رۆژنامەی ھەولێر

پەیکەری شارستانییەت و ڕۆڵی ئافرەتان لە پانتایی مێژووەوە تا پایەکانی یاسا و هۆشیاریی کۆمەڵگە

سه‌هه‌ند كۆیی
له‌ مێژووی شارستانییه‌ته‌ جیهانییه‌کاندا، پرسه‌ کۆمەڵایەتییەکان هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداریکردنی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ کراوه‌. چونکە ڕەوتی بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایەتییەکان و گۆڕانکاریی فیکری، فاکته‌ری یه‌کلاکه‌ره‌وەیان خستووه‌ته ‌ڕوو؛ ئه‌ویش بەشداریی کارای ئافره‌ته‌ وەک بنەمایەکی جەوهەری لە هۆشیاریی گشتیدا. ئەم پێگەیە تەنها ڕەهەندێکی جەستەیی نییە، بەڵکو گوزارشت له‌ قووڵایی ڕۆڵی ژن ده‌کات له‌ ڕه‌نگڕێژکردنی چه‌مکه ‌فه‌لسه‌فی، ئابووری و یاساییه‌کان. هه‌ر بۆیه‌، لێکۆڵینەوە لەم پرسە، پێویستیی بە تێڕوانینێکی ڕەخنەیی و زانستی هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی پێوەرەکانی یەکسانی و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لە بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.

بونیاتنانی کایەی دەوڵەتداری
بۆ تێگه‌یشتن له‌ پێگه‌ی ژن، ده‌بێت سه‌ره‌تا بڕوانینه‌ قۆناغه‌ پێشینه‌کان که‌ تیایدا ئەم ڕەگەزە کارایەی کۆمەڵگە هه‌وڵیداوه‌ کۆت و بڵاوه‌ هزری و کولتوورییه‌کان بشکێنێت. چونکە هه‌ر له‌ سه‌رده‌می کۆنه‌وه‌ تاكو سه‌رده‌می نوێ، دیدگای گشتی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ریتی جێگیر بنیاد نراوبوو، ئه‌مه‌ش وایکردبوو ڕۆڵی ئافره‌ت سنووردار بێت. به‌ڵام گۆڕانکارییه‌ بنیاتنه‌ره‌کانی وەک ڕووناکبیری و شۆڕشه‌ پیشه‌سازییه‌کان، ده‌روازه‌یه‌کی نوێیان بۆ تێڕوانینی جیاواز کردووەته‌وە. هاوکات لەم چوارچێوەیەدا ئاراستەی ڕه‌خنه‌یی هاوچه‌رخ جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وەی ئه‌و وێنه‌ ستیرۆتیپییانه‌ ده‌کاته‌وە که‌ مێژوونووسیی کلاسیک به‌سه‌ر فه‌زای گشتیدا سه‌پاندبووی. بەم پێیەش به‌ڕێوه‌چوونی کایه‌ هه‌ستیاره‌کان له‌ ڕوانگه‌ی شارستانییه‌وە پێویستی به‌ گواستنه‌وەی زانیارییە مەعریفییەکان هه‌یه‌ بۆ ناو ناوه‌نده‌ ئەکادیمییەکان. ئەمەش لە کاتێکدایە که‌ فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن پێداگری له‌سه‌ر ئاراسته‌کردنی میراتی کۆمه‌ڵایەتی ده‌کات تاوه‌کو بزاڤه‌ ڕەسەنەکان بێبه‌ش نه‌بن له‌ توانای هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز. لە ناوەڕۆکی ئەم ڕوانگە گشتگیرەدا، ڕابردوو تەنها تۆمارکردنی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو ڕاڤەکردنی قووڵی ئەو هاوکێشە پێکهاتەییانەیە کە پێگەی تاکی لە سیستەمە گشتییەکاندا دەستنیشان کردووە. کەوابوو تێڕامان لەم هاوکێشەیە و تێگه‌یشتنی قووڵ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان سەردەمەکان و ئاگامەندی، ڕێگه‌ خۆشده‌کات بۆ داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێگایه‌کی فیکری که‌ تێیدا ئافره‌ت نه‌ک وەک کائینێکی لاوه‌کی، به‌ڵکو وه‌ک بونیاتنه‌ری ڕه‌سه‌نی کایه‌ی دەوڵەتداری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت. هه‌ر بۆیە دەقە کۆنەکان کاتێک زیندوو ده‌بێته‌وە که‌ بتوانێت ئاسته‌نگه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کانی مرۆڤایه‌تی له‌ ڕوانگه‌ی به‌شداریی هاوبه‌شه‌وه‌ شی بکاته‌وە و ئاکام و ڕەهەندە بەنرخەکانی بۆ داهاتوو بخاتەڕوو.

گۆڕانکاریی ڕیشەیی و نوێبوونەوەی فێرکاری
گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان تەنها ڕووکەش نیین، بەڵکو قووڵایی کایەی زانیاری و بەهای ڕەسەنی کۆمەڵگە دەگرنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئافره‌ت وەک بزوێنەرێکی چالاک له‌ گۆڕەپانی زانست و ڕۆشنبیریدا ده‌رده‌کەوێت. کاتێک پێکهاتەی خێزانی و سیستەمی فێرکاری نوێ دەبنەوە، دەرفەتی گەورە بۆ گەشەکردنی تواناکانی تاکی کۆمەڵگە دەڕەخسێت. لایەنی زانست و زانیاری لێرەدا دەبێتە پردێک لە نێوان نەوەکاندا، بە جۆرێک کە نەریتی باو باوەڕی بە هاوبەشیی ئاراستەکان دەبێت. لەبەر ئەوەی فاکته‌ری خوێندن و ڕاهێنان بنه‌مای سه‌ره‌کیین بۆ تێپه‌ڕاندنی تێڕوانینه‌ کلاسیکییه‌کان. به‌مجۆره‌، ناوەندی کۆمەڵگە ده‌بێتە مەیدانێکی لەبار بۆ ده‌رخستنی توانا شاراوه‌کانی خانمان له‌ بوارەکانی وەک وتەبێژی، داهێنانی ئەدەبی و ڕەخنەدا. هه‌ر بۆیه‌ گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ژینگه‌ کولتوورییه‌ پێویستی به‌ تێکشکاندنی کۆت و بەربەستە دەروونییەکان هه‌یه‌، کە بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ ڕێگریان له‌ گەشەکردن و ئازادیی کەسێتیی ژنان کردووه‌. لە بەرامبەردا، پێکهاته‌ ڕەسەنە هاوچه‌رخه‌کان هه‌وڵده‌دن لایه‌نه‌ شاراوه‌کانی ئەدەب و زانیاری له‌ ڕوانگه‌ی کراوه‌ییه‌وه‌ سه‌یر بکه‌ن و پانتاییه‌کی فراوانتر بۆ ده‌ربڕینی سه‌ربه‌خۆ بده‌ن به‌ ئافره‌تان. چونکە دامه‌زراوه‌ زانستییه‌کان کاتێک ده‌بنه‌ خاوه‌ن کاریگه‌ریی ڕاسته‌قینه‌، کە بەرهەمی توێژینەوەکانیان ببنه‌ سه‌رچاوه‌ی هۆشیاریی گشتی بۆ بنه‌بڕکردنی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی. لە ڕاستیدا، ئاڵوگۆڕی زانیاری له‌ کۆمەڵگه‌دا ته‌نیا به‌ پێگەیاندنی تاکه‌که‌سی نایه‌ته‌ کایه‌وە، به‌ڵکو پێویستی به‌ چاکسازیی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌ له‌ تێکڕای ده‌زگا دەوڵەتییەکاندا. له‌ ڕوانگه‌ی سۆسیۆلۆژییه‌وە، هه‌ڵسه‌نگاندنی نوێ بۆ ئەرکە مێژووییەکان ده‌بێته‌ مایه‌ی دروستبوونی شوناسێکی هاوسه‌نگ که‌ تێیدا دەروازەی زانیاری بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز یه‌کسان و کراوه‌ بێت.

نەهێشتنی جیاکاری و پەرەپێدانی مافپەروەری
ڕه‌هه‌ندی ئابووری و یاسایی پایه‌یه‌کی سه‌ره‌کییه‌ بۆ سه‌قامگیریی دەوڵەت. کە تیایدا پاراستنی مافی ئافره‌تان نه‌ک هه‌ر ته‌نیا دادپه‌روه‌ریی دابین ده‌کات، به‌ڵکو بنه‌مای گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وامیش مسۆگەر دەکات. لەم سۆنگەیەوە سەربەخۆیی دارایی ژن دەبێته‌ مایه‌ی به‌هێزکردنی «پێگەی بڕیاردان» لە چوارچێوەی خێزان و کۆمەڵگەدا. له‌ لایه‌کی تریشه‌وە، پاراستنی مافه‌کانی خانمان لە ڕێگەی دەرکردنی بڕیار و ڕێکاری دادپەروەرانە، ڕێگری له‌ پێشێلکارییه‌کان ده‌کات. بە جۆرێک کە یاسا وەک قەڵغانێک کار دەکات بۆ به‌دیهێنانی هاوسه‌نگی و یه‌کسانی له‌ هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌کاندا. هەر بۆیە بەشداریپێکردنی ئافره‌تان لە کەرتی ئابووریدا به‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو ئاڕاستەی گەشەسەندنی گشتی دەگۆڕێت و باری دارایی تاکی کۆمەڵگە باشتر دەکات. کە ئەمەش بناغەی بونیاتنانی ئابوورییەکی گشتگیر و هەمەلایەن پێکدەهێنێت؛ ئابوورییەک کە سەکۆیەکی سەرکەوتوو مسۆگەر دەکات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانیی کار و بەڕێوەبردن بۆ ئافره‌تان. کەواتە سیستەمی یاسایی پێویستە لەسەر بنەمای عەدالەتی جێندەری بنیاد بنرێت و لە پراکتیکدا پارێزگاری لە شکۆی کەسێتی بکات. هاوکات بەشدارپێکردنی کارای ژنان لە پرۆسەی بڕیاردانی ئابووری و دارایی، کۆمەڵگە لە قەیرانە ستراکچەرییەکان ڕزگار دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە داتاکانی گەشەپێدانی جیهانی نیشان دەدەن کە هەمیشە وڵاتانی خاوەن سیستەمی ئابووریی هاوسەنگ، بەهۆی سوودوەرگرتن له‌ توانای تەواوی هاووڵاتییانیانەوە پێشکه‌وتووە. بۆیە یاسا بنەڕەتییەکان و ڕێسا ڕێکخراوەکانی کار دەبێت بە جۆرێک هەموار بكرێنه‌وە کە هیچ جۆرە جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز نەهێڵنەوە. چونکە برەودان بە ڕۆشنبیریی مافپەروەری لەناو کۆمەڵگەدا دەبێتە بناغەیەکی پتەو بۆ پاراستنی دەستکەوتە مەدەنییەکان؛ ئەمەش تەنها ئامرازێک نییە بۆ دادپەروەری، بەڵکو مەرجی بنەڕەتییە بۆ مانەوە و پێشکەوتنی خودی کۆمەڵگە.

یەکسانی لە ناوەڕۆکی کرداردا
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە بەرچاوە کۆمەڵایەتییانەی بەدی هاتوون، هێشتا نەریتە کۆنەپەرستەکان و پێکهاتە ڕەقەکان هەوڵ دەدەن مۆدێلێکی بەرتەسک بۆ ژیان و چالاکیی ئافره‌تان بسەپێنن؛ چونکە زەمینەی کۆمەڵایەتی هێشتا پێویستی بە گۆڕانکاریی قووڵ هەیە. لەبەر ئەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەربەستانە، پێویستە ستراتیژییەتێکی هەمەلایەنە بگرینە بەر کە تێیدا دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ناوەندە ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوکار بن لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکاندا. جگە لەمەش، لە جیهانی هاوچەرخدا، بەشداریی کارای ئافره‌تان تەنها لە ناوخۆدا نەماوە، بەڵکو لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و پرۆسەکانی ئاشتیدا ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی وەگرتووە؛ چونکە دیموکراسیی ڕاستەقینە بێ بوونی هاوسەنگیی جێندەری ناتوانێت بگاته‌ لووتکەی خۆی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە، تێگەیشتن لەم پێگە گرنگە لە پانتایی هۆشیاریی گشتیدا، پێوەرێکی شارستانییە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە؛ هەربۆیەش بەهێزکردنی ئەم ڕۆڵە تەنها خواستێکی فەلسەفی نییە، بەڵکو مەرجی بنەڕەتییە بۆ مانەوە و گەشەسەندنی بەردەوام. چونکە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە تەنها کاتێک ڕوو دەدات، کە چەمکی یەکسانی لە دروشمەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوەڕۆکی کردەیی ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵگە بە تەواوی لەو ڕاستییە تێبگات کە پەرەپێدانی تواناکانی ئافره‌تان، بناغەی پۆڵایینی بونیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و پێشکەوتووە.

بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن: کە پرسی خانمان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پێویستی بە قسەی زۆر و نووسینی تیۆری نییە؛ بەڵکو کێشەکە لە بنەڕەتدا گۆڕانی ڕفتاری ڕۆژانە و بەدیهێنانی کارە لەسەر زەوی. بەدەر لەم هەنگاوە ڕیشەیییە، هەر هەنگاوێکی ڕوکەش تەنها کات کوشتن و دووبارەکردنەوەی کارە بێسوودەکان دەبێت. بۆیە، گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو تەنها بەوە دەبێت کە هەمووان پێکەوە باوەڕیان بە توانای یەکتر هەبێت و ڕێز لە بیرکردنەوە و ئیرادەی یەکتر بگرن. چونکە پێکەوەکارکردن کلیلی سەرەکیی سەرکەوتنە و بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش تەنها لە سایەی هاوکاریی ڕاستەقینە و قبووڵکردنی یەکتردا بەدی دێت. لە لایەکی ترەوە، پێویستە دەزگا پەروەردەیی و فێرکارییەکان ڕۆڵی کاراتریان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی یەکسانی و ڕێزگرتنی دوولایەنە لە نێوان تاکەکاندا. هەروەها، گرنگدان بە بەشداریی هەمەلایەنە لە هەموو بوارەکاندا دەبێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ نەهێشتنی جیاکارییەکان. لە کۆتاییشدا، سەرکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بە ڕادەی ئازادی و دەرفەتەکانی دەرخستنی بەهرە و توانا گشتییەکانی تاکەکان دەپێورێت، نەک تەنها بە یەک ڕەگەز. جگە لەم خاڵانە، دەبێت ئەوەش بزانین کە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە تێکۆشانی ڕۆشنبیریی هەمیشەیی هەیە. کە تێیدا پاراستنی بەهای هاوبەشی مرۆڤایەتی دەبێتە بناغەی سەقامگیریی تێکڕای کۆمەڵگە لە هەموو قۆناغەکاندا. لەبەر ئەوە، پەرەپێدانی توانا فیکرییەکانی تاکی کۆمەڵگە مەرجی پێشوەختەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو دادپەروەرییە مەزنەی کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دابین دەکات.