رۆژنامەی ھەولێر

هیچ بوون لە چیرۆکی کچە شێتەکەی ئازاد خەمە

مەجید ڕەحمان
ئازاد خەمە لەو چیڕۆکەدا ژیان وعیشق وخۆشەویستی ودڵداری وسروشت و دەوروبەربەهیچ ناو دەبات، هەرچەند بەخۆی هونەرو شانۆی هەڵبژاردووە،کە پێویستە هەردەم باوەڕی بە ژیان و چارەسەری کێشەکانی هەبێت و لە مەیدانی شانۆ و هونەر بڕوانێته کێشەکان و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، کەچی هەموو شتێکی بەڕەشبینی و بێ ئومێدی وەرگرتووە، ئەوەش گەورەترین کێشەی ئەو مرۆڤانەیە کە ڕەشبینن لە ژیان.
مونتێن دەڵێ: من نووسینەکانم دروست ناکەم، بە ئەندازەی ئەوەی کە ئەوان منیان دروستکردووە.
ئەو چیڕۆکە کە هەرچەند نیوە چیڕۆکە و بابەتەگرنگەکەی لە کاتی تایپکردن پەڕیوە، بەتایبـەتی ئەو ڕۆڵەی کەبەسەر شێتەکانی شاری دابەشکردووە لە گۆڤارەکە نییە، بەڵام لەدەستنووسەکە هەیە.
پاڵەوان، کە خۆی نووسەری چیڕۆکەکەیە،وێنەی سروشتی دەوروبەری لە پەنجەرەی ژوورەکەی دەبـینێ و دەڵێت: وێنەیەکی جولاوی سینەمایی لە پێش چاوم هاتووچۆی دەکرد.
گێڕانەوە لەو چیڕۆکە گێڕانەوەیەکی خودییە، چونکە هەربەخۆی قسەکەرە و باسی هاتنی کچەکە دەکات و هەر بە خۆی دوو قۆڵی وەک دوو کاراکتەری سەرشانۆ حیوارەکان دروستدەکات، چونکە ئازاد خۆی شانۆکارو ئەکتەرە.
ئەمشەو هاتووم باسی عیشق و خۆشەویستیم بۆ بکەی،لێرەدا گفتوگۆیەک ڕاستەو خۆ لە بەینی
دوو کەس ڕوودەدات وکاراکتەرەکان ڕاستەو خۆ دەدوێن، ئەوەش پێی دەڵێن: گفتوگۆی ڕاستەوخۆ.
وایلد دەڵێ: ژیان هونەر دەدوێنێ زیاتر لەوەی کە هونەر ژیان بدوێنێ، هونەر نابێ دژی ژیان بێ، بەڵکو تەواوکەرەکەیەتی.
کچەکە بەخەیاڵ دێتە لای پێی دەڵێت: هاتووم باسی عیشق وخۆشەویستیم بۆ بکەی،
وەڵامی پاڵەوان: خۆشەویستی بەرەو دۆزەخت دەبات،بەڵام عیشق بەرەو بەهەشت، لێرەدا نووسەر دژی ژیان و خۆشەویستی بیر دەکاتەوەو زۆر ڕەشبینە، بەڵام لە ڕاستیدا کاتی دوو دڵدار بەیەک دەگەن وا هەستدەکەن لە ناو باخەکانی بەهەشت گوزەر دەکەن،بۆ دەبێ خۆشەویستی بەرەو دۆزەخت ببات؟
خۆشەویستی بۆ دڵ ئازار دەدات؟ بۆ ماچ عیشق ژەهراوی دەکات؟ ماچکردنی دوو کۆتر، دوو باڵندە، دوو عاشق لەگەڵ یەک ترۆپکی خۆشەویستییە، ئەگەر ماچ عیشق ژەهراوی دەکات بۆ هێشتت دەمی بخاتە ناو دەمت؟
لێوی لەسەر لێوم دانا، دەمی خستە ناو دەمم، وام هەستدەکرد هەنووکە زمانم لە بنەوەڕا دەردێنی و قوتم دەدات.
کات لەو چیڕۆکە ڕابردووو ئێستا و داهاتووی تێدایە، چوومە لای پەنجەرەکە،پەردەکەم لادا،جامەکەم کردەوە، تەماشای دەرەوەم کرد، دونیا کش ومات بوو،هەموو کارەکان لێرە ڕابردوون.
بە پلیکانەکان سەرکەوتین،چووینە ژوورەوە،بەژوورەکەدا گەڕاین،کات لێرەدا ئێستایە،واتە کاتی بەیەکگەیشتنی دوو کەس پیشان دەدات،کاتی واقعی و خەیاڵیشی تێدایە.
شوێن لە چیڕۆکدا توخمێکی چاڵاکە، شوێن شانۆی ڕووداوەکانە.
چیڕۆکنووس بۆ دروستکردنی شوێنی چیڕۆکەکەی پشت بەدوو سەرچاوە دەبەستێت:
شوێنی واقعی، واتە ڕاستەوخۆ لە دونیای واقیعدا هەڵیدەبژێرێت.
شوێنی خەیاڵی: لە دەقە ئەسڵیەکەی هاتووە، کە کچەکە باڵی لێ دەڕوێت و دەفڕێت، ئەویش لەدوای ئەو لە پارکی منارە یەکدەگرنەوە.
شیلەر دەڵێت: سەرچاوەی هونەر خۆڕسکە،سەپێندراو نییە.بەڵام ماندوو بونێکی زۆری پێویستە بۆ پێگەیاندن و گەشەکردن و بەرەو پێش بردنی.
عەشق سەمای مەرگە، لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: ئایا نووسەر دواڕۆژی عیشقی بە مەرگ داناوە وەک لە داستانە دڵدارییەکانی مەم و زین،شیرین وفەرهاد، خەج و سیامەندو زۆر داستانی دڵداری تر کە بۆمان بەجێ ماوە؟، بەڵام هەموو عەشقێکیش بە مەرگ کۆتایی نایێیت، زۆر جاران عیشق بە ژیانێکی ئاسوودە کۆتایی دێت.
ڤالیری دەڵێ: ئەگەر من لێپرسراوی مەتحەفەکان بام،ناوی هەموو وێنەکێشەکانم دەسڕییەوەبۆ ئەوەی چاو بتوانێ بەخۆی بڕیار بدات.
چەند وردە سەرنجێک:
١.هەرچی جوانە لەتۆ دەکا
عەشق خوێنەبە دڵما هاتوچۆ دەکا،پێویستە ناوی خاوەنی هۆنراوەکە بنووسرێ.
٢.دوو ڕیانی مەرگ یان مردن،هەردووکیان یەکە،یان مەرگ، یان مردن.
٣.ئارەقە تنۆک تنۆک لە نێو چاوەکانمدا دەباری، ئارەقە لەنێو چاوان ناباری.
٤.تۆ ئەوە ناو دەنێیت چ یان چی؟
٥.بنووم و خەوم لێ بکەوی،هەردووکی هەر یەک مانایە.
٦.لە هەموو کات پتر خۆشەویستر بووی،لەهەموو کات زیاتر خۆشەویست بووی، یان لە هەموو کات خۆشەویستربوویت.
٧.دەمخوات و قوتم دەدات، هەریەک مانا.
٨.منداڵی ناو گۆڕستانەکان مانای چییە؟کامە منداڵ؟.
٩. کچەکە کاتژمێر دوازدەی شەودەچێتە لای خۆشەویستەکەی دەڵێت:هاوڕێم ئەگەر ئەمشەو میوان ڕابگری.
کەی کچ لە وڵاتی ئێمە دەتوانێ دوازدەی شەو بچێتە لای خۆشەویستەکەی و پێی بڵێت: ئەمشەو لای تۆ دەبم.
١٠.لەپەنجەرەکە بەخەیاڵ وەستابوو لەگەڵ کچەکە،پاشان دەڵێت: بە پلیکانەکانەوە سەرکەوتین بۆ سەرەوە.
سابیر ڕەشیدی چیڕۆکنووس لە ڕەخنەکەی وا بەشان و باڵی چیڕۆکەکەدا هەڵدەڵێودەڵێ:
ئەم چیڕۆکەدەقێکی فەنتازییەوبە تەکنیک و ستایلی نوێ نووسراوە، تەکنیک واتە وەستایی، لە بەکارهێنانی ڕەگەزە ئەدەبییەکان
پەیوەست خۆشناو لە کتێبی بنیاتی توخمەکانی گێڕانەوە لە چیڕۆکەکانی شێرزادحەسەن دەڵێ: لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بە گشتی و بەتایبەتی لەو سەردەمەی ئێستا گرنگییەکی تایبەت بە ڕەگەزە ئەدەبییەکان دەدرێت ئەوانیش: کاراکتەر، شوێن،
بلۆت واتە گرێ،ململانێ و چارەسەر،کاراکتەر هەیە،شوێن داخراوە، بلۆت نییە، ململانێ و چارەسەرنییە، لەو چیڕۆکە؟
وردەکاری وجیهانبینی کوان؟
فەلسەفەی دەق کوا؟
کاک سابیردەڵێ: هەموو جۆرەکانی فەنتازیای بەکار هێناوە،من تەنیا یەک فەنتازیای تێدا دەبینم.
شێتەکان ڕۆڵیان لە ناو دەقە بڵاوکراوەکەی ئەو چیڕۆکە نییە، بەڵکو لەو بەشە هەیە، کە پەڕێنراوە و خوێنەر نەیبینیووە.