رۆژنامەی ھەولێر

پێشبینییەکانی ئێڵ‌بەگی جاف

خوسرەو جاف
ئێڵ‌بەگی جاف لە دەڤەری شارەزوور و ڕووباری سیرواندا هاتووه‌تە دونیاوە، بە جاف ناسراوە و لەناو جافیشدا لە تیرەی مکەیالییە کە بە گەورەترین تیرەی جاف دەژمێردرێت و لەناو تیرەی مەکەیالیدا لە بەرەبابەکانی ئالی بەگیەکانە، بۆخۆی تیرەی مکەیالی چوار بەرەبابن (ئالی بەگی) تا بە ئەمڕۆ بە دروستی نەزانراوە لە چ ناوچەیەکی شارەزوردا هاتووه‌تە دنیاوە و لەسەر ساڵی لەدایکبوونی بەوردی ئەوە نەزانراوە بەڵام زۆربەی توێژەران سوورن لەسەر ئەوەی لە ساڵی (٨٩٨ کۆچی ٩٦١ مردوو). واتە ٦٣ ساڵ ژیاوە. لە یەکێک لە دەستنووسەکانی خودی عێل‌بەگدا هاتووە کە بۆخۆی ٨٥٨ ساڵی دوای کۆچی دوایی عەلی لەدایک بووە و، ٦٣ ساڵ ژیاوە.
بە پێی ئەم نووسینە عێل‌بەگ لە ساڵی (٨٩٨_٦٣) کە ساڵی ٨٩٨ مردووە، بۆیە دەڵێم هێشتا بەوردی ژیان و مردنی نەزانراوە؛ عەلائەدین سجادی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا دەڵێت: عێل‌بەگی چوارسەد ساڵ لەمەوبەر ژیاوە مێژووی ئەدەبی کوردی ١٣٧١ لەچاپ دراوە. لە دیوانی (مەلا پەرێشان)ـدا کە ساڵی ١٣٣٥ لەچاپ دراوە دەڵێت: عێل‌بەگی گەلێک لە بەرای نادرشای ئەفشار هاتوەتە دنیاوە، بەڵام با لە ساڵی لەدایکبوونی گەڕێین.
ئەوەی حاشاهەڵنەگرە عێل‌بەگی پەیڕەوی ئایینی یارسانی بووە، ئەوەش حاشاهەڵنەگرە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەلجووقیەکاندا بەشێکی زۆری کوردستان بە تایبەت لە سەردەمی (شاخوەشین)ـدا پەیڕەوی ئایینی یارسانی بوونە جگە لە دیکۆمێنتە دەستخەتەکان لە هەر کوێدا لە کوردستاندا مەزار یان جێگە و شوێن ناوی (باوە)ی پێوە بێ یان (پیر) ئەوە حاشاهەڵنەگرە ئەو دەڤەرە بۆ خۆیان پەیڕەوی ئایینی یارسانی بوونە.

دیکۆمێنت زۆر بەدەستەوەیە عەشیرەتی مەزنی جاف لە سەردەمی دەسەڵاتی سەلجوقیەکاندا زۆربەی زۆریان یارسانی بوونە، هەتاوەکو سەرچاوە بەدەستەوەیە پیر خدری شاهۆ یەکیک بووە لە خەلیفەکانی شاخوەشین هەروەها بابا تاهیری عوریان وە قازی لقوزاتی هەمەدان و زۆری تر؛ وەک ئەوەش زانراوە دیکۆمێنت بەدەستەوەی کە زۆربەی ئەو دیکۆمێنتانە ئایینیانەی یارسان بە لەهجەی گۆران نووسراون هەروەها عێل‌بەگی کە بۆ خۆی پیرێک بووە لە پیرانی یارسانی، نووسینەکانی بە زاراوەی کرمانجی باشوور (سۆرانی) هۆنیوەتەوە بێگومان عێل‌بەگی رچەشنێکیی نەکردووە؛ لە بەرای عێل‌بەگیشدا زۆربەی هۆنراوە یارسانییه‌کان بە زاراوەی کرمانجی خواروو بووە وەک (ئەحمەد کەرکوکی، عابدینە جاف).
لە سەدەی شەشەمدا بە شێوازی کرمانجی خوارەوە نووسیویانە عێل‌بەگی لە پێشینییه‌کانیدا باس لە چەندین زنجیرەدەسەڵات دەکات، وەک زنجیرە دەسەڵاتی (نادر شا ١١٤٨_١١٦٠) و زەندەکانی سەردەمی دەسەڵاتی (کەریم خانی زەند ١١٧٢_١٢٠٩) و، قاجاریەکان (١٢٠٩_١٣٤٤) و، دەسەڵاتی پەهلەویەکان (١٣٤٤_١٣٩٩) و، بەوردی باس لە دەسەڵاتی ئاخوەندیەکانیش دەکا و، بەوەوە ڕاناوەستێت باس لە داهێنان وکردەوەی مرۆڤ دەکا کە لە داهاتوودا فڕۆکە و ئۆتۆمبێل و شەڕە جیهانییه‌کان و زۆر شتی تر دەکات. لەو حەلەدا مرۆڤ عەقڵی پێ نەشکاوە با ئەوەش بوترێت لە مێژەوە پێشبینی کردن لە قۆڵایی مێژوو هەر هەبووە وەک: ویژەوانی زەردەشتیەکان یان (هومەن یەسن)وە (دینگر) و، (بوندەهیش) و، (زەردەشتنامە) و، (ئەنجامنامە) ئەوانە زۆر پێشبینی تیادایە وەنەبێ لەناو ئایینی ئیسلامدا لەو جۆرە پێشبینیانە نەبووبێت لە (مظاهر الانوار) و، (حلیە المتقین) و، (نجم الثاقب) و، (تبصیرة العوام) زۆر پێشبینی لەو کتاوانە دەستنیشان کراون دوور نییه‌ لێرەو لەوێ دەستکاریان تیادا کرابێ. بەڵام ئەوەی عێل‌بەگی وتویەتی زۆریان هاتونەتە دی و بڕێكیشیان ماون و کەس دەستی لەپێشبینییه‌کانی عێلبەگی نەداوەو هەر وەک خۆی ماونەتەوە تا بە ئەمڕۆی من و تۆ.
ئەوانەی بەوردی بەدوای حەقیقەتی عیل بەگیدا سەرقاڵ و ماندوبونە ئەمانەی خوارەوەن.

* فەرەیدون پالیز
* مەلا پەرێشان
* سەید (ص)
* موحەمەدی لیوابەری
* مام ع
* پیر مەلا

لەناو چاوساقانی ئەهلی حەقدا رۆر سەرچاوەی تری باوه‌ڕپێکراو هەنە ئێمە دەستمان پێ ناگات.
* دکتۆر سدیقی بورەکەیی و زۆری تر لێرەو لەوێش، دەربارەی عێلی بەگی نووسەران تەقاڵایان کردووە بۆ نموونە بەندەی موخلیس لە کۆڕی بەغدا یانەی علویە توشی دەردەسەریان کردم ئەگەر نەمگۆتبا کاکە بۆ یاساغە من باس لە یەکێک لە باپیرەکانم بکەم روحی عێل‌بەگی هاتە هانامەوە لەو (مەجلیس تەحقیقی موخابەراتی عێراقی)یە ڕزگاری کردم ئەگینا چەند ساڵێک ئاوی گەرمی بەندیخانەی ئەبوغرێبم دەخواردەوە روحی شادی عێلی بەگی هاتە هانامەوە.
( ١)
من بە قەوڵی گۆران دەکەم
قسە لە ژێر هەوران دەکەم
هەمووی لە بۆ سۆران دەکەم
ئیتاعەتی دەوران دەکەم
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢)**
ئەوسا ئەدای وەفا دەکەم
سەرم پڕشۆر سەودا دەکەم
هەر تەماشای دنیا دەکەم
ڕوو بە تووری سینا دەکەم
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٣)**
ئێران پڕ لە ئاگر دەبێ
حوکمی سوڵتان قاهر دەبێ
ستەم لە خەڵق سادر دەبێ
دەورە دەورەی نادر دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٤)**
خاسان وە بێ وەتەن دەبێ
مورغان دوور لە چەمەن دەبێ
شاهان وە بێ کەفەن دەبێ
دەوران وە کامی زەن دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٥)**
دەوران بە دەست قەجەر دەبێ
تەیموور لە خەو خەبەر دەبێ
گەلێ سەران بێسەر دەبێ
ئاشووب و شۆڕ و شەڕ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٦)**
جیهان پڕ لە غەوغا دەبێ
ئەداکەری پەیدا دەبێ
گەلێ سەران بێسەر دەبێ
فتنە و شەڕێ بەرپا دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٧)**
نیوەی ئێران هی ڕووس دەبێ
ئەوەی هیچ بێ نامووس دەبێ
ئەوسا زەڕیان لە مس دەبێ
دین و ئیمان زۆر سس دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٨)**
شۆڕش لە ئێرانی دەبێ
سەرێ جۆش و گرانی دەبێ
گەلێ مەردان فانی دەبێ
ڕقی دۆستی گیانی دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٩)**
چابوکسوارێ دەنگ دەکا
سەید و شکار پەڵەنگ دەکا
هەر ساعەتێ سەد ڕەنگ دەکا
دنیا و خەڵق پڕ شەنگ دەکا
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٠)**
مەردان مەردی گەزاف دەکەن
هەم بەڕاستی خەلاف دەکەن
قسان بە تیر قەڵاف دەکەن
بە ڕیگەی دوور مەساف دەکەن
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١١)**
گەلێ دڵم بە تەنگ دەبێ

سەدای تۆپ و تفەنگ دەبێ
شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ
ئێران دیلی فەرەنگ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٢)**
ڕەخشی ڕوستەم (ئیزهار) دەبێ
ئەسپی ئاسن ڕەهوار دەبێ
“دوڵدڵ”، شەودێز بەکار دەبێ
گەلێ شت هەن ئاشکار دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٣)**
تیعی مەولام بڕان دەبێ

سپای قەجەر قڕان دەبێ
سەر لە مەیدان فڕان دەبێ
ناری دۆزەخ گڕان دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٤)**
دەورە دەورەی ڕەزا دەبێ
لە دوای ڕەزا غەزا دەبێ
لە دوای غەزا فەزا دەبێ
مەردم دەست بە نزا دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٥)**
ئێران وەکوو فەرەنگ دەبێ

پڕنەقش و ڕەنگاڕەنگ دەبێ
کوڕ وەکوو کچ قەشەنگ دەبێ
مایل بە شۆخ و شەنگ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٦)**
تەیرێ وەک ڕەعد و بەرق دەبێ
گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق دەبێ
دەشت و دەری پێ لەق دەبێ
بە ڕووی هەوا مۆڵەق دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٧)**
خاسان وە بێ مەڵوەن دەبێ
کام دی بە کام ژەن دەبێ
زەوق و زینەت وسیار دەبێ
خەڵقی ژنان وشیار دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٨)**
مانگڕوویانی دەوڵەتی
بادەخۆرانی خەڵوەتی
کۆتالباس و سەرپەتی
جامەسپی و خەتخەتی
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ١٩)**
“عێل‌بەگی” دی دڵگیر دەبێ
فەرەنگستان زنجیر دەبێ
ئێران و ڕۆم نەخچیر دەبێ
ئەوسا فەزا تەسخیر دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٠)**
هەمووی شاهان بێ ڕا دەبێ
لە پڕ شەڕ و هەرا دەبێ
کەم خەڵق وە حوکمی شا دەبێ
چەرخ و چرا وە پا دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢١)**
گاگا قەحتی قەهار دەبێ
خەڵقی زەمان هۆشیار دەبێ
ناهەمواری هەموار دەبێ
ئەوسا سەرێ ئاشکار دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٢)**
تاعەت بە مەجبووری دەبێ
دی بازاڕێ بلووری دەبێ
چینی و فەغفووری دەبێ
گوڵبانگی جەمهووری دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٣)**
کاری مەردان نامەردی بۆ
دەورانەکەی ڕەنگزەردی بۆ
دەواکەیشی دڵدەردی بۆ
ڕۆژگاری دڵسەردی بۆ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٤)**
بانگی یاری زوڵاڵ دەبێ
دەنگی ئەزان بلاڵ دەبێ
ناجی بە علم و حاڵ دەبێ
ئەوسا زاڵم بێحاڵ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٥)**
ئاوازی سازی حەوتسەری
ناڵەی کۆسی حەیدەری
لالەڕووخانی ئەنوەری
دانەی دوڕی بێ‌موشتەری
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٦)**
نەوەرد لە ڕووی دەوران دەبێ
ناڵەی شێر و بەوران دەبێ
مەولام لەسەر ئێران دەبێ
قەڵای دژمن وێران دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٧)**
شەربەتی خوا وەک هەنگ دەبێ
هەر کەس بیخوا خۆشڕەنگ دەبێ
دژمن گەلێ بێڕەنگ دەبێ
ژینی تاریک و تەنگ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٨)**
دوو سپای گەورە بە جەنگ دەبێ
ناڵەی تۆپ و تفەنگ دەبێ
دنیا تاریک و تەنگ دەبێ
شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٢٩)**
دیوانی گورگ و مەڕ دەبێ
دەشتی بەغدا بە شەڕ دەبێ
گشتی بۆ زێڕ و زەڕ دەبێ
خەڵقی ساجان بێ فەڕ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٣٠)**
دیوان کەریۆ و تازی دەبێ
سەر لە مەیدان بازی دەبێ
پەنجگەزان قازی دەبێ
ئەوسا مەولام ڕازی دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٣١)**
عەلی لە غەیب پەیدا دەبێ
دوڵدڵ بۆ شەڕ شەیدا دەبێ
مونکر خوار و ڕیسوا دەبێ
دیسان جیهان ئاوا دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٣٢)**
ئەو وەخت جەنگی جیهات دەبێ
نوختەی یاران هاتهات دەبێ
دیدەی مونکر زڵمات دەبێ
سەیری مەولام نشات دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٣٣)**
حەفتاودوو دین یەک دین دەبێ
سەر دەفتەری ئەمین دەبێ
زاڵم لە زاری و شین دەبێ
دڵی گەلێ بەکین دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

**( ٣٤)**
“عێل‌بەگی” دی دڵشاد دەبێ
لە دەرد و غەم ئازاد دەبێ
یارانی گشت لە یاد دەبێ
دژمن لە زاری و داد دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ

شێواز و تایبەتمەندییە ئەدەبییەکانی ئەم بەرهەمە ڕیتم و دووبارەبوونەوەی مۆسیقی: دووبارەبوونەوەی دەستەواژەی «هەر وا بووە و هەر وا دەبێ» لە کۆتایی هەموو کۆپلەیەکدا، جۆرە ئاوازێکی هێمن بە هۆنراوەکە دەبەخشێت کە نیشانەی چەرخی ڕۆژگار و بەردەوامیی گۆڕانکارییە مێژووییەکانە.
هۆنراوەکە لەسەر شێوازی چوارینەی کلاسیکی کوردی (سۆرانی) داڕێژراوە، سوودی لە خواستن (ئستعارە) و وێنەی کۆنی ئەدەبی وەک «ئەسپی ئاسن»، «رەخشی ڕوستەم» و «تەیرێ وەک ڕەعد» وەرگرتووە تا کەرەستە و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو وێنا بکات.

دەقەکە لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە فەلسەفەی «چەرخ و دەوران» لە بیروباوەڕی یارسانی، کە گوزارشت لە ڕەتبوونەوەی زڵم و سڕینەوەی تاریکی دەکات بەرەو سەرکەوتنی هەق و ئاوەدانبوونەوەی جیهان.
بەندە بە درێژی لەسەر ئەم بابەتەم نووسیوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە بڵاوی دەکەمەوە.