رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر لە چاوەڕوانی شەپۆلێکی فراوانی دیکەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکانە

چواس خالید – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابووری و سیمای شارستانی پایتەختی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕێگەوبان، لەگەڵ هەڵمەتێکی فراوانی زیادکردنی سەوزایی جێبەجێ دەکرێت، هەردوو پڕۆژەکە وەرچەرخانێکی گرنگی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بە هاووڵاتیان.

لە کەرتی باغلومنارە لە شاری هەولێر، پڕۆژەیەکی مەزنی دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکان و دوو شەقامی سەرەکی جێبەجێ دەکرێت، کە بریتییە لە دروستکردنی تەواوی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکەکە و دوو شەقامی سەرەکی بە پانی شەست مەتر، لەگەڵ جێبەجێکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و دانانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە.
ئێستا ڕشتانە کار لە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە دەکرێتەوە و بەپێی پلان و بەرنامەی بۆ داڕێژراو بێت، بڕیارە بەر لە وەرزی زستان تەواوی کارەکانی تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتیانەوە.
ئەم دوو شەقامە شەست مەترییەی نێو پڕۆژەکە، ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ و بەرچاویی دەبێت لە کەمکردنەوەی قەڕەباڵغی هاتوچۆ و، ئاسانکاری تەواو بۆ جوڵەی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دەستەبەر دەکات، کە یەکێکیکان ڕێگەی سەرەکی موسڵ بە ڕێگەی مەخموور دەبەستێتەوە و ئەوەی دیکەشیان شەقامی خێرایی سەد و بیست مەتری بە شەقامی خێرایی سەد و پەنجا مەتری دەبەستێتەوە، کە ئەوەش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە نێوان هاتوچۆی شاری هەولێردا.
پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆنانی شەقامی سەرەکی و ناوخۆیی باغلومنارە و دانانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ، بە گوژمەی شەست و سێ ملیار و هەشت سەد و هەشتا و حەوت ملیۆن دیناری عێراقی جێبجێ دەکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، دەستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ ڕێکخستنەوە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی شارەکە کردووە.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولر ڕایدەگەیەنێ، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان بە پلانێکی تۆکمە، دەستیان بە ڕێکخستنەوەی سەوزایی دوورگەی ناوەندی و ناو سەوزاییەکانی شەقامی ١٢٠ مەتری لەگەڵ گەڕەکی فەرمانبەران کردووە.

ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە ژینگەییە، بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی سەوزایی و جێبەجێکردنی ئامانجە بڕیارلێدراوەکانی پاراستنی ژینگە، بۆ ئەم مەبەستەش سەدان دار دەچێندرێت و بەشێک لە ناوچە سەوزاییەکانی سەر شەقامی گەڕەکی فەرمانبەران ڕێکخراوەتەوە و چەندین شوێنی دیکەش بەوردی دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی لە هەڵمەتەکەدا سەوز بکرێن.
شارەوانی هەولێر جەختدەکاتەوە، بڕیارە لە سەرەتایی هەفتەی داهاتوو، ئەم هەڵمەتی نەمام چاندنە بە شێوەیەکی بەرفراوان چڕ لە تەواوی ئەم ناوچە دیاریکراوانەدا جێبەجێ بکرێت، تا سیمایەکی گەش و ژینگەیەکی تەندروستر بۆ دانیشتوانی شاری هەولێر دابین بکرێت.