پارێزگاری دهۆک ڕوونکردنەوەی لەبارەی دیمەنەکانی بڕینەوەی دار لەسەر سنوورەکان دا و ئاشکرای کرد، کە دوای بەدواداچوونی ورد دەرکەوتووە ئەو دارانەی بڕدراونەتەوە دەکەونە ناو سنووری دەوڵەتی تورکیا، نەک لە خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای بەدواداچوونێکی زۆر ورد لەسەر ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرابوونەوە، دەرکەوت ئەو دارانەی بڕدراونەتەوە دەکەونە ناو سنووری دەوڵەتی تورکیا و لە سنووری هەرێمی کوردستان نین.
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، نابێت هیچ کەسێک بکەوێتە ژێر کاریگەری و گوشاری سۆشیال میدیاوە، هاوکات سوپاسی هەڵوێستی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کرد کە لەسەر ئەم پرسە دڵسۆزییان بۆ ژینگە نیشان داوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

