ڕائیب جادر – هەولێر
چەند ڕۆژێکە نرخی کەرەستەکانی بیناسازی لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی شیش و چیمەنتۆ بەرزبووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر بژێوی خەڵک و گرانبوونی یەکەکانی نێشتەجێبوون دەبێت. بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستانیش ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ بڕیارێکی حکوومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان ٢٧٤ پڕۆژەی وەبەرھێنانی خانووبەرە ھەیە، بەردەوامبوونی گرانی دۆلار کاریگەری لەسەر کەرتی خانووبەرە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەبێت و تا ئاستێک نرخەکان بەرزدەبنەوە.
بە گوێرەی داتاکان، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠ کارگەی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆ ھەن کە توانای بەرھەمھێنانی ساڵانەیان زیاتر لە ٢٠ ملیۆن تۆنە، ھەروەھا ١٠ کارگەی گەورەی شیش ھەن کە توانای بەرھەمھێنانیان ساڵانە سێ ملیۆن تۆنە، ھاوکات نزیکەی ٤٠٠ پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن.
ماوەیەک پێش ئێستا نرخی کەلوپەلی بیناسازی بە گشتی گران بوون، بەھۆی ئەوەی حکوومەتی عێراق چیتر سووتەمەنیی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کارگەکانی دروستکردنی کەلوپەلی بیناسازی دابین نەدەکرد، لەمەودواش بەھۆی دۆلارەوە نرخی کەلوپەلی بیناسازی زیاتریش گران دەبێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەڵک دەبێت.
بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریگەری کردووەتە سەر تێچووی خانووبەرە، بۆ نموونە نرخی خانووێکی ١٠٠ مەتر چوارگۆشەی بۆ نزیکەیی ٥ ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە و ئەگەری ھەیە کاریگەری لەسەر نرخی یەکەی نیشتەجێبوون و خانووی نوێش ھەبێت.
د. پشتیوان حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ و شیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتی عێراق پێدانی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کارگەکان ڕاگرتووە و نەوتی ڕەش و سووتەمەنی وەک جاران بۆ کارگەکان دابین ناکات.
بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکان ڕوونی کردەوە، پێشتر عێراق سووتەمەنی و نەوتی ڕەشی بە ١٥٠ ھەزار دینار بە کارگەکان داوە، بەڵام ئێستا پاڵپشتییەکەی ھەڵگرتووە و نرخەکەی بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار بەرزکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، کارگەکانی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆ کە بە کوورە و ئاگر کار دەکەن سووتەمەنییەکی زۆریان پێویستە و بۆ بەرھەمھێنانی یەک تۆن چیمەنتۆ ٢٦ دۆلاری تێدەچێت، بەوھۆیەشەوە نرخی تۆنێک چیمەنتۆ لە ٨٠ ھەزار دینارەوە بۆ ١٢٠ ھەزار دینار بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم بەرزبوونەوەیە لەسەر نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکان، گوتیشی: بێگومان کاریگەری دەبێت و ڕەنگە وەبەرھێنەران داوای بەرزکردنەوەی نرخی یەکەکانیان بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە وەبەرھێنەران ناتوانن بەبێ ڕەزامەندی دەستەی وەبەرھێنان و لایەنی پەیوەندیدار نرخەکان بەرزبکەنەوە، چونکە نرخەکان پیشتر لە پرۆپۆزەڵی فەرمیدا جێگیر کراون و ھەر گۆڕانکارییەک پێویستی بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی دەستەی وەبەرھێنان دەبێت.
بە بەراورد بە ١٠ ڕۆژی ڕابردوو یەک کیس چیمەنتۆ دوو ھەزار دیناری چووەتە سەر، واتە یەک تۆن چیمەنتۆ لە ١٠٥ ھەزارەوە بۆ ١٤٥ ھەزار دینار بەرزبووەتەوە، یەک تۆن شیشیش بۆ نزیکەی یەک ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە، ھەروەھا پێشتر جووتێک بلووک بە ٨٠٠ دینار بوو، ئێستا بۆ ١٢٠٠ دینار بەرزبووەتەوە، بەرزبوونەوەی کەرەستەی بیناسازی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێشتر کارگەکان تۆنێک گازی ڕەشیان بە ١٥٠ ھەزار دینار پێدەدرا لەلایەن حکوومەتی عێراق، بەڵام ئێستا پێیان نادات و ناچارن بە ٥٠٠ ھەزار دینار لە بازاڕ بیکڕن. بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان وەزیری نەوتی عێراق پێیان ڕاگەیاندووە تاوەکو سەری ساڵ ناتوانن سووتەمەنی بە کارگەکان بدەن، واتە تا کۆتایی ساڵ نرخەکان ھەرزان نابنەوە.
د. پشتیوان حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتی شار و ناوچە پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، باسی لە ئاستی بەرزی بەرھەمھێنان لە ھەرێم کرد و گوتی: لە دەستەی وەبەرھێنان شەش مۆڵەتی کارگەی گەورەی چیمەنتۆمان ھەیە لەگەڵ مۆڵەتێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەبێتە حەوت مۆڵەت، کە ساڵانە ٢٠ ملیۆن تۆن بەرھەمیان ھەیە و ٧٥%ـی بەرھەمی چیمەنتۆی ھەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراق دەنێردرێت، لە کاتێکدا لە تەواوی عێراقدا ١٨ کارگەی حکوومی و ٥ کارگەی کەرتی تایبەت ھەن کە تێکڕای بەرھەمی ساڵانەیان دەگاتە ٢٦ ملیۆن تۆن.

