رۆژنامەی ھەولێر

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد

عەبدولقەهار هەولێری – هە‌ولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ئەوروپاییەکان، دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی، سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای کرد لە شاری بروکسل، پایتەختی بەلجیکا.

لە سەرەتای سەردانەکەدا، خاتوو ئەڤین ئینجیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە گرووپی سۆشیال دیموکراتەکان، پێشوازی لە شاندی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا، هەردوو لا لەبارەی گرنگیی بەردەوامکردنی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆیان کرد.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بوو. هەردوو لا لەسەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و گرنگیی بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی بۆچوون و گفتوگۆ لەسەر بابەتە هاوبەشەکان ڕایان گۆڕییەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، جەخت لەسەر گرنگیی پەیوەندییە بەردەوامەکان و هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە ئەوروپییەکان کرایەوە. ئەم پەیوەندیانە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە ناساندنی بارودۆخ و پرسەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی تێگەیشتنی هاوبەش لە ئاستی ئەوروپیدا بگێڕن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، پلانی کار و چالاکییەکانی داهاتووی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا و چۆنیەتیی بەردەوامکردنی پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا تاوتوێ کران. هەروەها گرنگیی بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی، فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش و بەردەوامبوونی دیدارە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ نوێنەران و کەسایەتییە کاریگەرەکانی دامەزراوە ئەوروپاییەکان خراوەتە ڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، ناساندنی زیاتری هەرێمی کوردستان و ڕوونکردنەوەی پرسە سیاسی و ئابوورییەکانی لە ناوەندە ئەوروپییەکاندا، یەکێکە لە گرنگترین ئامانجەکانی کار و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی نوێنەرایەتی هەرێم. بەردەوامبوونی ئەم هەوڵانە دەتوانێت دەرفەتی زیاتر بۆ دیالۆگ، تێگەیشتنی هاوبەش و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە ئەوروپاییەکان بخوڵقێنێت.
سەردانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسل، لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی چالاک و هەوڵەکانی هەرێم بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، گرنگیی تایبەتی هەیە. بەردەوامبوونی ئەم جۆرە دیدار و کۆبوونەوانە دەتوانێت ببێتە هۆی قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکان، فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو دامەزراوە و ناوەندە بڕیاردەرەکانی یەکێتیی ئەوروپا.