رۆژنامەی ھەولێر

فڕین لە نێوان ئازادیی و کاولکاریدا

نووسینی: داستان بەرزان
خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
مرۆڤ کاتێک لە شوێنێکدا ئازار دەدرێت، چیتر ناتوانێت لەسەر ئەم خاکە بە ئارامی هەناسە بدات، پەنا دەباتە بەر ئەندێشە، کاتێکیش خاک خۆی دەبێتە دۆزەخێک لە ئاسن و جەنگ و دەنگی ناڕەوا، باڵندەکان بڕیار دەدەن بێدەنگ ببن.

چیرۆکەکە بە گەنجێک دەست پێدەکات لە ئاکامی دەمەقاڵێ و بەهۆی لێدان و قسە ڕەقەکانی باوکی، بە تووڕەییەکی زۆرەوە درگای حەوشەی ماڵەوە دادەخات و ڕوو لە شەقام دەکات، گەنجەکە باوەڕی وایە مرۆڤێکە له سەرخۆ نییە و بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێت هیچ باوکێکی لێ نەبێت، چونکە باوکی ڕێگەی پێنادات بە دوای خەونەکانیدا بڕوات، سواری تەکسییەکی شڕ و کۆن دەبێت، شوفێری تەکسییەکە پیاوێکی بەتەمەنە و شێوازی ئاخاوتنی لە خەڵکی گەرمیان دەچێت، توانج لە قسەکانی دەگرێت، کاتێک گەنجەکە دەڵێت باوکم ڕێگە نادات شوێن خەونەکانم بکەوم و مافەکانم داگیر دەکات. شوفێرەکە زیاتر تووڕە دەبێت، سەیارەکە دەوەستێنێت و گەنجەکە بە جێنێو دەردەکات.
پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە کامێرا و هەندێک کاغەز و پێنووسەوە ڕوو لە بازاڕی قەرەباڵغی باڵندەفڕۆشەکان دەکات، ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە، گەڕان بوو بە دوای باڵندەی بێ دڵدا، باڵندەیەک کە بەپێی ئەفسانە و ئەندێشەی خەڵکی شارەکە دڵی نییە و تەنها کاتێک زیندوە کە لە ئاسماندا دەفڕێت، پاڵەوانی چیرۆکەکە ویستی بە کامێراکەی وێنەی بگرێت و وەک ئەرشیفێک بۆ مێژووی خورافیات لە شارەکەیاندا بپارێزێت شارێک کە ناوی سلێمانی بە ئەنگوستیلەکەی سلێمانەوە بەستراوەتەوە. له وێدا کۆترێکی شین لە ناو قەفەزێکی کۆن و زەنگاوییەوە بانگی گەنجەکە دەکات، گەنجەکە سەری سووڕدەستێنێت، بەڵام کۆترەکە پێی دەڵێت تەواوی باڵندەکان لە زمانی مرۆڤ دەگەن، بەڵام بڕیاریان داوە قسە نەکەن تا مرۆڤ زیاتر دەستیان بەسەردا نەگرێت، کۆترەکە داوای لێدەکات چیڕۆکەکەی بە بێ دەستکاری بپارێزێت و بینووسێتەوە.
کۆترەکە دەست دەکات بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی و هاوسەرەکەی (زان) له پێش ڕوودانی دەنگە گەورەکە، کە ئاماژەیە بۆ هێرشی تۆپباران له کاتی جەنگدا. لە کۆتا ڕۆژەکانی کرکەوتنی کۆترەکە لەسەر هێلکەکانی، کاتێک لە چاوەڕوانی تروکانی هێلکەکان و لەدایکبوونی کۆرپەی خێزانەکەدا بوون، دەنگە گەورەکە دوا تۆپی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ناوچەکەی هەژاند. ماڵەکە وێران بوو، زان و هێلکەکان لەناوچوون، ژنەکە کۆرپەکەی لەدەستدا و تووشی نەخۆشی دەرونی بوو، کۆترەکەش پەڕ و باڵی شکا و لە ناو داروبەردەکەدا کەوت.
کاتێک کۆترەکە چیڕۆکەکەی بۆ گەنجەکە تەواو دەکات، کڕیارێک (کوڕە سوورکارەکە) دێت و کۆترەکە بە چەند فلسێک دەکڕێت و بەدەستی خۆی ملی هەڵدەکێشێت و دەیکاتە ناو کیسەی ڕەشەوە. کۆترەکە بە گوێڕایەڵی کۆتایی بە ژیانی دێت، چونکە بە وتەی خۆی لە دوای دەنگە گەورەکەوە ژیانی کۆتایی پێهاتبوو، تەنها دەیوست لە ڕێگەی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەوە خۆی لە لەبیرچوونەوە ڕزگار بکات.
کۆمەڵگەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردی لەگەڵ بەرهەمهێنانی هەموو دەقێکی نوێدا بەردەوام لە گەڕانێکی بێوچاندایە بۆ دۆزینەوەی ئەو فۆڕم و زمانەی بتوانێت بارستەی دژوار و قورسی ئازارە مێژوویییەکان، جەنگە یەکلانەبووەکان، فەنتازیای مرۆڤی ڕاگوێزراوی کوردی هەڵبگرێت. ڕۆمانی (باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو)ی داستان بەرزان نموونەیەکی بەرچاو و بەرجەستەی ئەم هەوڵە نوێخوازییەی ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە. ئه‌م ڕۆمانە گەشتێکە لە نێوان سنوورە نادیارەکانی ئەقڵانییەت و خورافات، ئاسمانی بەرز و زەوی داڕماو، کارەساتی جەنگ و شاعیرییەتی عەشق لە هەمووشی گرنگتر پچڕانی سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ.

جۆری ڕۆمان
لە ڕووی پۆلێنکاریی ئەدەبییەوە، ڕۆمانی باڵندەیەک هەبوو دڵی نەبوو دەکەوێتە چوارچێوەی ڕیالیزمی سحری ڕەهەندەکانی ڕۆمانی مێژوویی و دەروونی ئاوێتە کراوە
ڕیالیزمی جادوویی، یان سحری، دەقەکە ڕووداوە نائاسایی و جادوویییەکان وەک ئاخاوتنی کۆترێک بە زمانی مرۆڤ، ئەفسانەی باڵندەی بێ ‌دڵ، ئاوێتەبوونی مرۆڤ و سروشت وەک ڕووداوی تەواو سروشتی و ئاسایی لە ناو کەشوهەوای ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردێنێت. کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ دودڵییەک، یان سەرسوڕمانێک دەچێتە ناو دیالۆگ لەگەڵ کۆترە شینەکەدا، ئەمەش دروست بنەمای ڕیالیزمی جادوویی سنووری واقیع و خەیاڵە.
پاشخانی مێژوویی، ڕووداوەکان لە سەروبەندی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرپادەبن، لە ناو ترسی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، دەسەڵاتی سەرکوتکەری بەعس، دادگاییکردن و لەسێدارەدانی منداڵان، بۆمبارانی بەردەوامی شارەکان.
ڕەهەندی دەروونی، ڕۆمانەکە قووڵ دەبێتەوە لە ناو درامای خێزانی، تەنگژەی سەختی کەسیەتی کارەکتەرەکان لەگەڵ باوکدا، ئەو شێتبوونە شاعیرییەی بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت کاتێک لە ژێر گوشار و زەبری دەروونی کارەساتەکاندا ئیفلیج دەبن.

تەکنیکی ئەم ڕۆمانە
ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێک تەکنیکی ئاڵۆز و هاوچەرخی گێڕانەوەی بەکار هێناوە، دیارترینیان:
تەکنیکی چوارچێوەی دەقەکە لە ڕێگەی داڕشتنی چیرۆک لە ناو چیرۆکدا دروست دەبێت. دەستپێکی ڕۆمانەکە چیرۆکێکی فۆتۆگرافەرێکە، کە لە زەبر و دەسەڵاتی باوکی هەڵهاتووە و دەچێتە بازاڕی باڵندەفۆڕشان، لەوێ کۆترێک دەبینێت و ئاخاوتنی لەگەڵدا دەکات، دواتر گێڕانەوەکانی ئەم کۆترە دەبنە چوارچێوە سەرەکییەکەی ناوەوە بۆ بازدان بەرەو گێڕانەوەی ژیانی کچێک بە ناوی (نیگا) هاوسەرەکەی، لە کاتی جەنگدا هەوڵی دروستکردنی هێلانەیەک بۆ خێزانەکەیان دەدەن.
فرەدەنگی و ڕوانگەی نووسەر، دەنگەکانی ناو ڕووداوەکە لە جووڵەی بەردەوامدان. هەندێک جار نووسەر پێمان دەڵێت: کە ئەمە دەنگی کۆترەکەیە، بەڵام لە وەرچەرخانێکدا، دەنگی گێڕەرەوە دەگۆڕێت و نووسەرەکە خۆی یان گێڕەرەوەی ناوەکی سنووری خەیاڵ دەپچڕێت و دەڵێت: من لێرە بە دوا چیتر گێڕەرەوەی ڕۆمانێک نیم… ئەم بڕینەی سنووری خەیاڵ نیشانەی تێکەڵکردنی ئەنقەستی شوێنی نووسەر، گێڕەرەوە و خوێنەرە لە ئەزموونی ئازاردا.

هێما و میتافۆڕە سەرەکییەکان
باڵندەی بێ دڵ: هێمایە بۆ مرۆڤی ژێر دەسەڵاتی زۆردار، کە تەنیا کاتێک هەست بە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دەکات، کە لە ئاسمانی ئازادییاندا بفڕێت، تەنانەت ئەگەر بێ دڵ یان بێ جەستەش بێت.
تاکسی کۆنەکەی سەردەمی مەلیک فەیسەڵ: هێمایەکە بۆ داڕمانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی شارێک لە ڕابردوودا چەقیوە.
هەواگۆڕکێی چێشتخانەکە (ساحیبە): هێمای ڕێگرییەکانی ناوماڵ و گوشارە جەستەیی و ڕۆژانەیییەکانە لە بەرانبەر خەونی جوانکاریی و دروستکردنی هێلانەیەکی ئارام.
یاری بە کات کات لە ڕۆمانەکەدا یەک هێڵی ڕاست نییە، بەڵکو لە دەوری دەڤەرێکی سەرەکی دەخولێتەوە، کە نووسەر ناوی ناوە پاش دەنگە گەورەکە و پێش دەنگە گەورەکە. ئەم دەنگە گەورەیە تەقینەوەی بۆمب یان تۆپباران) دەبێتە خاڵی دابەشبوونی مێژوویی ناو دەقەکە.
هەڵوەشاندنەوەی سنووری واقیع و ئەفسانە. شاری سلێمانی لەم دەقەدا شارێکە لە نێوان ئەفسانە و واقیعدا گیرساوەتەوە. گێڕەرەوە بە کامێراکەیەوە دەگەڕێت تا وێنەی خەیاڵ و ئەفسانەکانی شار بگرێت، بەڵام بەم کارەی تێدەگات جیاکردنەوەی ئەفسانە لە واقیعی ئەم شارە مەحاڵە، شتێک خەڵک وەک ئەفسانە یان خورافە تەماشای دەکەن لەوانە ئاخاوتنی باڵندە یان ئەفسانەی باڵندەی بێ دڵ، لە بنەڕەتدا تەنیا و کەرستەیەکی دەروونییە بۆ هەڵهاتنی ڕووح لە ژێری گوشارە جەنگ.
مۆتیڤی باوک. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستدەبات بۆ شیکردنەوەی سەرکوتکاریی سیستمە دەسەڵاتدارەکان لە زۆربەی ئاستەکاندا، لە ئاستی خێزانیدا باوکی گێڕەرەوە نیشاندەر و داپڵۆساندنی خەونەکانی کوڕەکەیەتی، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا پیاوانی گەڕەک و شۆفێرەکان کولتوورێکی ڕەق و کۆنەپەرستانە دەکەن، لە ئاستی سیاسیدا سەرۆکە لێوبەخەندەکەی وڵات ئامادەییی هەیە، ئەو سەرۆکەی منداڵان دەباتە بەر پەتەکانی لەسێدارەدان و خەڵک ناچار دەکات ئامێرەکانی تەلەڤزیۆنیان بشکێنن تا ڕاستییەکان نەبینن.
عەشق وەک تابلۆیەک لە نێوان بارووت و وێرانکاریدا. لە نێوەندی ئەو هەموو تەپۆڵکەی وێرانکاری و بۆمبارانەدا، چیرۆکی خۆشەویستیی پیاوەکە و (نیگا)ی ژنی دووگیان وەک تابلۆیەکی پڕ لە هیوا و ڕۆشنایی دەگەشێتەوە. ڕۆماننووس لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییەوە نیشانی دەدات چۆن مرۆڤەکان لە ناو جەنگە تووندەکان هەوڵ دەدەن مێژووی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی خۆیان بنووسنەوە، ئەوان مێژووی سەرهەڵدانی عەشقەکەیان دەکەنە بەرواری لەدایکبوونی نوێیان، بەڵام ئەم عەشقە ناسکەش ناتوانێت لە کارەساتی دەنگە گەورەکە دەربازی بێت و تووشی چارەنووسێکی تاڵ و کۆتایی‌نەهاتوو دەبێتەوە.
دەقی (باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو) دەقێکی جوانی ئەدەبییە بۆ بەدیارخستن و هەڵکۆڵینی بێدەنگی و ئازارەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی گێڕانەوە و دەنگی مەخلووقاتێکی مات و بێدەنگ کە باڵندەیە. لەم دەقە توانیویەتی بە زمانێکی ڕەوان و سادە، بەڵام دەوڵەمەند بە وێنەی شاعیری و فەلسەفی، خوێنەر ڕاپێچی جیهانێک بکات، تێیدا سنووری نێوان مرۆڤ، باڵندە، مێژووی ڕاستەقینە و ئەفسانەی خەیاڵی بە تەواوی کاڵ دەبێتەوە.
ئامانجی باڵای ڕۆمانەکە خستنەڕووی پرسیارێکی جەوهەری و فەلسەفییە لەسەر چەمکی فڕین و هۆشمەندی، ئایا لە جیهانێکدا کە سەرتاپای بە دڵڕەقی و ستەمکاری تەندراوە، هۆشمەندبوون و هۆشیاری جۆرێکە لە تاوان یان شێتگیڕیی و شێتبوون تەنیا دەروازەی ڕزگاربوونی ڕووحی مرۆڤە لە سەردەمی کاولکاریدا؟ ڕۆمانەکە وەڵامێکی زەقمان ناداتێ، بەڵکو خوێنەر لە ناو ئاسۆیەکی کراوە دەهێلێتەوە.

سەرچاوە: داستان بەرزان، ٢٠٢١، باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو. چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ