رۆژنامەی ھەولێر

پێویستی ھەرێم بۆ نەوتی سپی ٥٦٣ ملیۆن لیترە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەرلەمانی عێراق داوای پێداچوونەوە بە پشکی نەوتی ھەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەی سوومەتەمەنی دەکات، لە دانیشتنەکەی ڕۆژی دوو شەممە سەرجەم ئەو ڕاسپاردانەی کە ھەبوون پەسەند کران کە تایبەت بوون بە چارەکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، حکوومەتی عێراق ڕاسپێردراوە بە پەلە نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات، کە پێشتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕاگەیاندبوو ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٥٦٣ ملیۆن لیتر نەوت ھەیە.

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی دوو شەممە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات کە نرخی بەرھەمەکانی نەوتی بەرزبووەتەوە، ھاوکات داوای کرد پلانێکی بە پەلە دابنرێت، بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی لە داھاتوودا، سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە پەرلەمان بڕیاری دا چاودێری سەر پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنی توندتر بکات، ھەروەھا بڕیاری دا گاز بە ھەمان ئەو نرخەی پێشوو بدرێت بە جووتیاران کە پێشتر دیاری کرابوو، لە بەشێکی دیکەی ڕاسپاردەکاندا پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە پێویستە کێشەی سووتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت، بەو ئامانجەش پێداچوونەوە بە پشکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ھاوکات داوا کرا پشکی نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ وەرزی زستان دابین بکرێت، لە بەشێکی دیکەی ڕاسپاردەکانی پەرلەمانی عێراق لیژنەی نەوت و گاز ڕاسپێردرا چاودێری و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بکات.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەرھاویشتەکە دوو خاڵی تێدایە کە بۆ ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان گرنگن، یەکەمیان، ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق ڕاسپێردراوە بە پەلە نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێشتر بە وەزارەتی نەوتی گوتووە نەوتی پێویست بۆ ساڵێک لە ھەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم خێزانەکان خۆی دەبینێتەوە لە ٥٦٣ ملیۆن لیتر نەوت، ھەر ئێستا لە ھەندێک ناوچەی شاخاوی کەشوھەوا سارد بووە، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لەم بڕیارە، ھەروەھا بابەتێکی دیکە کە پەیوەستە بە مشتەقاتی نەوتییەوە جگە لە نەوتی سپی کە بەنزین، گازوایل و غاز لە خۆ دەگرێت، بڕیارەکە زۆر باشە و ئاراستەی حکوومەت دەکرێت، وەزارەتی نەوتیش دەبێت پێوە پابەند بێت.