رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی و سوودانی جەختیان لە بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری کردەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری کردەوە.

پاشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی فیدراڵ کرد.

لە دیدارێکدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری، پەرەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی هاووڵاتییاندا کردەوە.

پێویستیی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هێز و لایەنە عێراقییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.