رۆژنامەی ھەولێر

توركیا مووشەكی بەرگریی S400 لەوڵاتی سێیەم جێگیر دەكات

کارزان گلی – هە‌ولێر

توركیا بەبەهای چوار ملیار دۆلاری ئەمریكی، مووشەكی بەرگریی S400ی لە رووسیا كڕی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا گەمارۆی سەربازی بخاتە سەر توركیا و رێگەی نەدا توركیا ئەو مووشەكە بەكاربهێنێت، بۆیە توركیا دەیەوێت ئەو مووشەكە بەرگرییە لەوڵاتێكی تر جێگیر بكات، رووسیاش نیگەرانە لەو هەنگاوەی توركیا.

توركیا بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی بەو سیستەمەی داوە نەفەوتێت، دەیەوێت بیفرۆشێتە وڵاتێكی تر، یان لەو وڵاتە دایبنێت كە خۆی مەبەستییەتی، بەڵام رووسیا هۆشداری داوەتە توركیا، بەهیچ شێوەیەك بەبێ پرسی رووسیا ناتوانێت S400 لە هیچ وڵاتێكی تر جێگیر بكات.
وتەبێژی كرملین لەبارەی ئەو پرسە دەڵێت: ”ئێمە لەگەڵ توركیا لەسەر هێڵین و گفتوگۆكان بەردەوامن، چونكە دەبێت رووسیا رەزامەندی بدات، ئەوكات توركیا بۆی هەیە S400 بفرۆشێتە وڵاتێكی تر، یان لەوڵاتێكی تر جێگیریی بكات.“
لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، رووسیا قبوڵی ناكات S400 لە وڵاتێك جێگیر بێت كە دۆستی رووسیا نەبێت، بۆیە ئەگەر توركیا S400 لەوڵاتێك جێگیر بكات ئەو وڵاتە دۆستی رووسیا بێت، ئەوكات رووسیا ئامادەیە هەموو پێكهاتەكانی ئەو سیستەمە بەرگرییە رادەست بكات.
لە ٢٠١٧ بەهۆی شەڕی ناوەخۆی سووریاوە، نێوانی توركیا و ئەمریكا تێكچوو، بۆیە توركیا رووی لە رووسیا كرد و مووشەكی بەرگری S400ی لێی كڕی. ئەوكات ناتۆ دژی ئەو هەنگاوەی توركیا وەستایەوە و ئەمریكایش لەرێگەی كۆنگرێسەوە توركیا لەسیستەمی دروستكردنی فڕۆكەی جەنگی F35 دەركرد و جیا لەوەش رێگەیان نەدا فڕۆكەی F16ی توركیاش نۆژەنبكرێتەوە، كە چەندین ساڵە توركیا دەڵێت پێویستە ئەو فڕۆكانە نۆژەن بكرێتەوە.
ئەم فشارانە وای لە توركیا كرد، نەتوانێت مووشەكی بەرگریی S400 لە رووسیاوە بهێنێتە توركیا، بەڵام چوار ملیار دۆلاری پێشەكی دابووە رووسیا.
لەمانگی تەمووزی ئەمساڵ، لەكۆنگرەی لوتكەی ناتۆ، كە لە ئەنكەرا ئەنجام درا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا گوتی: ”هەڵسەنگاندن دەكەین تا توركیا بخەینەوە ناو پروگرامی دروستكردنی فڕۆكەی جەنگی F35“ ئەم گوتانەی ترەمپ بۆ توركیا گرنگ بوو و بەتەواوی دەستبەرداری مووشەكی بەرگریی S400ی رووسی بوو.
واشنتۆن زۆر دڵخۆشە بەوەی توركیا دەیەوێت S400 لەوڵاتێكی تر جێگیر بكات نەك لە توركیا، بەڵام ناكۆكی لەنێوان توركیا و رووسیا دروست بووە، بەوەی رووسیا دەڵێت نابێت وڵاتێك ئەو سیستەمە بەرگرییەی هەبێت كە دۆستی رووسیا نەبێت، بۆیە تاوەكوو ئێستا نازانرێت توركیا بەنیازی چییە و كەی ئەو رێككەوتنە لەگەڵ رووسیا دەكات بۆ ئەوەی S400 لەوڵاتی سێیەم جێگیر بكات؟
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بەرگریی توركیا، ئەوان پێویستیان بەوە نییە مووشەكی بەرگریی هیچ وڵاتێك وەربگرن، چونكە بۆ خۆیان لە ساڵی داهاتوو مووشەكی بەرگریی دروست دەكەن، كە هاوتای سیستەمی پاتریۆتی ئەمریكایە و جیا لەوەش فڕۆكەی بێفرۆكەوان و مووشەكی كیشوەر بڕ و زۆر چەكی تری پێشكەوتوویان دروست كردووە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا لەگوتارێكدا وەسفی پیشەسازی سەربازی توركیای كرد و گوتی ”تا چەند ساڵێكی تر دەتوانن فڕۆكەی جەنگیش دروست بكەن“.