مەشخەڵ كەوڵۆسی
لە هەموو قۆناغەكانی مێژوودا، كاتێ كێشەكانی بەردەم دەوڵەتە گەورەكان گەیشتوونەتە بنبەست و، ئیدی هیچ ئومێدێك نەماوە بە چارەسەری دیپلۆماتی، ئیدی جەنگ هاتۆتە پێشەوە. هەروەها لەكاتێكیشدا كە دەوڵەتە گەورەكان هەستیان كردووە بەوەی “زیادە هێز” یان هەیە، ئیدی هەوڵیانداوە ئەو هێزەی هەیانە بۆ فراوانخوازی و دابینكردنی بەرژەوەندی و گۆڕەپانی نوێی هەژموون بەكاربهێنن.
بەواتایەكی تر: هەركاتێ ڕێسای هاوسەنگی هێز و، سڵەماندنەوە “ڕەدع”ی بەرانبەر تێكشكا، یەكێك لەدەوڵەتەكان هەستیكرد ناتوانێت لەڕێگەی دیپلۆماتییەوە بەرژەوەندییەكانی دابین بكات، ئیتر جەنگ دەبێتە تاكە ئۆپشنی بەردەست بەهیوای شكاندنی ئەو دۆخەی دەوڵەتەكەی تێكەوتووە.
لەم قۆناغەشدا زۆر بەئاشكرا دەبینین هەموو دۆسییە گەورە جیهانییەكان، لە دۆسییە ئەتۆمییەوە كەلە كێشەكانی ئێران و بەرانبەرەكانیدا ڕەنگ دەداتەوە، تاكو دەگاتە كێشەی قووڵ لە سێكتەری پیشەسازی و بازرگانی جیهانی و، بابەتەكانی پەیوەست بە “سەلاسلی تەورید” و ئاسایشی وزە و بازرگانی و پیشەسازی، مەسەلەی تەنگە ئاوییەكان لەدنیادا “وەك ئەوەی لە تەنگەی هورمز و بابلەمەندەب و دەریای باشوری چین لەنێوان فلیپین و چین” دەبینرێت…هتد، سەرجەم ئەو دۆسییانە بەبنبەست گەیشتوون و دیپلۆماسیەت ناتوانێت گرێكۆڵەكانیان بكاتەوە.
بۆیە بێ هیچ دوو دڵییەك و بەپشت بەستن بەكۆمەڵێك تێبینی و ئەرگۆمێنتی قووڵ، دەتوانین بڵێین: جیهان لەسەرەتاكانی جەنگی سێیەمی جیهانیدا دەژی و، هەركام لەهێزە گەورەكانی دنیا خەریكی تۆكمەكردنی هەژمونی خۆیانن وەك خۆئامادەكردنێك بۆ قۆناغەكانی داهاتوو.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەئێستادا بەنێو قووڵترین دەرهاویشتەكانی ئەو دۆخەدا تێدەپەڕێت كە وەك گوتمان پێشەكییەكانی جەنگی سێیەمی جیهانییە و، هەر لایەنێك دەیەوێت پێگەو هەژموونی خۆی بەهێزتر و قایمتر بكات و، لەو ڕووەوە هیچ لایەنێك ڕەحم بە بەرانبەرەكەی ناكات و، ئامادە نیە دەرفەتی هەستانەوەی پێ بدات.
پتر لە دەساڵە گوتەیەك لەنێوەندەكانی شیكاری ستراتیژیدا بڵاوە دەڵێت: هەركەس گوێی لە دەنگی تەپڵی سێیەم جەنگی جیهانی نەبێت، لەڕووی ستراتیژییەوە كەڕە!. واتە هەر دەوڵەت و قەوارەیەكی سیاسی تێنەگەیشتبێت كە ئەوەی ڕوو دەدات سەرەتاكانی جەنگی سێیەمی جیهانییە، دەبێ بگەڕێت بەشوێن ئەو خەلەلەی كەلە سیستەمەكەیدا هەیە و، دواجاریش چاوەڕوانی دەستكەوت و پێگە و بەركەوتەی دوای جەنگەكە نەبێت. چونكە ئاشكرایە قۆناغێكی مەترسیداری لەو شێوەیە، پێویستی بەوەیە ئامادەسازی بۆ بكرێت و، بەمانای وشە لەگەڵ پێدراو، پاساو، ئەكشن و ئەنجامەكانیدا مامەڵە بكەیت.
كورد پێویستە لەو ڕاستییە تێبگات كە: ناوچەكە دەگۆڕێت، سیستەمی نێودەوڵەتی ئەوەی ئەم دۆخەی كوردستانی بەرهەمهێناوە دەگۆڕێت، هەروەها سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات. ئینجا مەرج نیە هەرچی نوێ بوو لە كۆنەكە باشتر بێت! بەڵام مەرجە تۆ وەك نەتەوە، هەروەها وەكو قەوارەی سیاسیش لە وردترین پۆینتەكانی ئەم دۆخە نێودەوڵەتییە زۆر بەباشی تێبگەیت و خۆت ئامادە بكەیت بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو.
ئەم گۆڕانكارییە بەشێوەیەكی خاو دەچێتە پێشەوە، چونكە ڕێگرییەكانی زۆرن، هێزەكان بوار بەیەكتر نادەن چوونە پێشەوەی خێرا دروست ببێت، بۆیە نەخشەكان هەمووار دەكرێنەوە بەگوێرەی پێداویستی سەرزەوی، وەك ئەوەی ئەمریكا لەئێران و ڕووسیا لە ئۆكرانیا و چین لە تایوان دەیكات. بۆیە نابێ كاتێ نەخشەیەك دووچاری لەمپەری كاتی دەبێتەوە، یان تەسویەیەكی ڕۆژانە دێتە پێشەوە، ئیتر ئێمە پشتێنی لێ بكەینەوە و، پێمان وابێت هەموو شت تەواو، چونكە ئەو تێكگیرانەی هێز كە ئێستا لەجیهاندا هەیە، تەنها بە جەنگێكی گەورەی جیهانی و نەزمێكی نوێ چارەسەر دەكرێت. پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا كورد گوێی لەم دەنگ و ژاوەژاوەی تەپڵی جەنگەكەیە، یان هێشتا بە لۆژیكی بەزەیی و زمانی شەستەكانی سەدەی پێشوو سیاسەت دەكات و چاوەڕوانە بەرانبەرەكانی مافی پێبدەن؟

