابێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە یەکتر و لە ناسنامەی کوردیی خۆمان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی زمان و کەلتووری کوردی لە تاراوگە ئەرکێکی گرنگی هەموو کوردێکە، بە تایبەتی لە ڕێگەی پەروەردەکردنی منداڵان بە زمانی دایک و ناساندنی مێژوو، نەریت و کەلتووری کوردی بە نەوەی نوێ. لەم ڕووەوە، لەبەر ئەوەی فێدراسیونی ڕەوەندی کوردستانی دەبێتە ماڵی هەموو کوردیستانیان و دەتوانێت ببێتە بنکەیەکی گرنگ بۆ فێرکردنی زمان و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی لە منداڵان و گەنجانی کورد.
ئەم ئاهەنگە جگە لە خۆشی و بەختەوەرییەکانی، دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشاندانی ڕۆڵی ئافرەتان و دامەزراوە کوردییەکان لە بەردەوامیی ژیانی کەلتووریی کورد لە هۆڵەندا.

