سەدیق سەعید ڕواندزی
زمان لە نووسیندا، هەڵگریی خاسیەتێكی هونەریی و ئستاتیكی و مانایە، جۆرێكە لە هونەری ڕێكخستن و دەربڕین و بیناكردنی هونەرییانەی زمان. بۆ ئەوەی ئەو زمانە فۆرمێكی هونەری وەربگرێت، هەر ئەمەشە زمانی نووسین لە زمانی واقیع و نێو پانتایە كۆمەڵایەتییەكە جیا دەكاتەوە. بەو مانایەی هونەری جوانگوتن و وێناكردن و گوزارشتی ڕێزمانیانە لە نووسیندا دەبێ بوونی هەبێت، بەڵام لە ئاستە كۆمەڵایەتییەكەی زماندا، زمان پێویستی بەو ڕێكخستن و جوانكارییە نییە، چونكە گەیشتنەكە مەبەستە، نەك چۆنیەتیی گەیشتن. ئێمە كە ڕووداوێكی واقیعی دەبینین، ڕەنگە تا ئەندازەیەك سەرنجمان ڕابكێشێت، ڕەنگدانەوەی لە سەر هەست و سۆزمان هەبێت، دواتر لە بیری بكەین، بەڵام كاتێ هەمان ئەو ڕووداوە دەكرێتە تیمەی ڕۆمانێك و دەیخوێنینەوە، ئەوا ڕەنگدانەوەی قووڵتری لەسەر هەست و سۆزمان دەبێت و دەبێتە جێگەی تێڕامانمان و ڕەنگە دوای چەندین ساڵ و بگرە بۆ كۆتاییش لە بیرمان نەچێت! بێگومان ئەمە بۆچی وایە؟ چونكە زمانی گوزارشتكردن لە ڕووداوەكە، زمانێكی هونەری باڵایە و ئەمەش دەبێتە جێی سەرنج و چێژی خوێنەر. لێرەوەش زمانی تێكست، بە دەیان خاسیەتی هونەری و بابەتی و زمانەوانی لە زمانی دەربڕینی ئاسایی جیا دەكرێتەوە، چونكە لە نووسیندا، زمان هەر تەنها گەیێنەرێك نییە، بەڵكو شێوازی گەیاندن و چۆنیەتی دەربڕینەكەشە. ڕێكخستنی وشە و وێنە، ئاماژە و چۆنیەتی گەیاندنە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، بواری ئەو ڕێكخستە هونەریی و ئستاتیكیەی زمان یان نییە، یان زۆر سنووردارە، چونكە لەو سەكۆیانەدا، ئەوەی گرنگە گەیشتنەكەیە، نەك ئەوەی بە چ زمانێكی هونەری بابەتەكە گەیشتووە، لەو سۆنگەیەوە گەر سەرنج بدەین، دەبینین بە گشتی زمانی نووسین، مەگەر لای بەشێكی بژاردەی نووسەران، دەنا ئەویتر وێرانەیەكە ئەوسەری دیار نەبێت، بۆیە بەگشتی كاتێ دەگوترێت شاشە ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە لە دروستكردنی خوێنەری بیركەرەوە و بڵاوكردنەوەی كولتووری خوێنەوە، من سەیرم پێ دێتن! شاشە نەك ئەو ڕۆڵەی نەبینیوە، بگرە بۆتە مەترسییەكی گەورە بە سەر دنیای نووسین و زمانی هونەری و ئستاتیكی دەق و ئاشتەوایی خێزانی و كۆمەڵایەتی و ئادابی گشتی كۆمەڵگەش ! گەر شاشە ڕۆڵی هەبێت، لە بە كولتووریكردنی خوێنەوە، وەك ئەوەی بەشێك لە نووسەران تێی گەیشتوون، ئەوا دەبوو ئێستا جوانترین و شكۆدارترین و پڕ ماناترین زمانی دەربڕین و گوزارشتكردن لە نێو تاكەكانی كۆمەڵگەی ئێمە هەبووایە، بەڵام ئێمە لە بەرانبەردا چی دەبینین؟ چی دەخوێنینەوە؟ بۆیە هیچ كاتێك شاشە ناتوانێت، هەمان تایپی خوێنەری كتێب، بە هەموو تایبەتمەندییەكانەوە دروست بكات. بە هەزاران كەس هەن، كۆمێنت و لایكی بابەتێك دەكەن، بێ ئەوەی هەر خوێندبیتیانەوە، چونكە سروشتی مامەڵەكردن لەگەڵ شلشە وایە، كە ڕاگوزەر و تێپەڕە، بۆیە ئێمە گەر بمانەوێت، كولتووری خوێنەوە پەرە پێ بدەین دەبێ بگەڕێینەوە سەر كتێب، چونكە گەر مەعریفەیەك هەبێت لە وێدایە، نەك شاشەیەك كە سات نییە ئێمە لە بەرانبەریدا، ڕووبەڕووی بێبەهاكردنی زمان و شكۆمەندی مرۆڤ و ئەدگارە جوانەكانی كۆمەڵی كوردەواری نەبینەوە.

