مەدحەت بێخەو، قەڵەمێک لە خزمەت ئەدەب و ناسنامەی کوردیدا
سیروان عوسمان
مەدحەت بێخەو، یەکێکە لەو ئەدیب و شاعیرانەی بە قەڵەم و هزری ڕۆشنی خۆی خزمەتی بە دۆزی گەلەكەی كردووە و ئەوەندەی لە توانایدا بووبێ گرنگیی بە مێژوو، سروشت، ژیان و ناسنامەی کوردی داوە و ئەمەش لە نووسین و شیعرەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
بێخەو لە شیعرەکانیدا، بەتایبەتی لە باسکردنی قەرەچووغ، ئەو شاخە مێژوویی و پڕشکۆیەی کوردستان، سروشت و خەبات و سەختییەکانی ژیانی کوردی بە زمانێکی ئەدەبی و وێنەیەکی جوان خستووەتە ڕوو. قەرەچووغ لە دەقی شیعریی بێخەودا هێمای خۆڕاگری، ئازادی، یادەوەری و ناسنامەی نەتەوەیی كوردە.
لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بەو كەسایەتیانەی خزمەتێكی شایان و بەنرخیان بە دۆزی ڕەوای كورد كردووە، بە ئەركی خۆمان زانی سوپاس و پێزانینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر پێشكەش بە تەمەنێك تێكۆشان و خزمەتی قەڵەمی بەبڕشت و بەرهەمداری مەدحەت بێخەو بكەین و ڕێزی لێ بگرین و ئەم پێزانینەی پێشكەش بكەین.
ئەم ڕێز و پێزانینەمان بۆ مێژوویەكە، كە پڕە لە خزمەت و داهێنانی مامۆستا مەدحەت بێخەو؛ هیواداریشین قەڵەمە بەبڕشتەکەی هەمیشە بەرهەمدار بێت و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ببنە سەرچاوەیەک بۆ خوێندنەوە، توێژینەوە و پاراستنی میراتی ئەدەبی و کولتووریی کوردی، ئەو قەڵەمە داهێنەرەی خزمەتێکی بێبەرامبەری بە ئەدەب و دۆزی نەتەوەكەی كردووە.
ئەم سوپاس و ڕێزە كەمترین شتێكە بتوانین لەبەرامبەر خزمەتە زۆرەكانی پێشكەش بە مامۆستا مەدحەت بێخەوی بكەین، لەگەڵیشیدا هیوای لەشساغی و تەمەنێكی شایانی بۆ دەخوازین.
تیشكێك لە كڵاوڕۆژنەی ژیانی مەدحەت بێخەو
شاعیری گەورە و ئازیزمان مامۆستا مەدحەت بێخەو ساڵی ١٩٣٤ لە شاری مەخموور لەدایك بووە، ناوی تەواوی مەدحەت خدر عەبدوڵڵایە؛ ناسناوی شیعری و ئەدەبیی مەدحەت بێخەوە، ماوەیەک لە مەخموور ژیاوە و دواتر چووەتە دیبەگە، ساڵی ١٩٤٠ بە ماڵەوە هاتوونەتە شاری هەولێر و تیایدا نیشتەجێ بوونە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە و لە سەردەمی ڕژێمە بەعسە ڕووخاوەکەدا چەندین جار دەستگیر کراوە. خاوەنی چەندین بڵاوكراوەی شیعرییە و رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە بواری شیعری نەتەوەیی و شیعر بۆ منداڵان و لاوان و ئافرەتان، هەروەك رۆڵی گرنگی هەبووە لە دامەزراندنی چالاكیی قوتابخانەكانی هەولێر و لەو بارەیەوە خزمەتێكی زۆری بە ئۆپەرێتی منداڵانی كوردستان كردووە و زۆر لە شیعرەكانی لە قوتابخانەكان دەخوێندرێن.
ساڵی ١٩٥٣ یەکەم هەڵبەستی خۆی بە ناوی ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر نووسیوە، دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە لە هەولێر و لە زۆر کۆمەڵە و ڕێکخراوی مرۆیی و ڕۆشنبیری ئەندام بووە.
هەروەها خاوەنی شیعری ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژینە، کە لە ساڵی ١٩٦١ ئەم شیعرەی داناوە و لە لایەن هونەرمەندی دیاری كۆچكردووی كورد فواد ئەحمەد كراوەتە سروودێكی نیشتمانی و لە خەباتی شاخەوە تا ئێستا مارشی بەردەوامی ڕادیۆی دەنگی کوردستانە. هەروەها چەندین شیعری دیكەی لەلایەن هونەرمەندانی دیكەی كورد چ وەك گۆرانی و چ وەك سروود گوتراونەتەوە و لە یادەوەریی كورددا وەك بەرهەمی زیندوو ماونەتەوە و هەرواش دەمێننەوە.
بەرهەمەكانی مەدحەت بێخەو
شاعیر و نووسەر مەدحەت بێخەو ئەم بەرهەمانەی بڵاو کردوونەتەوە:
– زەنگی کاروان ساڵی ١٩٥٩.
– ڕابەری ژیان ساڵی ١٩٦٨.
– داربەڕوو ساڵی ١٩٧٣.
– وشەی ئاوات ساڵی ١٩٧٨.
– ڕەگەکان ساڵی ١٩٨٣.
– دیاری بۆ منداڵانی کوردستان ساڵی ٢٠٠٣.
– کۆمەڵێک بابەتی دیکەی ئامادەیە بۆ چاپ وەک:
– داستانە هەڵبەستی هەولێری دێرین.
– ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر کە ساڵی ١٩٥٣ نووسراوە.
سروودی پێشمەرگە؛ مارشی ڕادیۆی دەنگی كوردستان:
ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین
نیشتمان ئازاد ئەکەین لە خوێنمژین
ئێمە کوردین نابەزین
جەنگاوەرین نابەزین
ئێمە کوردین، تێکۆشەرین، نابەزین
نابەزین و نابەزین و نابەزین
گیانفیداکارین لە ڕێگای میللەتا
قارەمانی ڕێی ژیان و شۆڕشین
ئێمە کوردین نابەزین
جەنگاوەرین نابەزین
ئێمە کوردین، تێکۆشەرین، نابەزین
نابەزین و نابەزین و نابەزین
ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین
نیشتمان ئازاد ئەکەین لە خوێنمژین
ئێمە کوردین نابەزین
جەنگاوەرین نابەزین
ئێمە کوردین، تێکۆشەرین، نابەزین
نابەزین و نابەزین و نابەزین
دوژمنی ناپاک هەزار هێزی هەبێ
ئەیبەزێنین، ئەیڕمێنین، نابەزین
ئێمە کوردین نابەزین
جەنگاوەرین نابەزین
ئێمە کوردین، تێکۆشەرین، نابەزین
نابەزین و نابەزین و نابەزین
ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین
نیشتمان ئازاد ئەکەین لە خوێنمژین
ئێمە کوردین نابەزین
جەنگاوەرین نابەزین
ئێمە کوردین، تێکۆشەرین، نابەزین
نابەزین و نابەزین و نابەزین
نیشتمان خوێنی شەهیدانی ئەوێ
شەرتە تا دوژمن بمێنێ نەسرەوێ
ئێمە کوردین نابەزین
جەنگاوەرین نابەزین
ئێمە کوردین، تێکۆشەرین، نابەزین
نابەزین و نابەزین و نابەزین
ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین
نیشتمان ئازاد ئەکەین لە خوێنمژین
ئێمە کوردین نابەزین
جەنگاوەرین نابەزین
ئێمە کوردین، تێکۆشەرین، نابەزین
نابەزین و نابەزین و نابەزین
سالی ١٩٦١
شیعری قەرەچووغ
قەرەچووغ ئەی کێوی غەمگین
تۆی مەڵبەندی سەختی ژین
ئەی خۆڕاگر دژی ستەم
دژی زۆرداری و خوێنمژین
ئەی کێوەکەی دەشتی هەولێر
بێشەی شێرانی ڕاپەڕین
ئەی نیشانەی چەسپان و مان
گۆساری سەرکەشی نیوان
قەراجی کاکی بە کاکی و
کەندیناوەی دڵگیر و جوان
ئەی خاوەنی کەوی سپیی
نەبەز و سەرۆکی کەوان
ئەمن دەچوومە بەڕانەتیی کۆچ و کۆچباری
دەچوومە لای هەردوو عاشقان کاکل و زراری
سەلامم دەکرد لە بەڕوو، لە مازی
لە چیایی، لە لێڕەواری
تەمەنایەکەم دەکرد
لەبەر شەنگ و کەووت و دار و دیداری
دەمپرسی لە دارەبەنی، ماڵوێرانی
ئەتوو بۆچی وەها ڕووت و ڕەجاڵی

