رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەت و مەیدانی سیاسەت

ژڤان محمد
زۆرێك لە چەمکە زانستیەکان کە لە سەرچاوەی هەڵسوکەوتەکانی ئادەمیزاد سەریان هەڵداوە، باردوخە جیاوازەکان و گەشەکردنی هزری مرۆڤ قۆناغ بۆ قۆناغ و ئاشنابوون لە هزروبیرە جیاوازەکان بوتە هووی ئەوە کە گۆرانکاری لە سەر تێگەیشتنی ئەو چەمکانە بێن و دوور لەو مەبەستەی کە بۆی هاتوونەتە ئاراوە بەکاربهێنرێن، سیاسەتیش گەر چی لە سەرەتاوە بە مەبەستی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو، بە ڕۆمەت و خاوەن بەها کۆمەڵایەتی و کلتوری، ئایینی، بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکان سەرهڵدابێت بەڵام حەزی فراوانکردنی دەسهەڵات و خۆسەپاندن وای کردووە کە ستراتیژەکان بگۆڕێن وە سیاسەت لە سەرانسەری جیهان بە شێوەیەكی تر لە جۆمگە جیاوازەکان و لە قوناغە جیاوازەکانی دەسهەڵات بەکاربهێنڕێت.
بەهوی ئەم گۆرینانەی لەسەر چەمکی سیاسەت دا هاتووە تا ئەم سەردەمە بووتە هووی زیادبوونی کێبرکێی تاکەکەسی کە وای لێهاتووە هەندێ جار بۆ مانەوە لە مەیدانی سیاسەت دوور لە بەها مرۆیەکان هەنگاوبنێن وە بۆیان گرنگ نەبێت کە زیان بە دامەزراوەکانیان دەگات یان نا. ئافرەتیش زیاتر لە رەگەزی تر لەژێر بەها نەتەوەیی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و بەها مرۆییەکان پەروەردە دەکرێت لە هەمان کات دا حەزی خزمەتکردنی وڵات و هاوڕەگەزەکەی هەیە، هەر بەم خەیاڵانەوە دێتە ناو مەیدانی سیاسەت بەڵام رووبەرووی ژینگەیەکی پڕ کێبڕکێی دەبێت زۆر جار لەو مەیدانەدا تۆشی ونبوون و سڕبوون دەبێت کە لە لایەکەوە خزمەتکردنی خەڵک وەك ئامانجێکی باڵا لە ناخی خۆی دا هەڵگرتووە و دەیەوێت بیپێکێنێت بەڵام لە کاتێکدا خۆی دەبینێت کە بەردەوام رووبەرووی سیاسەتی بێزارکردنەوە دەبێت، ژینگەیەکە ئافرەت ناچاری ئەوە دەکات ڕێگایێك هەڵبژێرێت ئایا دوور لەباهاکان بە تاکەکەسی بیربکاتەوە یان خزمەتی کەسانی خۆپەرست بکات یاخود بکشێتە لایەك و مەیدانەکە چوڵ بکات ئەم گوشارانە وا لە ئافرەت دەکات کە خۆی مەجبوری ئەوە ببینێت یەکێك لەمانە هەڵبژێرێت مانەوە یان دوورکەوتنەوە؛ کاتێك ئافرەت دەگاتە ئەم خاڵە دەبێت بیر لەوە بکات کە ئەم ڕێگایە بۆ چ ئامانجێك هەڵبژاردووە، ئەم پرسیارە لە خۆی بکات، ئایا ئەو ئامانجە شایەنی ئەوە نیە شەڕ بووی بکات، خۆی مەجبوری ئەو هەموو هەڵبژاردنە نەبینێت !؟
هەڵبەت خزمەتکردنی وڵات و توێژی ئافرەت شایەنی ئەو شەڕەیە و مەجبور نیە هیچ لەو ڕێگایانە هەڵبژێرێت، بەڵام لەهەمان کات دا دەبێت قبووڵی بکات کە ئەمە ژینەگەی مەیدانی سیاسەتە و پڕە لە کێبڕکێ و تەرازوی دادپەروەری بەپێی ئامرازەکان کاردەکات ئەوان نا توانن ئەم ژینگەیە بگۆڕن بەڵام بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە ئافرەتان پێویستی بە سایکۆلۆجیایەکی بەهێزی سیاسی و مرۆیی هەیە، هەر کێشەیەکی رووبەروویان دەبێت نابێت بە کەسی وەربگرن کە وا دەکات باوەر بەخۆبوونیان لاواز ببێت لە کاتێکدا ئەمە ئامانجی سەرەکی ئەو موبینگە سیاسیانەیە بۆ لادانی ئافرەت لەم مەیدانەدا بۆیە دەبێت بەردەوام بێت لەسەر ئامانجەکانی، ئەم خۆڕاگریەی ئافرەتان بابەتێکی تاکە کەسی نیە بەڵکو بەردی بناغەی بونیادنانی ڕێکخستنێکی سیاسی بەهێزە بۆ ئافرەتان کە لە داهاتوو دا بتوانن بڕیار لە سەر چارەنوسی هاوڕەگەزەکانیان بدەن چونکە هەر خۆڕاگریەك کە ئافرەت لەم مەیدانەدا پیشان دەدات، ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوانەی دوای خۆی دێن ئێمەی ئافرەتانی کوردیش لە بواری خەبات و بەشداریی سیاسیدا مێژوویەکی دەوڵەمەندمان هەیە کە پەند و هێزی لێ وەربگرین. ئەوەی لەم کاتەدا پێویستە، تەنها خۆگونجاندن، پەرەدانە بە ئاستی مەعریفی و بەهێزکردنی تواناکانە لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی ئەم سەردەمە. وە کاتێک ئافرەتان دەگەنە ناوەندی بڕیاردان، دەبێت ئەوەیان لە یاد بێت کە دەسەڵات ئەو کاتەی لە دەستیان دایە تەنها پلە و پۆستێکی کاتییە، بەڵام پشتگیریکردنی یەکتری و دروستکردنی ڕێڕەوێک بە باشترین میکانزم و یاسا بۆ نەوەکانی داهاتوو، گەورەترین میراتە کە ناویان لە مێژوودا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.