رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەتی کورد: کێوی خۆڕاگری بەرامبەر نەیاران

کوردستان یاسین
ئەگەر لە هەموو دوونیا، ئافرەت لە چوارچێوەی ناسکی و جوانیدا پێناسە بکرێت، بۆ کورد ئافرەت پێناسەیەکی تری هەیە.
خۆڕاگری و ئازایەتی ئافرەتی کورد لەگەڵ ئەو هەموو ئازار و مەینەتی و دەربەدەریەی لە مێژوودا پێیدا تێپەریوە، پێناس و تێڕوانینی گشتی بۆ ئافرەتی کورد گۆڕیوە.
ئەم خۆڕاگری و ورەی پۆڵاینەی، هێزی داوەتە بەر شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، هێزێک کە ئیرادە و مۆڕاڵی شۆڕشڤانانی هێندە بەرز کردۆتەوە ترسیان نەبووە لە شەهید بوونیان، بڕوای تەواویان بە چاونەترسی و خۆڕاگری و بوێری دایکان و خوشکانیان هەبووە، کە پێشمەرگە ئاسا بۆ ئازادی خاک و وڵات، بەرزکردنەوەی هەستی نیشتیمانی لە تێکۆشاندا دەبن.
ئەو گەلە هەرگیز ناڕووخێت گەر دایک و ئافرەتەکانی شانازی بە شەهیدەکانیانەوە بکەن، ئەم قسەیە پڕ بە پێستی خۆی تەعبیرە لە ڕۆحی خۆڕاگری ئافرەتی کورد، کە هێزێکی بێمەزندەی هەبووە لە ڕووبەڕووبونەوەی نەیاران، بەتایبەت دایک و خێزانی شەهید و شۆڕشڤانان، ئازایەتیەکی بێ وێنە لە بونیەیدا هەیە کە کێو ئاسا بەرانبەر نەیارانی بەکاری هێناوە.
هاوشانی ئازایەتی پێشمەرگەو شۆرشڤانان قاڵغانی هێز و شکۆن بۆ مێژووی شانازیهێنەری گەل و نەتەوەمان. ڕاستیەک هەیە کە هیچ زۆردارێک نەیتوانیوە بیسڕێتەوە، خانمانی کورد هەرگیز لە هیچ بارودۆخێکدا چۆکیان دانەداوە لەبەرامبەر دژایەتی داگیرکەران و تیرۆر، تەنانەت لە کاتی ماڵ وێرانی و جەرگ سووتانیشدا، هەمیشە خۆڕاگر بوون نەک وەک قوربانی جەنگ، بەڵکو وەک بەرزترین هێمای متمانە و بەرگری.
کاتێک دایکی شەهیدێک شانازی بە شەهیدبوونی کوڕی خۆیەوە دەکرد لە جیاتی گریان و بێ هیوایی، ئەم هەلومەرجە لە مەیدانی جەنگدا ورەیەکی نوێی دەبەخشییە پێشمەرگە.
خۆڕاگری ئافرەتانی کورد لە کاتی خەم و لەدەستدانی خۆشەویستانیدا خۆی دەردەخست، وەختێک دایک یان خوشکێک کوڕ یان برای خۆی لەدەستدا، هەڵبژاردنی وەڵامی شانازی لە جیاتی بێهیوای و شکستخواردن، نەک تەنها هێزی خۆیانی نیشان دەدا، بەڵکو دەبووە بەڵگە بۆ هەموو کۆمەڵگە کە ئەم خەباتە بەهایەکی گەورەتری هەیە لە هەر ئازارێکی کەسی، ئەم جۆرە هەڵوێستە ئێستاشی لەگەڵدابێت ئیلهام و هێزێکە بۆ ئێمەمانان لێیەوە فێربووین چۆن ئازار بگۆڕن بۆ هێزی بەردەوامبوون.
لێرەوە بینیمان ئافرەتی کورد لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان ئاواتی چەند ساڵەی دوژمنی لەگۆڕنا ئەو قوربانی جەنگ نەبوو، بەڵکو کۆڵەکەیەکی سەرەکی خەبات بوو کە ورەی پێشمەرگەی بەرزتر دەکردەوە، بە هۆشمەندی و ئارامی خۆی توانیویەتی خێزان بپارێزێت و منداڵانیان لەسەر بیروباوەڕی نیشتیمانسازی پەروەردە بکەن، ئەم میراتەی خۆڕاگری هێشتا بەردەوامە، بووەتە بەشێکی جیانەکراوە لە ناسنامەی خەباتی کوردستان.
دەیەها نمونەی شانازیهێنەری خۆڕاگری ئافرەتانی کورد لە مێژووی گەلەکەمان ماونەتەوە، لە شوباتی ١٩٣٦ کاتێک خەلیل خۆشەوی لە لایەن حکومەتی عێراق و بە یارمەتی جاش و خیانەتکاران شەهید دەکرێت، کە شۆرشگێرێکی دیاری مێژووی گەلەکەمانە، سەری دەبڕن دەیبەن بۆ لای دایکی، ئەفسەرێک لە دایکی خەلیل دەپرسێت: ئەم سەرە دەناسیتەوە؟ بەڵێ، ئەمە سەری خەلیلی کوڕمە کە بە غەدر و ناپاکی کوشتووتانە و من شانازیی پێوە دەکەم. بەڵام ژنەکەی خەلیل نێزیک بوو ببوریتەوە و دەگریا، کەچی خەسووی قیژاندی بەسەریدا گوتی: لە بەردەمیان مەگری با پێمان دڵخۆش نەبن.
ئەم گێڕانەوەیە سەرۆک بارزانی لە پەرتوکی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، لەژێر ناوی ئازایەتیی ئافرەت لە ڕاپەریندا نوسیویەتی.
ئەمە ئازایەتی ئافرەتی کورد پیشان دەدات کە تا چ ڕادەیەک خۆڕاگربوون، تا ئەو ئاستەی هەرگیز نەیان هێڵاوە دوژمننان بەو ئازاردان و غەدرەی دەیکەن ورەیان بڕوخێنێت و دلخۆش ببن.

با زۆر دوور نەڕۆین خۆڕاگری و ئیرادەی دایکە عایشە کە لە پەرلەمانی ئەورووپا نازناوی دایکی شەهیدانی جیهانی پێبەخشرا، دڵ دەهەژێنێت لە هەمان کاتدا هەستی شانازیمان لەلادا بەرزدەکاتەوە. دایکە عایشە کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا، لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە یەک کاتدا سێ کوڕی شەهید دەبن، لەگەڵ ئەو ئازاری جەرگسوتانەشدا وتی: گیانی کوڕەکانی تریشم قوربانی خاک و نیشتمانیان دەکەم.

هاوتاکردنی کێو بە خۆڕاگری ئافرەتی کورد هێشتا کەمیشە، ئیرادەی ئافرەتی کورد لە کینە و تۆڵەسەندنەوە دروست نەبووە، لە بەرزی مۆڕاڵ و ڕۆحی نیشتیمانپەروەری سەرچاوەی گرتووە. کە وەک کێوێک ماوەتەوە لە بەرامبەر هەموو نەیارێک، نەک لەبەر ئەوەی ئازاری نەبینیوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچ ئازارێک نەیتوانی هەستی نیشتمانی بۆ خاک و وڵات، گەل لەلادا کاڵ بکاتەوە، بگرە هەمیشە وەک کێوێک بەرزتر بۆتەوە.
ئافرەتی کورد نیشانیدا کە کێوەکان نالەرزن، تەنها بەرزتر دەبن