چەندجارێک لە نزیکەوە بینیم، مرۆڤێکی هێمن وەک چیرۆکێکی مات دەدوا. ئارەزووی زۆر دووانی نەبوو، بەڵام کە دەدووا سەنگینانە دەپەیڤی. بەرلەوەی چیرۆکنووسێکی کارامە و سەنگین بێت، مرۆڤێکی سەنگین و کارامە و هێمن بوو. مرۆڤێک گەورەتر لەوەی تەنها چیرۆکنووس و وەرگێڕ بێت، ئەو “جەلیل کاکەوەیس” بوو مرۆڤێک گەورەتر لە ناونیشانەکان.
هەمیشە گوتوومە مرۆڤبوون پێش نووسەربوون/هونەرمەندبوونە و زۆر شتی دیکەیە، خۆ ئەگەر مرۆڤبوونمان فەرامۆش کرد، ئیدی نە نووسەربوون بەهایەکی هەیە و نە هونەرمەندبوون، بەڵام هەمیشە مرۆڤە جوانەکان کاتێک دەبنە نووسەر/هونەرمەند ئیدی دەبنە خاوەنی دڵێکی سپی و بێگەرد و جیهانێک لە داهێنان و جوانی دەبەخشن بەبێ ئەوەی بانگەشەی بۆ بکەین، چەشنی ئەو درەختە گەورە و بەردارانەی کە بەبێ هیچ منەتێک هەمیشە هەم ساڵانە بەرەکەیان دەبەخشن و هەم هەمیشە سێبەر بۆ ڕێبوارە ماندووەکان دەکەن. جەلیل کاکەوەیس خاوەنی دڵێکی سپی و ڕۆحی مرۆڤێکی گەورە بوو. بۆیە لەڕیزی ئەو کەسانە بوو ئەگەرچی زۆر کەم دەمبینی بەهۆی دووریمان لە یەکترەوە و من لە سلێمانی و ئەو لە هەولێر، بەڵام دووراودوور هەمیشە بیرم لێ دەکردەوە و یەکێک بوو لەو نووسەر و وەرگێڕانەی بەردەوام دەچوومەوە سەر کارەکانی و خوێنەری هەمیشەیی کارەکانی بووم و ناوە ناوەش دەچوومە سەر چیرۆکەکانی، کە لای من دەنگێکی تایبەتی چیرۆکی کوردییە بۆ قۆناغێک کە پێویستمان بە پژانی زمانی گێڕانەوە هەبوو، ئەو یەکێک بوو لەوانەی ڕێگەخۆشکەربوو بۆ گەشەکردنی زمانی گێڕانەوەی کوردی و بەتایبەتیش بۆ چیرۆکنووسانی دوای خۆی.
نووسەرەکان هەمیشە بوونەوەری ناڕازین، کاتێک لە کایەیەکدا هەست دەکەن نەیانتوانیوە وەکو پێویست خزمەت بکەن دەست بۆ کایەیەکی دیکە دەبەن و دەیانەوێت بازنەی ئەوەی دەیانەوێت پێشکەشی بکەن هەمیشە زیاتر و زیاتری بکەن، یان خەمەکانیان هێندە گەورەیە یەک ژانر و پانتایی بەشیان ناکات و پێویستیان بە ڕێگای تر و دەرگای تر هەیە بۆ ئەوەی گوزارشت لە خەم و سووتانەکانیان بکەن. جەلیل کاکەوەیس ئەگەرچی لەو نووسەرانەیە، کە بۆ چیرۆکیش زۆری بەخشی، بەڵام لای خۆی پێدەچێت زۆر نەبێت، یان خەمەکانی گەورەتر بن لەوەی تەنها لەوێدا گوزارشتیان لێ بکرێت، بۆیە پرۆژەی وەرگێڕان لای ئەم نووسەرە وەکو پرۆژەیەکی تەواوکاریی مەعریفی دەردەکەوێت. قسەیەکی تاڕادەیەک سەرنجڕاکێش هەیە لەنێو نووسەراندا کاتێک دەست بە وەرگێڕان دەکەن ئەوە دەخەنەڕوو کە “هەر وەرگێڕێک نووسەرێکی شکستخواردووە”. بەڵام من ئەم قسەیە بۆ هەموو وەرگێڕێک بە ڕاست و تەواو نازانم، بەڵکو بۆ مامۆستا جەلیل و زۆر وەرگێڕی دیکە پرۆژەی کاری وەرگێڕانیان وەکو پرۆژەیەکی تەواوکاریی مەعریفی دەبینم، نەک وەکو پرۆژەیەکی نوێ بۆ جێگرەوەی شکست. ناڵێم هیچ وەرگێڕێک نییە نووسەرێکی شکستخواردوو بێت، بەڵام ئەمە بۆ مامۆستا جەلیل و زۆر وەرگێڕی دیکەی کوردی ڕاست نییە، بەڵکو وەرگێڕان لای مامۆستا جەلیل پرۆژەیەکی تەواوکاریی مەعریفییە بۆیە ئەوەی من لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی ئەم نووسەرەدا دەیبینم ئەو تەواوکارییە.
ئەگەر بە سەرنجەوە سەیری ئەو بەرهەمە وەرگێڕدراوانەی مامۆستا جەلیل بکەین بەشێکی زۆریان شاکاری جیهانین، دەشێ مامۆستا جەلیل خۆزگەی ئەوەی هەبووبێت خۆی نووسەری ئەو شاکارە بوایە، بەڵام لەڕێگەی وەرگێڕانەوە ئەو خۆزگەیەی هێناوەتە دی. یان دەشێ دوای خوێندنەوەی ئەو شاکارانە خۆزگەی ئەوەی خواستووە زمانی کوردی و خوێنەرانی کورد لەم شاکارانە بێبەش نەبێت، بۆیە دەستی داوەتە وەرگێڕان و بە شێوەیەکی ورد و کوردییەکی خاوێن (کە دەڵێم کوردییەکی خاوێن مەبەستم لە کوردی پەتی نییە، بەڵکو کوردییەک کە هەموان تێی بگەن و هارمۆنییەتێک لەنێوان هەموو ڕستە و وشەکاندا هەبێت) ئەم شاکارانە بەردەست بن. لێرەوەیە مامۆستا جەلیل تەنها وەرگێڕ نییە، هاوکات تەنها چیرۆکنووسیش نییە، بەڵکو خاوەنی ئەو تایبەتمەندییەیە کە چیرۆکنووسێکە لەنێو دڵی وەرگێڕاندا، هەر بۆیە کایەی وەرگێڕان قەرزاری ئەم نووسەرەیە و هاوکات زمانی کوردیش بەهەمان شێوە قەرزارییەتی، چونکە دەستی لە کردنەوەی پانتایی نوێدا بووە لەنێو زمانی کوردیدا.
بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەی سەرەوە دەمەوێت ناوی بەشێک لەو کتێبانە بهێنم کە مامۆستا جەلیل کردوونی بە کوردی، کە بەشی زۆریان شاکاری گەورە و گرنگی ئەدەبیاتی جیهانین کە ئەوانیش:
“ئاهەنگی تەگەکە/ماریۆ بارگاس یۆسا” خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، “ڕۆژەکە لە سەدەیەک درێژتر دەبێتەوە/ جەنگیز ئایتماتۆف”، “خانمانی سیبریا/ هێنری ترۆیا”، “بەدگۆڕان/ فرانس کافکا”، “خەم و جوانی/ یاسۆناری کاواباتا”، “مامۆستا و کوڕە شەیداکە-چل ڕێساکەی عەشق/ ئەلیف شەفەق”، ئەمانە و چەندان کتێبی دیکە لە شاکارە جیهانییەکان، کە لەڕێی پێنووسی ئەم مامۆستایەوە ئێستا لە کتێبخانەی کوردیدا بەردەستن. لێرەدا دەمەوێت تەنها ئاوڕ لە دوو بەرهەمی وەرگێڕانی ئەم چیرۆکنووس و وەرگێڕە بدەمەوە، کە شایستەی دەستخۆشی و خەڵاتی وەرگێڕی ساڵ بوون، ئەگەرچی بەداخەوە لای ئێمە تا ئێستا ئەو خەڵاتە بەردەست نییە.
لێرەدا دەمەوێت پێداگریی لەسەر ئەوە بکەمەوە مامۆستا جەلیل کاکەوەیس، لەگەڵ ئەوەی نووسەر و چیرۆکنووسێکی بە سەلیقە بوو، بەو ئەزموونەیەوە دەستی دایە وەرگێڕان و شاکارەکانی جیهانی لەڕێی پاشخانە ئەدەبییەکەیەوە بۆ کوردزمانان دەگواستەوە. ئەو لە ڕێگەی شاکاری “ئاهەنگی تەگەکە”ی ماریۆ بارگاس یۆساوە ویستی دیکتاتۆرییەتی ئەمەریکای لاتین پیشانی خوێنەرانی کورد بدات، تا نەوەی ئێستا کە ئاشنای دەسەڵاتی بەعس نەبووە بزانن دیکتاتۆرەکان لە هەر جێگەیەک بن هاوئاوازن لەسەر چەوساندنەوەی مرۆڤ و دەستدرێژیکردنە سەر کەرامەتی مرۆڤەکان و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات. ئەو ڕێگەی چل ڕێساکەی عەشقەوە جارێکی دیکە مەولانای ڕۆمی بە خوێنەری کورد ناساندەوە و تا ئەوەی ئەم کتێبەکە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بووە بە یەکێک لە پرفرۆشترین کتێبەکانی کوردستان و بەتایبەتیش وەرگێڕانەکەی مامۆستا جەلیل یەکێکە لە سەنگینترین وەرگێڕانەکانی ئەم دەقەی ئەلیف شەفەق، هەرچەندە دوای مامۆستا چەند وەرگێڕانێکی دیکەشی هەیە، بەڵام هیچیان ئەو تایبەتمەندییە نووسەریان لەبەرچاو نەگرتووە کە لە دەقەکەدا ڕەچاوی کردووە.
مانگی پیشوو وتارێکم سەبارەت بە وەرگێڕانی “چل ڕێساکەی عەشق” نووسی، وەلێ بۆم تەواو نەکرا، ئێستاش هەر لە کۆمپیوتەرەکەمدایە، (نازانم کەی تەواوی دەکەم)، بەڵام لەوێدا ئاماژەم بە چەند وەرگێڕانێکی هەمان تێکست کردووە بۆ زمانی کوردی، بەڵام ئەوەی مامۆستا “جەلیل کاکەوەیس” چەشنی ئەوەیە ئەلیف شەفەق بە کوردی نووسی بێتی، هێندە بە کوردییەکی خاوێن و ڕەوا وەرگێڕدراوە ناتوانی سەرسامی نەبیت، ئەمە بێجگە لەوەی کە تەکنیکی دەقەکەی وەکو خۆی پاراستووە و هەموو بەشەکانی دەقەکە بە پیتی “ب” دەست پێ دەکات. لە وتارێکی دیکەشدا نووسیومە “وەرگێڕان داهێنانەوەی تێکستە لە زمانێکی نوێدا” بەڵام لێرەدا ئەوەش زیاد دەکەم کە تەنها داهێنانەوە نییە، بەڵکو لای مامۆستا جەلیل پاراستنی تایبەتمەندی تێکست و ئەمانەتداریی تەکنیکیشی بۆ زیاد دەکەین.
هەمیشە کاتێک مرۆڤێکی جوان و نووسەر و وەرگێڕێکی کارامە و سەنگین کۆچی دوایی دەکات تا چەند ڕۆژێک خەمێکی زۆر دڵم دادەگرێت، خەمێک کە تەنها خەمی لە دەستچوونی مرۆڤێک نییە کە هەموو تەمەنی لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە جوانی ببەخشێتەوە، بەڵکو خەمی ئەوەم هەیە کە هێدی هێدی سەرزەمین لە مرۆڤی جوان خاڵی دەبێتەوە. جەلیل کاکەوەیس؛ نموونەی ئەو مرۆڤە جوانانە بوو کە دڵم بۆ ڕاچڵەکی و خەمێک وەکو تەم لەسەر دڵم نیشتووە و بێویستی خۆیشم دڵم بۆی دەگریی، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە مرۆڤە جوانەکان، داهێنەرەکان، هونەرمەندەکان تەنها بە جەستە بەجێمان دەهێڵن، بەڵکو کارە هونەرییەکانیان، وشەکانیان، داهێنەکانیان بۆ هەمیشەیی لامان زیندوو دەبێت. کاکەوەیسیش لەڕێی نووسین و وەرگێڕانەکانییەوە بۆ هەمیشەیی لەلامان بە زیندووی دەمێنێتەوە.

