رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی یانەی بایرن میونشن، لەسەر هەبوونی ناکۆکی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی هاری کەین هاتە دەنگ

مامەیارە ئەحمەد – هە‌ولێر

ڕیاڵ مەدرید ڕەخنەی توند لە ناوبژیوان و پێدانی کارتی سوور بە ڤینیسۆس جۆنیۆر دەگرێت
یانەی ڕیاڵ مەدرید لە گەڕی هەشتەمی لالیگادا بە ئەستەم و بە ئەنجامی 1-0 سەرکەوتنی بەسەر یانەی ڤیا ریاڵدا مسۆگەر کرد، بەڵام بردنەوەکە نەبووە هۆی دامرکاندنەوەی نائارامییەکانی ناو یانەکە، چونکە کارتە سوورەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر تامی بردنەوەکەی کەم کردەوە و بووە هۆی ناڕەزایی و تووڕەیی هاندەران و کارگێڕی و بەرپرسانی ریاڵ مەدرید، بەو پێیەی بە هۆی ئەو کارتە سوورەوە، جۆنیۆر بەشداریی یاریی داهاتوویان بەرانبەر بەرشلۆنە ناکات.
لە خولەکی ٦٠ی یارییەکەدا، فێدریکۆ ڤالڤێردی تۆپێکی بۆ یان دیۆماندی نارد و ئەویش یەکەم گۆڵی خۆی لەگەڵ مەدریدییەکان تۆمار کرد و بووە هەوێنی بردنەوەی سێ خاڵ و بەو پێیەی جیاوازیی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ تەنیا خاڵێک کەم کردەوە.
بەڵام خۆشییەکەی ڕیاڵ مەدرید دوای ئەو گۆڵە، زۆری نەخایاند، چونکە ناوبژیوان گۆڵی دووەمی شایانەی ڕەت کردەوە، کە ڤینیسیۆس جونیۆر لە هێرشێکی پێچەوانەدا تۆماری کردبوو، دوای لێدانەوەی تۆماری دیمەنەکە، دەرکەوت جۆنیۆر لە کاتی هێرشەکەدا بە ئەنقەست قژی ناتان سالیبای ڕاکێشاوە.
ناوبژیوان بێوەستان درێغی نەکرد لە ڕەتکردنەوەی گۆڵەکە و دەرکردنی جۆنیۆر لە خولەکی ٧٢ـدا، بەمەش یانەی ڕیاڵ مەدرید بە دە یاریزانەوە یارییەکەی تەواو کرد. بەڵام دوای بڕیارەکە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر خەریک بوو ڕووبەڕووی ناوبژیوان ئیسیدۆرۆ دیاز دی مێرا ببێتەوە، پێش ئەوەی ئەنتۆنیۆ ڕودیگەر ڕێی لێ گرت و نەیهێشت.
هەرچەندە جۆنیۆر لەو کاتەی یاریگەی جێهێشت، بە دەست و ئاماژەکانی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بۆ بڕیارەکەی ناوبژیوان دەربڕی، بەوەوە نەوەستا و لە ڕێی پۆستێکی نوێی لە ستۆری ئینستاگرامەکەیدا، دیسان تووڕەییەکەی دەربڕییەوە و بێزاریی خۆی بۆ ئەو بڕیارانە دەربڕی کە ناوبژیوانان لە دژی دەیدەن.
لە کۆمێنتی پۆستەکەدا هاتووە: “ئەو یاریزانەی هەمیشە کارتی زەرد و سووری پێدەگات، ڤینیسیوسە، چ شەرمەزارییە”، لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی یارییە جیاوازەکاندا کە بە گوتەی ئەو یاریزانە، یاریزانە بەرامبەرەکانی سەرەڕای ئەنجامدانی فاوڵ یان لێدانیان، بێ سزا ماونەتەوە.
ئەو بڕیارەی ناوبژیوان، شەپۆلێکی ڕەخنەی لەناو یانەکەدا لێکەوتەوە، کەناڵی فەرمیی ڕیال مەدرید هێرشێکی توندی کردە سەر ناوبژیوانان. ئەوان پرسیاریان کرد کە بۆچی ڤار بۆ ڕووداوەکەی کارتە سوورەکەی ڤینیسیوس هەبوو، بەڵام کااتێک لە ڤاڵڤێردی و دین هۆسن درا، بۆ لێ نەدرایەوە؟
مۆرینیۆی راهێنەری پورتوگالیی ریاڵ مەدرید، بەدرێژایی یارییەکە تووڕەیی خۆی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان نەشاردەوە، هاوکات ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە بڕیاری دا بەشداریی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای یارییەکە نەکات، لە ترسی سڕکردنی، بە هۆی لێدوانەکانیەوە.
دروستبوونی ئەو پشێوی و ئاڵۆزییە لەنێو ریاڵ مەدرید لە کاتێکدایە دوو یاریی گرنگی ئەورووپی و ناخۆیی هەیە، بەرانبەر یانەی ڕۆما لە چامپیۆنس لیگ و بەرانبەر بەرشلۆنە لە خولی ئیسپانیادا.
بە پێی یاسا، هەر کەسێک ڕەفتارێکی پێچەوانەی ڕێسا وەرزشییەکان ئەنجام بدات، کاتێک ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە وەک تاوانێکی بچووک پۆلێن دەکرێت، تا چوار یاری ڕادەگیرێت یان سزای دارایی دەدرێت.
خراپترین سیناریۆ بۆ ڤینیسیۆس ئەوە دەبێت کە کارەکانی وەک ناکۆکی لە دژی ناوبژیوانەکان پۆلێن بکرێت، بەپێی مادەی ١٢٧ی یاسای ڕێککاری، کە دەڵێت: “ناڕەزایەتیی دژی ناوبژیوان، یاریدەدەری ناوبژیوان، یان ناوبژیوانی چوارەم، مەگەر تاوانێکی قورستر پێک بهێنێت، سزای ڕاگرتنی دوو بۆ سێ یاری، یان تا مانگێکە”.
ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە کارەکانی یاریزانەکە بە سووکایەتیکردن یان بێڕێزیکردن بە ناوبژیوان دادەنرێت، بەپێی مادەی ١٢٤ کە دەڵێت: “ڕووبەڕووبوونەوەی ناوبژیوانان و یاریدەدەرانی، یان دەسەڵاتدارانی وەرزشی بە قسە یان کردارێک کە بێڕێزیکردن، مەگەر تاوانێکی قورستر پێک بهێنێت، سزای ڕاگرتنی دوو بۆ سێ یاری، یان تا یەک مانگە.”
لە هەردوو حاڵەتەکەدا سڕکردنەکە بەلایەنی کەمەوە لە دوو یاری دەست پێدەکات. بە پشتبەستن بە هەموو ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان، کەمترین سزای چاوەڕێکراو بۆ ڤینیسیۆس قەدەغەکردنی دوو یاری دەبێت: یارییەک بۆ کارتی سوور و یارییەکی دیکە بەهۆی کاردانەوەی دوای کارتە سوورەکە.
بەڵام ئەگەر هەڵسوکەوتەکەی لە دەرەوەی یاریگە بە توندوتیژی هەژمار بکرێت، ئەگەری هەیە سزاکە بگاتە چوار یاری، لەگەڵ کاردانەوەکانی دوای کارتە سوورەکە دوو یاریی دیکەش زیاد دەکات.
سیناریۆی دواتر، سێ یاری سڕکردن دەبێت، یان یارییەک بۆ کارتی سوور و دوو یاری بۆ ناڕەزایەتییەکانی دواتر، یان دوو یاری بەهۆی هەڵسوکەوتی توندوتیژی و یارییەکی زیادە بۆ کاردانەوەکانی.
لە هەموو سیناریۆکاندا ڤینیسیۆس بەشداری یارییەکەی ئێل کلاسیکۆی بەرانبەر بەرشەلۆنە ناکات کە بڕیارە لە ٢٥ی تشرینی یەکەم لە یاریگای کامپ نو ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی بایرن میونشن ڕاستیی بوونی ناکۆکی لەسەر ماوەی گرێبەستی کەین دەخاتە ڕوو
هێربێرت هاینەر سەرۆکی بایرن میونشن دووپاتی کردەوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستی هاری کەین هێرشبەری ئینگلیزی بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەو پێشەوە دەچن، گەشبینيی خۆی دەربڕی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەم نزیکانە. بەهای ئەو ڕاپۆرتانەی کەم کردەوە، کە باسیان لە بوونی ناکۆکی لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی هەبووە.
هاینەر لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فۆت مێرکاتۆی فەرەنسی وتی: زۆر گەشبینم، لە یان دریسن و دەستەی کارگێڕییەوە دەزانم کە دانوستانەکان بە شێوەیەکی نایاب بەڕێوە دەچن، هاری و خێزانەکەی لە میونشن زۆر دڵخۆشن، بۆیە پێشبینی دەکەم بەم زووانە ڕێککەوتنێک بکرێت.
سەرۆکی بایرن میونشن، ڕەتی کردەوە هیچ ناکۆکییەک لەسەر ماوەی گرێبەستەکە هەبێت، سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کەین دەیەوێت بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە، لە کاتێکدا بایرن تەنیا بۆ ماوەی دوو ساڵ، گرێبەستی پێشکەش کردووە.
بەڵام سەرۆکی یانەکە ئەوەی ڕەت کردەوە کێشە لەسەر ماوەی گرێبەستەکە هەبێ وهاینەر ڕوونی کردەوە: “نوێکردنەوەی گرێبەستی هاری کەین، وردەکاریی زۆر لەخۆ دەگرێت، وەک مافی وێنە و مافی کەسیی تایبەتی، ئێمەش کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەین. کێشەکە لەسەر ماوەی گرێبەستەکە نییە”.