جەلال ئالئەحمەد
ئەگەر ئێوەش بەیانی ئەو ڕۆژە لە شەقامە باریکەڵانەکەوە تێپەڕیبان کە باب هومایۆنی بە ناسرخەسرەو دەبەستێتەوە، بێگومان تەرمەکەیتان دەبینی. لە تەنیشت جۆگەلە ئاوەکە، نزیک دەروازە چەماوەکەی کە سێ دەرگای ماڵانی لێ دەردەچوو، کەوتبوو. هێشتا دەست و قاچێکی لە نێو جۆگەلەکەدا بوون. خەڵکیش دەوریان دابوو و خەریکی زۆربڵەیی بوون.
دوو پاسەوان، بە دوو پارچە کاغەزی پانەوە گەیشتن و خەڵکەکەیان لێکشاندەوە.
سەرتا جەواڵە دڕاوەکەیان لەسەر شانی لادا کە جگە لە پانتۆڵەکەی ببووە جل و پۆشەری. جەواڵەکەیان ڕاوەشاند، تا بزانن هیچی لێ دەکەوێتەخوارەوە، پاشان فڕێیان دایە گۆشەیەکەوە. ئەو پاسەوانەی کاغەز و قەڵەمەکەی بە دەستەوە بوو، دوای نووسینی چەند ڕستەی یەک لە دووی یەکی هاوشێوە ڕاپۆرتێک، گوتی:
– جەواڵێکی دڕاو
پاسەوانەکەی تریش دەستی کردبووە پشکنین، بەڵام ئەویتریان ڕیز بە ڕیز دەینووسی:
– شقارتەیەکی ئەمریکیی نیوەچڵ
– پێنج جگەرەی پانبووەوە، لەتوێی پارچە ڕۆژنامەیەک
– دوو ڕیاڵ و نیو پارە
– ناسنامەیەکی دەفتەرییی بێ وێنە
– تیغێکی قەڵەمتراشی ژەنگاوی
– هەر ئەوەنەیە؟
و ویستی ژێر ڕاپۆرتەکە واژۆ بکات کە ئەویتریان هەروا کە سەری شۆڕکردبووەوە و خەریکی پشکنینی گیرفانی پانتۆڵی مردووەکە بوو، گوتی:
– هەروابێتەوە پانتۆڵێکیش
پانتۆڵەکەشیان نووسی و دواتر ژێر ڕاپۆرتەکەیان واژۆ کرد و.. و بەو شێوەیە، دەفتەری ژیانی مرۆڤێکیان داخست.
نە ڕەش داگەڕابوو و نە چاوەکانی دادڕابوون. بە قەد و گیپاڵێکی ئاسوودە و ڕوخسارێکی دڵنیاوە، هێشتا لە تەنیشت جۆگەلەکە پاڵکەوتبوو. لەوەئەچوو خەوتبێت.
چەند کەسێک کە لە تەنیشت هەشتییەکە (١) وەستابوون، لەگەڵ ژنێکدا قسەیان دەکرد کە ڕۆخ دەرگای یەکێک لە خانووەکان وەستابوو.
ژنەکە دەیگووت: دوێنێشەو کە ویستوویەتی ئاوەکەیان بکاتەوە، لە هەشتییەکەدا پیاسەی کردووە و چەندی پێیگوتووە: مامە، چ دەکەی و کارت چییە؟ وەڵامی نەداوەتەوە. کە دووبارە هاتووە ئاوەکە بگرێتەوە، بینیبوویەوە لە تەنیشت جۆگەلەکە دانیشتووە و دەست و پێی خۆی دەشوات. پاشان کە ویستوویەتی گۆزەکە لە سەر جۆگەلەکە هەڵێنجێت، هەر لەوێ وەک ئەوەی خەوی لێبکەوێت، بینیویەتی.. هەر ئەوەندە.
پاسێک کە دەیویست بەو شەقامە تەنگەبەرەدا تێپەڕێت، خەڵکەکەی ناچار کرد لەسەر ڕێگەکە لاچن. هەندێکیش بە دەوریدا خڕببوونەوە. ئەوانەی کە کاریان هەبوو، تەنها بۆ چەند چرکەیەک سەریان بەرەولای دەسوڕاندەوە. هەندێکی دیکەش چاوی خۆیان دادەخست و لە ژێر لێوەوە شتێکیان دەگووت. بەعزێکیش هەنگاوەکانیان خێراتر دەکرد، وا دیاربوو دەیانویست لە مەرگ ڕابکەن. بەشێکیش بێ هیچ گۆڕانکارییەک، ساردوسڕ و بێباکانە بە تەنیشتیدا تێپەڕ دەبوون.
نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، یەک دوو شەقام واوەتر، تەرمی کەسێکی تریان لەسەر شان دەبرد. ئەو خەڵکەی تەرمەکەیان هەڵگرتبوو، وەها دەڕۆیشتن کە دەتگووت چیای ئوحودیان بەسەرشانەوەیە. ڕەنگە پاداشت و خێراتی مردووەکە بووبن یا پارەکانی بوون کە ببوونە ئاپۆڕای بێهەژمار و مردووەکەیان بەرەو پێشەوە دەبرد. جەماوەرەکە شانبەشان تێکئاڵابوون. بێگومان مردووەکە چ پیاوێکی خێرخواز بێت و ئەگەر چەند فریشتەیەک لە دونیای سەرەوە فەرمانی بەخاکسپاردنیشیان پێدرابێت، ئەوا هیچ ڕێگەیەک نەمابووەوە جگە لەوەی پێ بەسەر سەری خەڵکانی تردا بنێن. هاتوچۆ وەستابوو..
دوو سێ ژن، بە عەبا و چارشێوی لەڕەنگچووەکەی نوێژیان، لە تەنیشت شەقامەکە خۆیان بە دیوارەکەوە لکاندبوو. یەکێکیان گوتی:
– چەند منداڵی هەیە؟
ئەوی تریان وەڵامی داوە:
– دە کوڕ و کچێکی مێردار. دوو ژنیشی هەیە.
– وسیەتی کردووە؟
– نا؟ ئەو سەگبابە لەناکاو جەڵتە لێیدا.
و هەمان ژنی یەکەم خەمبارانە، گوتیەوە:
– بەدبەختانە! من دڵم بە مناڵەکانی دەسووتێت.
– بۆ؟ بڕۆ دڵت بە باوکی مردووی خۆت بسووتێت! چەند ڕووقایم..
– ئۆی، هەتیوچەکان. تا ئێستا بە ئاسوودەیی دەیانخوارد و دەگەڕان، ئێستا ئەو هەموو مڵک و ماڵە بۆ کێ بێ؟
خەڵکەکە هێشتا بە بەردەم دووکان و باڵەخانە بەکرێدراوەکانی خودی مردووەکە تێدەپەڕین. کرێچییەکانی، هەندێکیان هاتبوونە بەردەم دووکانەکان و بۆ قەرزە دواکەوتووەکانیان، نەخشە و پلانیان بۆ میراتگرانی دەکێشا. ئەوانەی تریش کە خەیاڵی دیکەیان لە مێشکیدابوو، شانیان دابووە ژێر تابووتەکە و ئامادە نەبوون خاوەن مڵکەکەیان بسپێرنە ئۆتۆمبێلی تەرمگواستنەوەکە.
پاسەوانەکانیش بۆ پاراستنی دۆخەکە، هاتبوونە پێشەوە…
..پاسەوانە بەدبەختەکان!
کەس نەیزانی چەندیان دابوو بەو کاغەزەی کە ڕاپۆرتی مردووەکەی تەنیشت جۆگەلەکەیان لەسەر نووسی؟
ئاخۆ لە دوو ڕیاڵ و نیو زیاتر بوو؟!
لەوانەیە.. لەوانەشە کاغەزەکەشیان دزیبێت!…
هەرچۆنێک بێت، ئەگەر بەڕێوەبەرەکەیان لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکردبان، پارەی دوو چاییان دەست کەوتبوو..
پەراوێز:
هەشتی: ڕاڕەوی سەرگیراوی هەشتگۆشەی بەر دەرگای چوونەژوورەوە، لە ئێران ئەمانە لە ڕووی بیناسازییەوە باوە، مەجاز
سەرچاوە:
لە کۆمەڵە چیرۆکی (دید و بازدید)

