ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، داشکاندنی قەرزە کۆنەکانی کارەبا و ڕێکخستنی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانی تاوتوێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە پرۆسەی ڕێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە خستەڕوو و هەنگاوە ئەنجامدراوەکان و پلان و پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتووی پرۆسەکەی ڕوون کردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، هەروەها باس لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بۆ یەکسانکردنی مووچە، پلە، دەرماڵە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵ و جێگیرکردنی پێداویستییە دارایییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵی؛ بەو پێیەی هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانیش ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، لەوانە خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ دەکات؛ بۆیە پێویستە مووچە، دەرماڵە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ خەرجییەکانی بەکاربردن، ڕاهێنان، پڕچەککردن و پڕۆژەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێوەری یەکسان لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیدا جێگیر بکرێن.
پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەنگاوی گرنگی بڕیوە؛ سەرجەم پێشمەرگەکان تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە، پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەکانیان ئەنجامدراوە و لیستی ناو و زانیارییەکانیان لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ وردبینی کراوە.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە دەسکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان دانا و جەختی لەوە کردەوە، کە یەکخستنەوە تەنها ڕێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی دامەزراوەییە بۆ ڕێکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و یەک فەرماندەیی و بڕیاری دامەزراوەیی بە جۆرێک پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی نیشتمانی کە ئامانجی سەرەکی بەرگریکردن بێت لە خاک و خەڵکی کوردستان.
سەرۆک وەزیران جەختیشی لە گرنگی پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و یەکسانکردنی بە هاوتاکانیان لە سوپای عێراق کردەوە .
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و بە دەسکەوتێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی ناوی برد و جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی و پیشەییکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و پاراستنی دەسکەوتەکانی کردەوە. هەروەها پێداگریی لەسەر یەکسانکردنی مووچە و شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە دامەزراوەکانی بەرگریی حکومەتی فیدراڵ کرد.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد بۆ ئەم هەنگاوە مێژووییە و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە ڕۆڵیان لە سەرخستنی پرۆسەکە هەبووە، بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشانی پرۆسەی ڕێکخستن، چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد بە گیانی بەرپرسیارییەتی نیشتمانی، پشتیوانیی ئەم پرۆسەیە بکەن.
ئەنجومەنی وەزیران، شاندی باڵای دانوستانکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027دا بەردەوام بێت لە هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی مووچە، دەرماڵە، شایستە دارایییەکان و پێداویستییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، هاوشێوەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ. هەروەها گرنگیی ڕۆڵی نوێنەر و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە پرۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی 2027 دووپات کرایەوە.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (299) لە 2026/7/22، سەبارەت بە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبووەکانی هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی سوودمەندبوون لە بڕیارەکە تاوتوێ کرا.
وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی وردی لەمبارەیەوە خستەڕوو و ئاستی وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان، بڕی قەرزی یەکلاییکراوە و کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر ڕێکخستنەوەی دۆسیەی قەرزە کەڵەکەبووەکان و دابینکردنی بەشێک لە خەرجییەکانی کەرتی کارەبای ڕوونکردەوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی بڕیارەکە، لە لایەکەوە سووککردنی بارگرانیی دارایی لەسەر هاووڵاتیان و هاندانیانە بۆ یەکلاییکردنەوەی قەرزە کۆنەکانە و لە لایەکی دیکەشەوە، زیادکردنی توانای داراییی وەزارەتی کارەبایە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان، لەوانە کڕینی غازی سروشتی و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزاریی کارەبا.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا ماوەی سوودمەندبوون لە داشکاندنی قەرزە کۆنە کەڵەکەبووەکانی کارەبا لە 2026/9/24 تا 2026/10/18 بە هەمان مەرج و بڕگەکانی بڕیاری پێشوو درێژ بکرێتەوە؛ بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێت لە داشکاندنەکە سوودمەند بن و قەرزەکانیان یەکلایی بکەنەوە و داهاتی بەدەستهاتووش جارێکی دیکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا خەرج بکرێتەوە.
لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەدا، پێشنیاری دەستپێکردنی ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو؛ بە مەبەستی نزیککردنەوە و هەماهەنگکردنی چوارچێوە یاسایی و ڕێکارییەکانی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.
لە پێشکەشکردنی بابەتەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکانیش بۆ ئەم مەبەستە میوانداری کرا بوو، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گرنگیی کۆمپانیا گشتییەکانی وەک ئامرازێکی گرنگی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییە ئابووری، بازرگانی، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان ڕوون کردەوە. هەروەها باسی لە چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی حکومەتی فیدراڵ لەم بوارەدا کرد، بە شێوەیەک کە دامەزراوە گشتییەکان بتوانن بە کارایی و خێرایی زیاتر چالاکی بکەن و لە هەمان کاتدا پابەند بن بە بنەماکانی چاودێری، شەفافیەت و پاراستنی سامانی گشتی.
دواتر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان، جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیکردنی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان لە بوارەکانی کۆمپانیا، بازرگانی، وەبەرهێنان و چالاکییە ئابوورییەکان کردەوە؛ بە مەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازییە یاسایی و ڕێکارییەکان، ئاسانکاریکردن بۆ کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێم بۆ چالاکیکردن لە سەرانسەری عێراق و دروستکردنی ژینگەیەکی یاسایی ڕوونتر و گونجاوتر بۆ کەرتی گشتی و تایبەت.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە (22)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان دا ، هاوشانی یاسای کۆمپانیاکان ژمارە (21)ی ساڵی 1997ی هەموارکراو، وەک دوو یاسای تەواوکاری یەکتر؛ بە مەبەستی کاراکردنی دامەزراوە گشتییەکان، پەرەپێدانی ژینگەی بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگکردنی چوارچێوە یاساییەکان لەگەڵ یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان.

