رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی کوردستان ١١ گەنجی دیکە لە وڵاتی لیبیا دەگەڕێنێتەوە حکوومەت جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری ڕێگەی کۆچی نایاسایی

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، گەڕاندنەوەی ١١ گەنجی دیکەی لە وڵاتی لیبیاوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و دەڵێن؛ وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و سۆراغی ١٠ هاونیشتیمانیی تری ڕاپەرین چڕ کردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێك هاونیشتیمانی لە وڵاتی لیبیا گەیشتە دەستمان، ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران، کە بەپەلە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن و هێنانەوەیان، لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە هەر یازدە هاونیشتیمانی تەواوبووە لەو چەند ڕۆژە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو؛ لە هەمان کاتدا وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەموو هەوڵ و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و سۆراغی ١٠ هاونیشتیمانیی تری ڕاپەرین چڕ کردووەتەوە کە ماوەیەکە بێسەروشوێنن و بەهەماهەنگی لەگەل باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا، وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری ڕێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی پێشێلکاریی یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی ٨ مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە.