شوعلە رەسول
دوور لە لووتکەی چیا سەرکەشەکانی کوردستان، ئافرەتانی کورد لە ناخی کولتوور و شەقامە ساردەکانی کۆپنهاگن، بەرلین و ئەمستەردام … هتد. چیرۆکەکانی پڕ لە حەسرەت لە شکۆی ڕۆژانەی ئافرەتاندا دووبارە دەبێتەوە. ئافرەتی کورد لە دیاسپۆڕادا لەگەڵ مێژووی پەنابەری، ئازایانە بوونەتە پاسەوانی ڕۆحی کورد بوون، زمان و کلتووری گەلێک کە لە هەموو لایەکەوە مەترسی توانەوەی لەسەرە.
ئەم ئافرەتانە لە یەک کاتدا لە دوو سەنگەری گراندا دەجەنگن، لە لایەک تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بێ ئەوەی لە پەراوێزدا بمێننەوە و لە لایەکی ترەوە دروستکردنی کەشێک لە ناو ماڵەکانیاندا کە هەموو گوشەیێکی بۆنی نیشتمانی دایکی لێ بێت.
خەباتی نەتەوەیی بۆ ئافرەتانی کورد و تێکەڵاوبوونی لە کولتووری نوێ تاراوگەدا، کارێکی ئاسان نییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی. ئەرکی ئافرەتان تەنها بەشداریکردن نییە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، بەڵکو گەیاندنی دەنگی ئازاری گەلێکە بۆ جیهانێک کە زۆرجار ڕوویان لە ناوچەکە وەردەگێڕ.
ئافرەتان بوونەتە ئەو دەنگەی کە لە زێدی بوونیاندا بەهۆی ستەمکارییەوە و سەرکوت کردنەوە بەسەر نەتەوەکەیاندا هاتووە. چ لە ڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتە تاڵەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، گرتن و لەسێدارەدان، کەزی بڕین و شەهیدکردن، سەربڕین و خاک داگیرکردن، بڕینی قوتی مامۆستا و فەرمانبەران، جینۆسایدی ئێزیدییەکان، بە هەردوو زمانی دایک و زمانی وڵاتی خانەخوێ لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، بەمەبەستی دروستکردنی گوشاری مەدەنی لەسەر دەزگاکانی کە بڕیار بەدەستن لە ئەوروپادا بۆ ناساندن. تەنانەت چوونە سەر شەقامەکانی کۆڵن یان پاریس و بەرلین و دوسڵدۆرف ئەمستەردام.
لە بۆنە نەتەوەییەکاندا ئافرەتان هاوشانی پیاوان { هەڵبەت رۆڵی پیاوانیش کەم نییە لە بواری پەروەردەییەوە} بەشداری دەکەن بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی کوردییەوە بەتایبەی لە ڕۆژانی نەورۆزدا، ئەو بەشداری کردنە تەنها جەژنگرتن نییە، بەڵکو جۆرێکە لە دیپلۆماسییەت بە زمانی ڕەنگ بۆ سەلماندنی هەبوونی نەتەوەیەک.
لە جیهانێکدا کە میدیا و ڕێکخراوە پەروەردەییە ئەورووپییەکان بە تەواوی بیری منداڵان داگیر دەکەن، ماڵی ئافرەتی کورد دەبێتە دوا سەنگەری بەرگری لە زمانی دایک. دایکی کورد، ئافرەتی کورد تەنها خواردنی کەلەپووری بۆ منداڵەکانی دابین ناکات، بەڵکو لەکاتی ئامادەکردنی ژەمە خواردنەکاندا، بە چریکەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان، وەیان گێڕانەوەی داستانە مێژووییەکان و چرپاندنی شێعری کوردی لە کاتی خەواندنیان، کلتووری ڕەسەنی نیشتمانەکەی دەخاتە ناو خوێنی منداڵەکانییەوە
ئەم ئافرەتانە بە بێدەنگی و بەبێ وەرگرتنی هیچ بودجەیەک، پشووەکانی کۆتایی هەفتەیان تەرخان دەکەن بۆ وانەوتنەوە لە قوتابخانە خۆبەخشە کوردییەکاندا تا ڕێگە نەدەن ئەلفووبێی کوردی لە بیرچێتەوەی لە هزری نەوەی داهاتووی گەلەکەی .
ئەم ئەرکە پەروەردەییە خاوەنی ئاڵۆزییەکی دەروونی قووڵە، چونکە منداڵ لە ناو ماڵدا دەبێت بە زمانی کوردی قسە بکات و لە دەرەوەش بە زمانی وڵاتی نیشتەجێ بخوێنێ و قسەبکات و بیر بکاتەوە. لەم نێوەندەدا، دایک دەبێتە پردێک تا ڕێگە بگرێت لە دروستبوونی داڕمانی ناسنامەی نەتەوەیی لای منداڵەکەی. ئەو بە سەبرێکی زۆرەوە وەڵامی پرسیارە سەختەکانی نەوەی داهاتوو دەداتەوە، پرسیاری وەک “بۆچی ئێمە لە نەخشەی جیهاندا نیشتمانێکمان بە ناوی کوردستان نییە؟ یان “بۆچی داپیرە و باپیرە لەگەڵماندا نین و ئەوەندە دوورەن ؟ وە چەندین پرسیاری ئازار بەخش .
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا لەبری بێهیوایی، تۆوی شانازی بە ڕەگ و ڕیشەوە لە مێشکی مناڵەکانیاندا دەچێنێنن و هانیان دەدەن لە کۆمەڵگەی نوێدا سەرکەوتوو بن و نەتەوەکەیان لەبیر نەکەن .
ئەم ململانێ ڕۆژانەیە بەبێ باجدان تێنەپەڕیوە. ئافرەتانی کورد لە دیاسپۆڕا زۆرجار ڕووبەڕووی بارگرانییەکی دەروونی کەموێنە دەبنەوە، چونکە دەبێت لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی بەربەستەکانی زمانی بیانی، گونجاندن لەگەڵ یاسا نوێیەکان و خەمی غەریبی ببنەوە، هەروەها بەرەنگاری هەندێک نەریتی کۆنەپەرستانەی کولتووری بکەنەوە کە لەگەڵیاندا بۆ دەرەوە گوێزراوەتەوە.
لە کۆتاییدا، ئافرەتانی کورد لە تاراوگە تەنها بینەری مێژوو نین، بەڵکو داڕێژەری ڕاستەقینەی ئاینندەی ناسنامەی نەتەوەیەکن .
ئەگەر دارچناری کوردبوون لە دەرەوەی نیشتمان بە زیندویی ماوەتەوە، تەنها بەهۆکاری ئەو دەنگە زوڵاڵەیە کە دایکانی کورد ( ئافرەتانی کورد ) ڕۆژانە بە گوێی نەوەی داهاتوودا دەخوێنن.

