ڕائیب جادر – هەولێر
کەمبوونەوەی پێگەی کورد لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە بەغدا ھاوبەشی نەتەوەیی لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا دەخاتە بەردەم قۆناغێکی دژوارەوە، فراکسیۆنی پارتی، ئاشکرای دەکات، لایەنە کوردییەکان نزیکەی ٥٠٠ پۆست و پلەی باڵای بەڕێوەبردنیان لە وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق لە دەستداوە، گوتەبێژی فراکسیۆنەکە جەخت دەکاتەوە، وەرگرتنەوەی ئەم پۆستانە لە کورد بە پیلانێکی پێش وەختە بووە، بۆ ئەوەی قورسای و کاریگەری پێکھاتەی کورد لە بڕیارە چارەنووسازەکانی دەوڵەت لاواز بکرێت.
داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت دەستەی پاراستنی مافی ھەرێمەکان کارا بکرێتەوە تا لەو ڕێگەیەوە ھاوسەنگی نەتەوەیی بۆ جومگەکانی دەستەڵات بگەڕێنەوە و پێگەی شایستەی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بپارێزرێت.
تا دێت پێگە و ڕۆڵی کورد لە نێو وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵی لاواز دەبێت، بۆ ڕاستکردنەوەی ھاوسەنگی نەتەوەیی بە پشت بەستن بە ماددەی ١٠٥ـی دەستوور فراکسیۆنی پارتی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، یاسای دەستەی پاراستنی مافی ھەرێمەکان کارا بکرێتەوە.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: تەوازن نەماوە لە ئیدارەدانی موئەسساتی دەوڵەت، بە تایبەتی کورد کەمترین تەمسیلی ھەیە لەنێو دامودەزگاکانی حکوومەت، بە دامەزراندنی ئەو ھەیئەیە دەستەیەک دروست دەبێت، یاساشی بۆ دەرچووە یاسای ژمارە ٢٦ ساڵی ٢٠١٦ شێوازی دروستکردنەکەی تێدا دیاری کردووە، کە نوێنەری ھەموو پارێزگاکانی تێدایە و نوێنەری ھەرێمی کوردستانیش تێدا بەشدار دەبێت.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لیژنەیەکیان لەناو پەرلەمانی عێراق پێکھێناوە بۆ ئەوەی نزیکەی ٥٠٠ پۆستی لە دەستچووی کورد بگەڕێنەوە کە خۆی لە وەزارەت، بریکار، ڕاوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆکی دەستە و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دەبینێتەوە، کورد نیگەرانە کە بە پیلان ئەو پۆستانە لە دەست کورد دەردەھێنرێت.

