ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبات بۆ فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و بڕیارە سبەی دووشەممە بە فەرمی ڕادەستیان بکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، هەر سبەی دووشەممە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی (مانگی ئابی 2026)، ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت، ئەوەش بە ئامانجی وردبینیکردن و خێراکردنی پڕۆسەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

