رۆژنامەی ھەولێر

شیعر لە سەردەمی بێهوودەییدا، ڕەنگدانەوەی گوتاری پاشنوێخوازی لە شیعرەکانی زانا خەلیل دا

بـــــــــــــــــــــــاهۆز مستەفــــــــــــــــــــــــــــــــــــــا
شیعری پاشنوێخوازی (پۆستمۆدێرن) بە گشتی هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو بنەما جێگیر و پێوەرە کۆنانەی، کە لە ڕابردوودا وەک حەقیقەتی نەگۆڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. ئەم جۆرە شیعرە سنوورەکانی نێوان هونەری باڵا و ژیانی ئاسایی دەسڕێتەوە، بۆیە زۆرجار بە زمانێکی سادە و ڕۆژانە دەنووسرێت و خۆی لە ڕەوانبێژییە ئاڵۆزەکان دەپارێزێت. لەبری گەڕان بەدوای ئامانجێکی مەزن، یان دروستکردنی پاڵەوانی خەیاڵی، ئەم هەوڵە ئەدەبییە تیشک دەخاتە سەر نامۆبوونی مرۆڤ، بەکارهێنانی تەنز، خستنەژێر پرسیاری سەرجەم ئەو باوەڕە چەسپاوانەی، کە تاکەکانیان پێوە پابەند کراوە. بەم شێوەیە، دەقی پاشنوێخوازی تەنیا دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ پیشاندانی سەرلێشێوانیی تاک و پەرتەوازەبوونی لە سەردەمی ئێستادا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێک بۆ ڕزگاربوون یان چارەسەرێکی ئایدیاڵی پێشکەش بکات.
ئەم دەقانەی (زانا خەلیل) نموونەیەکی بەرجەستەی گوتاری شیعریی پاشنوێخوازین،
چونکە لەسەر کەلاوەی گێڕانەوە گەورەکان و لە نێو هەناوی تێکشکانی بەها کۆنەکاندا دادەمەزرێن. پاشنوێخوازی وەک دۆخێکی ڕۆشنبیری و هونەری بەرهەڵستیی ڕاستیی ڕەها، پاڵەوانی ڕۆمانسی، چەقبەستوویی واتا و ئایدیۆلۆژیا گەورەکان دەکات، لە جێگەی ئەوان جەخت لەسەر فرەیی، گومان، شێواندنی سنوورەکان، پەراوێزخراویی سەبژێکت و بێهوودەیی سەردەم دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبی پاشنوێخوازی، شیکاریی ئەم چوار دەقە بەسەر چەند تەوەری سەرەکیدا دابەش دەبێت:
داڕمانی دژە باوەکان و پەراوێزخستنی مێتافیزیک
«هاتنە دەرەوە لە دەرەوە»
لە تیۆریی هەڵوەشاندنەوەگەریی پاشنوێخوازی (بە تایبەت بەپێی چەمکەکانی ژاک دێریدا)١،
« زمان لەسەر کۆمەڵێک جووتدژیی نەریتی بنیاد نراوە: گەورە/بچووک، سەرکەوتن/دۆڕان، هێز/لاوازی، بەهەشت/دۆزەخ. لە دەقی «هاتنە دەرەوە لە دەرەوە»، شاعیر یارییەکی ڕیشەیی بەم دوانەییانە دەکات و بەهای باوی هەموویان سەروژێر دەکات.

«نامەوێ نە لە پێش کەس و
نە کەسیش پێشم بکەوێ
نامەوێ نە گەورەتر بم، نە بچووکتر
نە سەرکەوتووتر، نە دۆڕاوتر» ( خەلیل ٢٠١٥، ٩).
لێرەدا سەبژێکتی پاشنوێخوازی ڕەخنە لە مۆدێرنیتە و سیستەمی سەرمایەداری دەگرێت، کە مرۆڤ دەخەنە نێو پێشبڕکێ و پلەبەندییەوە. دەقەکە بە پێچەوانەی شیعری کلاسیک و ڕۆمانسی، پاڵەوانێکی سەرکەوتوو بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو خودێک دەخوڵقێنێت، کە دەیەوێت لە سیستەمی بایینەر (٠، ١) دەربچێت. سەیرتر لەوە دەستکاریی کایەی پیرۆزی و میتافیزیکە کاتێک دەڵێت:

«سەرزەمین و ئاسمان و
بەهەشت و ئاگرم، هەر هەمووی بۆ خۆم»
بەهەشت و دۆزەخ چیتر وەک دوو شوێنی جوگرافیایی، یان حەقیقەتی دەرەکی نامێننەوە، دەبن بە بەشێک لە سایکۆلۆژیا و ژیانی ڕۆژانەی تاک. واتا گەورەکان بەرتەسک دەکرێنەوە بۆ ئاستی خودی پەرشوبڵاو. خودێک کە دەیەوێت تەنانەت لە “دەرەوە”ش بێتە دەرەوە، ناونیشانەکە پارادۆکسێکی تەواو ئاماژەیە بۆ نەبوونی هیچ چەق و شوێنێکی جێگیر.

هۆتێل وەک ناشوێن و تەنیایی سوبژێکتی پەرتەوازە
«ڕاهاتن»
فەیلەسوف و ئەنترۆپۆلۆژناس (مارک ئۆژێ)٢ چەمکی (نا-شوێن) بۆ ئەو فەزایانە بەکار دەهێنێت، کە پێناسەی مێژوویی و شوناسی نەریتییان نییە، وەک هۆتێل، فڕۆکەخانە و وێستگەکان.
لە شیعری «ڕاهاتن»دا، هۆتێل چەقی مانایە.
«ماوەیەکە بەوە ڕاهاتووم کە سەفەر دەکەم
بە تەنیا سەفەر بکەم.
کە بە تەنیا سەفەر دەکەم
دەرگای ژوورێکی هۆتێلە کە
بە ڕووی دنیادا قفڵ دەکەم
باوەڕم هێناوە پیاوی تەنیاییم» (خەلیل ٢٠١٥، ٣٩)
لە نوێخوازیدا، سەفەر بۆ گەڕان بوو بەدوای حەقیقەت و واتا نوێیەکاندا، بەڵام لە دۆخی پاشنوێخوازیدا سەفەر ڕاکردنە بەرەو دابڕانێکی تەواو، چوونە بۆ ناو فەزایەکی کاتی و بێ شوناس (ژووری هۆتێل). کلیل و قفڵکردنی دەرگا هێمای دابڕانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دونیای دەوروبەردا.
«بۆ خۆم بخۆمەوە و بکێشم و هیچ نەکەم»
نموونەی کەوتنی مرۆڤە بۆ نێو دۆخی پاسیڤبوون هەڵوەرینی چالاکییە بەرجەستەکان، چیتر نایەوێت دونیا بگۆڕێت، بەڵکو تەنیا دەیەوێت پەردەکە دابخات و لە نێو ناشویێنی هۆتێلدا بەکاربەرێکی کاتی و تەنیای بژیت.
پووچکردنەوەی ڕۆمانسیزمی کلاسیک و سەردەمی لەبیرچوونەوە (ئەگەر دەتەوێ عاشق نەبیت).
پاشنوێخوازی ڕەخنەیەکی سەخت لە کڵێشەکانی پێش خۆی دەگرێت، بە تایبەت ڕۆمانسیزمی تەقلیدی. ئەم شیعرە لە ڕووی شێوازەوە دژە-ڕێنماییە، کە تێیدا هەموو سیمبۆلە باوەکانی عەشق دەخرێنە ژێر پرسیارەوە:

«کە داوای گوڵی سوور و سینەمای لێتکردیت و
شیعری بۆ خوێندیتەوە، لەبیریبکە..
ئەگەر سەرتان خستە باوەشی یەکتر و
چیرۆکتان گێڕایەوە، لەبیریبکە» (خەلیل ٢٠١٥، ١٥)
گوڵی سوور، سینەما و شیعر خوێندنەوە سێ هێمای باو و بەکاربراوی عەشقی مۆدێرن و ڕۆمانسین. شاعیر وەک ڕەخنەگرێکی هونەری دەردەکەوێت، پێمان دەڵێت ئەم دیمەنانە هەموویان دووبارەکردنەوەی فیلم و کۆپییەکانن، نەک حەقیقەتێکی قووڵ.
لە دوادێڕیشدا دەڵێت:

«ئەگەر ویستان بڕۆن و نەزانن بەرەو کوێ و
لەگەڵ ئەوەشدا بڕۆن، زوو لەبیریبکە»
لێرەدا ئەو عەشقە ونبووەی، کە ڕۆمانسییەکان بە سەرگەردانییەکی پیرۆز دەیانبینی، لای ئەم دەقە دەبێت بە پووچی و نائارامییەک کە شایەنی سڕینەوە و لەبیرکردنە، ئەمەش دەرخەری سروشتی خێرای سەردەمی پاشنوێخوازییە کە هیچ یادەوەری و سۆزێک ناپێوێت و شتەکان زوو لەسەر پەڕەی هۆش دەسڕێتەوە.
شێواندنی کات و گومان لە باوکسالاری و پیرۆزییەکان (چی دەبێ هەچی ببێ؟)
ئەم دەقە تەواوترین گوتاری هەڵوەشاندنەوەگەرایی شێواندنی لۆژیکە لەم کۆمەڵەیەدا

تێکدانی کاتی نەریتی:
«چی دەبێ ئەگەر سەعات دووی نیوەڕۆ بێ و
تۆ پێت وابێ سێی شەوە؟»
پاشنوێخوازی کاتی بابەت ڕەتدەکاتەوە، بۆچی دەبێت سەعات بڕیار لەسەر دەروونی مرۆڤ بدات؟ کات دەبێتە کایەیەکی ڕێژەیی و تاکەکەسی.
شکاندنی خوازەی کولتووری و باوک:

«چی دەبێ ئەگەر خۆت، خۆت بخەیتە بیرێک و
لە نامەیەکدا بۆ باوکت بنووسیت
بابە گورگ منی خوارد؟»
نێودەق، ئەم دێڕە پێچەوانەکردنەوەی تەواوی دەقی «حەزرەتی یوسف»ـە بە شێوەی پارۆدی، یان هەڵگەڕاوە. لە دەقە مێژووییەکەدا، براکان یوسف دەخەنە بیرەوە و بە باوکیان دەڵێن گورگ خواردی، لێرەدا خودی سەبژێکت خۆی دەخاتە بیرەکەوە و نامە بۆ باوکی دەنێرێت. ئەمە تەنزێکی تاڵە قوربانیبوون، ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتییەکی شێتانە لە ونبوونی خۆت، یان تانەدان لە خودی دەسەڵاتی باوکسالاریە.

کۆتاییهاتنی پەیام و میتافیزیک:
«چی دەبێ ئەگەر بچیتە ئەشکەوتێک و
نێیتە دەرەوە
چونکە بڕوات وابێ پێغەمبەرایەتی
پێویستی بە گۆشەییە؟
چی دەبێ هەم بۆ تاقیکردنەوە،
خوا لە ڕقی شەیتان
سەقفی خانووەکە
بەسەر منداڵەکانتدا بڕوخێنێ؟» (خەلیل ٢٠١٥، ٣٢)
دەقەکە دەکەوێتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گێڕانەوە ئایینییەکان، ئەیوب و چیرۆکەکەی. بەڵام بە دیدێکی پووچگەراییی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. پرسیارەکان سەبارەت بە دادپەروەری، ئازار و بوون لە فۆرمی گریمانەی ناماقووڵدا دەخرێنە ڕوو، دەقەکە ڕێگا نادات خوێنەر بە وەڵامێکی دڵنیاکەرەوە بگات، بەڵکو گومانەکە دەهێڵێتەوە.

تەنیایی وەک چارەنووسی دوایی
لە کۆتایی دەقەکەدا هاتووە
«چی دەبێ هەرچی ببێ لەو دنیایە
مادەم دەزانین
ملیۆنان ڕێگا هەن،
هەمووشیان تەنیا بەرەو تەنیایی» ٣٣
ئەمە لوتکەی گوتاری نیهیلیزمی پاشنوێخوازییە. لە جێگەی ئەوەی ڕێگاکان بەرەو ڕزگاری، ئاسمان، یان بەختەوەری و فرەیی بچن، هەموو ئاڕاستەکان تەنیا بۆ تەنیایی تاک دەچنەوە، ئامانجەکە لە ناوەڕۆک بەتاڵ کراوەتەوە.

ئەنجام
ئەم شیعرانەی زانا خەلیل نموونەی دەقی فرەدەنگ، گومانئامێز، زمانی شیعرەکان ڕوون وڕەوان و ڕۆژانەن، بەتاڵکراوە لە ڕەوانبێژیی و ئاڵۆزی و دەربڕینی کلاسیکی، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ دەقەکان، نایانەوێت پەیامێکی ئەخلاقی یان سیاسیی گەورە بە خوێنەر بدات، بەڵکو وێنەی شەکەتی، گومان لە چەقە باوەکان، گەڕان بەدوای تەنیایی و بەتاڵبوونەوە لە کڵێشەکانی پێش خۆیان نیشان دەدەن. لەم دەقانەدا واتا نایەتە خوارەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بکات، بەڵکو دەڕوات تا لە ژوورێکی هۆتێلدا، لە تاریکیی بەردەم پەردە داخراوەکاندا، دەرگای بیرکردنەوە بە ڕووی دڵنیاییدا قفڵ بکات.

سەرچاوە:
زانا خەلیل، ٢٠١٥، سەگێک لە خوێنمدا، گروپی کولتوری و هونەری هاڤی چاپی کردووە، هەولێر.
• Marc Augé، Nicht-Orte: Einführung in eine Anthropologie der Übermoderne، Verso London/New York، 1995
• Jacques Derrida، Dekonstruktion & Binäre Oppositionen، Grammatologie، Johns Hopkins University Press، 1976، Schrift und Differenz، Routledge، 1978
• Jean-François Lyotard، Ungläubigkeit gegenüber Metanarrativen، Das postmoderne Wissen: Ein Bericht، University of Minnesota Press، 1984