سلێمان تاشان – هەولێر
هەفتەیەکە ئەمریکا هەر جۆرە گەشتێکی ئاسمانی لەسەر هێڵی فڕۆکەوانیی ئێران قەدەخە کردووە و هۆشداری بە وڵاتان و کۆمپانیاکان داوە بە هیچ شێوەیەک هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی فڕۆکەکانی ئێران نەکەن ئەگەرنا لەگەڵ سزای توندی ئەمریکا بەرەوڕوو دەبن.
لەو کاتەوە وڵاتان و کۆمپانیاکان یەک لە دوای یەک لە ترسی سزاکانی ئەمریکا کۆتاییان بە هاوکاریکردنی کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران هێنا و گەشتی کۆمپانیاکانی ئێران بە فەرمی وەستێنران.
جگە لە بەغدا و نەجەف گەشتی فڕۆکەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تالەبانی وەستێنران. سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا چەند ڕۆژ لەمەوبەر تەنانەت گوتبووی نازانێت مەسعود پزیشکیان و شاندی دیپلۆماسیی ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی ئەمریکایان کردبوو بە چ ڕێکارێک دەگەڕێتەوە ئێران چونکە ئەو فڕۆکە ئێرانییەی ڕووی لە ئەمریکا کردبوو بۆ گەڕانەوەی بۆ ئێران هاوکاری ناکرێت هەرچەندە بەرپرسانی ئێران ڕایانەگەیاندبوو کە پێشتر ڕێکاری گونجاویان گرتووەتە بەر.
بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران لە عێراق ناڕەزایەتی بەشێک لە دامەزراوە و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی بەدواوە بووە.
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران هەنگاوێکی هەڵەیە و بە تەواوی پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
ئەو سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سزاکانی ئەمریکا پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی نین بەسەر بەغداوە تا جێبەجێیان بکات. هاوکات باسی لە ڕۆڵی ئێران کرد لە شەڕی داعش و دابینکردنی گازی وێستگەکانی کارەبا سەرەڕای قەرزەکانی سەر عێراق.
ئەوەی ئەو بەرپرسە و زۆرێک لە بەرپرسانی عێراقی بە تایبەتی ئەوانەی لە ئێران نزیکن، نیگەران کردووە ئەوەیە ئەم بڕیارە کەرتی گەشتیاریی ئایینی لە فڕۆکەخانەکانی نەجەف و بەغدا، و هەروەها کاری هۆتێل و کۆمپانیاکان پەکدەخات.
ترسی سەرەکیی عێراق ئەوەیە ئێرانیش لە بەرامبەردا هەڵویست وەربگرێت و بۆ نموونە هەناردەی گازی سروشتی بۆ عێراق قەدەخە بکات لە کاتێکدا عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پێوسیتییەکی زۆری بە ئێرانە و زۆر پێویستە لە هەناردەکردنی ئەو جۆرە سووتەمەنییە بەردەوام بێت ئەگەر نا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا سی کەم دەبێتەوە و قەیرانی نوێ سەرهەڵدەدات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە پەرلەمان ئامادەیە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز بکات ئەگەر بڕیارەکە پاشەکشە لە ڕاگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران نەدرێت، چونکە نابێت عێراق ببێتە بەشێک لە گەمارۆدانی دراوسێکانی.
هاوکات نووسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە بەتێڕوانین لەو سزایانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەسەر کەرتی فڕۆکەوانی ئێراندا سەپێنراوە، داوای دانوستان لە ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی بەشێك لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو گەمارۆیە ببەخشرێن، ئەمەش لەپێناو هۆکارە مرۆییەکانی وەکو؛ چارەسەری پزیشکی، خوێندن و سەردانە ئاینییەکان بۆ بەرژەوەندی کەسانی سڤیل.
باس لەوەش دەکات حکوومەتی عێراق کاردەکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و هانی هەموولایەک دەدات دانوستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
حکوومەتی عێراق دەیەوێت ئەو لێخۆشبوونانەی ئەمریکا لە ڕابردوودا لەبارەی کڕینی گازی سروشتی و کارەبا لە ئێران بۆ عێراق دەریدەکرد بە هەمان شێوە بۆ گەشتی فڕۆکەکانی ئێرانیش دەریبکات.
کەمێک زەحمەتە ئەمریکا بەو داواکاریییەی حکوومەتی عێراق ڕازی بێت چونکە ئەمریکا پێشتر زۆر بە ڕوونی پەیامی خۆی بە هەموو وڵاتانی جیهان گەیاندووە و لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەی داخوازییەکەی عێراق قەدەخەی گەشتی فڕۆکەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.
ئەمریکا پێی وایە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران بە تەواوی لە خزمەتی هاووڵاتییانی سڤیلدا نەبووە و ئەو وڵاتە لە ڕێی فڕۆکەکانی پارە و تەنانەت چەکی گواستووەتەوە.

