رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆ و زانکۆی سەلاحەددین بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەکادیمیی پۆلیس هەماهەنگی دەکەن

شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، سەردانی سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەددینی کرد.

لەو سەردانەدا کە بە ئامانجی پتەوکردنی هەماهەنگیی ستراتیژی بوو، شاندی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و ستافی زانکۆوە پێشوازییان لێ کرا.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە سوودوەرگرتن لە توانا و ئەزموونی ئەکادیمیی زانکۆ بۆ پێشخستنی ستراتیژیی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان. هاوکات بڕیار درا پڕۆگرامی خوێندنی کۆلێژەکانی پۆلیسی هەولێر و سلێمانی بە شێوازێکی مۆدێرن و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان داڕێژرێتەوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی کلتووری متمانە لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتییاندا.

شایەنی باسە، پڕۆسەی چاکسازیی پۆلیسی نیشتمانیی کوردستان (2026–2030) لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپاوە پاڵپشتی دەکرێت.