عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
وێنە لە بۆشاییدا دروست نابێت. مرۆڤ بەرەبەرە لە زەینی خۆیدا وێنەیەکی بەکەڵک و جێی متمانەی بۆ جیهان و بیركردنەوەكانی دروست دەکات؛ لە دروست كردنی ئەو وێنەیەدا سەرەتا یەک ڕاستیی تەقڵیدی هەبوو، بەڵام بە هۆی تێگەیشتن و پێشكەوتن و بڕوابوون بە جیاوازی، ئیتر مرۆڤ جیهانی خستە نێو وێنەی فرەڕەهەند و فرە بیركردنەوە و فرەماناوە.. لێرەوە جیهان وێنەی بەکەڵک و جێی متمانەی كەسی تێپەڕاند و واقیعێکی جیاواز —و هەندێک جار دژبەیەكی لەگەڵ واقیعی ڕاستەقینە بەیەكەوە گونجاند، بەو مانایەش وێنە لە ئامانج و مەبەستێكی دیاریکراوەوە بۆ جیاوازی و زۆرترین بەکارهێنان بڵاوبۆوە.
ئەگەر دوێنێ مرۆڤ جیهانی لە زەینی خۆیدا وێنا كردبێ و بیركردنەوەی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگای لەخۆدا هەڵگرتبێ، ئەوە ئەمڕۆ بە تەواوی جیهانی جیهانی وێنەیە و وێنەش هەر تەنها لەبری مرۆڤ و كۆمەڵگا بیر ناكاتەوە، بەڵكو شوێنی زمانی ئەوی لە بڕیاردانیشدا گرتۆتەوە!. بەو مانایەش وێنەیەک ملیۆنان وشەیە، بۆیە شتەکان لە زەینی مرۆڤ سەرەوژێر دەبن و لە شوێنی بنەڕەتیی خۆیان لادەدرێن، ئیتر وێنەی “زمانی”، خودی “زمان” نییە، وەک چۆن وێنەی خودیش تەنها خودەکە نییە؛ بەڵکو وێنەی “زمانی ئەوی تر” ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی ئێمەیە لەگەڵ خودی دابەشبووی زمان و خودی دابەشبووی خۆمان کە لە تەكنەلۆژیادا ڕەنگی داوەتەوە. لێرەوە “وێنەی دیجیتاڵی” بووەتە زانستێکی سەربەخۆ، بەو مانایەی كە قسە لەوە دەکات کە “هەیە”، نەک ئەوەی کە “پێویستە هەبێت”. كەواتە ئەمڕۆ وەكـ پێویست وێنە بە هەموو شێوەکانییەوە، چی جێگیر و چی جوولاو، ئەو زمان و بینراوەیە کە ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، ئەو ئامرازەیە کە جیهانمان بە شێوازێکی بێگەرد و خێرا و ڕاستەوخۆ، بە شێوازێکی هونەری و ئیستێتیكی پێدەگەیەنێت.
هەڵبەتە نیشانەی زمانەوانییەكان لە تێگەیشتنی زمانەوانی نێوان (دال)ی دەنگی و (مەدلول)ی مانادا، پێکهاتەیەکی دووالیزمی و ئەبستراک بەیەكەوە کۆدەكەنەوە، بەو مانایەش (وێنەی زمان- وێنەی بینراو) لەسەر سێ ڕەگەز وەستاوە: (دال)، (مەدلول)، (سەرچاوە- المرجع). لە (سیمیۆلۆژیای وێنە)دا مەرجەع ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. واتە ئەگەر سیمیۆلۆژیای وێنە لەگەڵ نیشانەی زمانەوانی بەراورد بكەین، ئەوە جیاوازییەکە لە ئامادەیی مەرجەع دایە. چونكە وێنە تەنها کۆپیکردنی واقیع نییە، بەڵکو مەرجەع- (نوقتەی جێ سەرنجی کامێرا) ڕۆڵی كاریگەری هەیە، هەر لەڕێگای گۆشەنیگاوە، فرەڕەهەندی و جیاوازی ژێدەرەوە (مەرجەع) پەیوەندییە ڕەمزییەكان دروست دەکات. بۆ نموونە: دارستانێکی سووتاو كاتێكـ لە جیهانی واقیعەوە بۆ سەر ڕووبەری وێنە (شاشە) دەگوێزرێتەوە. لێرەدا ڕەمزی وێنەكە تەنها بیرۆکەیەکی ئەبستراکت نییە، بەڵکو لەڕێگای قووڵایی، نیگا و شەوقی ڕووناکی، و بەرهەستبوونی مادیی سەرچاوەكەوە ماناکەی دەگۆڕێت.
بەڵام لە (سیمیۆلۆژیای زمان)دا، وشەی «دار» لە زەیندا وێنەی دارێک دروست دەکات، بێ ئەوەی پێویست بکات دارێکی ڕاستەقینە (مەرجەع) لەبەرچاودا هەبێت، یان بڕوابوون بە گۆشەنیگای دیاریكراو و جیاواز و فرەڕەهەند بوونی هەبێت. بەڵام لە وێنەی بینراودا، ئەوانە ئامادەیییەکی حەتمییان هەیە. ئەگەر واقیعییەکە نەبێت، وێنەی بینراو بوونی نییە! (ژان بۆدریار هەموو ڕەخنەكانی لەو سەرچاوەیەوە بەرهەم هێناوە) بەو مانایەش سەرچاوە- مەرجەع یان ژێدەر وەک سۆنگە و بنەمایەک کاردەکات کە تێیدا مانا زەینییەکە (نیشاندراو) و فۆرمە بینراوەکە (نیشاندەر) بە یەکەوە كۆبكاتەوە و لەوێوە ڕێگا بە بینەر دەدات لە وێنە بگات. بۆ نموونە، ئەگەر وێنەی “دایکێک و منداڵەکەی لە ناو کەلاوەی شەڕدا” بگریت. ئەوە ڕەنگ، ڕووناکی، و پێکهاتەی وێنەکە لەسەر کاغەز یان شاشە- نیشاندراوە (دال)ە. بەڵام ئازار، مێهرەبانی، و کاولکاری (بیرۆکەکان) نیشاندەرە (مەدلوول)ە. دایک و منداڵە ڕاستەقینەكەی بەردەم کامێراکە (ژێدەر-مەرجەع)ن.
لێرەدا وێنە لە وشە بەهێزترە، جیهان جیهانی وێنەیە، وێنە دەسەڵاتە، شارستانییەتە.. وێنە تەنها بەقەد هەزار وشە نییە، بەڵکو بەقەد ملیۆنێک وشەیە؛ ئەوانە کۆمەڵێک دەستەواژەی باون لەلایەن زۆربەی خەڵکی بە جیاوازیی چین، ژینگە، و بایەخدانەکانیانەوە ئاماژەن بۆ گرنگیی وێنە. بەتایبەت دوای ئەو گەشەسەندنە تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەی كە جیهانی لەباوەش گرت و تێیدا مرۆڤ پەیوەندییەکی نوێی لەگەڵ شوێن و کاتدا دامەزراند، مرۆڤ بوو بە بینەری ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی بینراو و هەستپێکراو لە هەمان کاتدا.
بەم جۆرە شاشەكان ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی مرۆڤی هاوچەرخ بەرامبەر بە شێوازە جیاوازەکانی وێنە، (چ پۆزەتیڤ بن یان نێگەتیڤ) بینیوە. ڕەنگدانەوەکانی وێنە لە پڕۆسەکانی پەروەردە و فێرکردن، بەبازاڕكردنی خێرا و دیالۆگی نێوان كۆمەڵگا و گەلانی جیاواز و خۆشگوزەرانی و بەسەربردنی کاتی بەتاڵ.. یان ڕۆڵی وێنە لە بەڵگەدارکردن و تۆمارکردنی ڕووداوەکان، ڕاگرتن و جێگیرکردنی کات، وڕووژاندنی کۆمەڵێک هەست و خەیاڵ و گۆشەنیگا، و هاوکاریکردنی مرۆڤ لە بەئاگاهێنانەوەی ڕابردوو و گەڕانەوە، وەكـ چۆن توانای ئەوەی بە مرۆڤ بەخشی کە بیر لە داهاتوو بکاتەوە و هەمیشە خەیاڵی چالاک بێت، و یارمەتی مرۆڤ دەدات لەڕێگای چوارچێوەیەکی کاتیی درێژبووەوە بجووڵێت و مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات کە لە شوێنی دوورن.
كەواتە کاریگەریی بەهێزی وێنە لە سەرچاوەی زانستییەوەیە کە (بینین) بە بەهێزترین هەستی مرۆڤ دادەنرێت؛ چونکە تا (%80)ی ئەو زانیارییانەی تاک دەستی دەکەوێت لەڕێگای بینینەوەیە، لە کاتێکدا هەستەکانی تر لەوەی دەمێنێتەوە- بەشدارن. سەرباری ئەوەی وێنە توانایەکی زیاتری هەیە لە وەرگێڕانی هەست و نەستەکان، و دەستخستنە سەر سۆز و ناخی مرۆڤ.. بۆ زێتر شارەزایی، بڕوانە: (الصورة عبر العصور وثورة التكنولوجيا- هبه الطواب فراج حسين. t amrabomanasa@gmail.com)
لێرەدا ئەگەرچی وێنە ئاستەنگەکانی زمان و نەخوێندەواری تێكدەشكێنێت و بە ئاسانی بە تاکەکان بە هەموو ئاستە جیاوازەکانی ڕۆشنبیرییانەوە و بە خێرایی دەگات. ئەگەرچی دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ ڕووداوەکان، ههواڵهكان، جەنگەکان، و زانستە زیندووەکان دەگوازێتەوە. ئەگەرچی ئاسۆی خەیاڵی مرۆڤ لەڕێگای هونەرە بینراو و شێوەکارییەکان، سینەما، ڕاستیی مەجازی فراوانتر دەكات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەراورد بە هەوڵە زەینییەكان و ڕامان و بیركردنەوەی ڕەخنەیی، پاشەکشە بە مێشک دەكات و لەسەر تەمبەڵی و وەرگرتنی ناچالاکانە (نێگەتیڤ) و خێرا ڕایدەهێنێت، هەروەها مرۆڤ بە کڵێشەییبوون (نەمەتییەت) ڕادەهێنێت، بە دیوەكەی دیكە هەمیشە دەستکاری کردنی وێنەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی سیاسی یان بازاڕكردنی خێرا و بڵاوکردنەوەی بەکاربردنی ڕووکەشانە لەڕێگای تەكنەلۆژیای دیجیتاڵییەوە بە ئاسانی پەیڕەو دەكرێت، جگە لە بڵاوکردنەوەی کلتوری توندوتیژی لەڕێگای فیلم و یارییە ڤیدیۆییەکانەوە، و لاوازبوونی پەیوەندی سۆزداری و دڵتەنگی و پەژارە و دڵەڕاوكێ.. هەروەها لاوازبوونی کارلێکی گەرمی ڕاستەقینەی مرۆیی بەهۆی گۆشەگیربوون لەبەرامبەر شاشەکاندا.

