رۆژنامەی ھەولێر

ھەوڵەکان بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەت بەردەوامن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەوڵەکان بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەت بەردەوامن. چاودێران، جەخت لە پێویستیی یەکڕیزی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی سیاسی دەکەنەوە و داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن ھەرچی زووە پەرلەمان کارا بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ خۆش بکرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بەرنامە و کارنامەی لە ماوەی کابینەی نۆ بۆ خزمەتکردن و چاکسازی و گەشەکردن دایڕشتبوو، زۆرینەی جێبەجێ کرد، ئێستاش مکوڕە لەسەر ئەوەی ھەرچی زووە حکوومەتی نوێ پێکبھێنرێت، بۆ ئەوەی کابینە وەزارییەکەی دەست بە کارەکانی بکات و ئەوەی دەیەوێ ئەنجامی بدات، لەو چوارچێوەیەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھیوای خێرا پێکھێنانی کابینەی نوێیە.
بەڕای زۆرینەی شارەزا و سیاسەتوانان، پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری و جووڵەی بازاڕ و تەواوی کەرتەکانی تر دەبێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی ھەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی کوردستان پێداگرە لەسەر پێکھێنانی کابینەی دەیەم، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نوێ بکرێت و زیاترین خزمەتگوزاری پێشکەش بەوانە بکرێت کە متمانەیان بە ھێزە سیاسییەکان دا.
زەکی شاکر، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: گۆڕانکارییە سیاسییەکان پێویستییان بە ھەڵوەستەیەکی جیددی ھەیە و دەبێت ھەموو لایەنەکان، بارودۆخی ناوچەکە لەبەرچاو بگرن و ھەوڵەکان چڕ بکەنەوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ.
ئەو چاودێرە، ڕوونیشی کردەوە، دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان و ھەرێم نییە و دەبێت ھەرچی زووە لەپێناو کاری باشتر و پێراگەیشتنی حکوومەت کابینەی نوێ دروست بێت، ئەوەی دەیەوێ بچێتە ناو حکوومەت و بەشدار بێت، بەرپرسیاریەتی ھەڵبگرێت و ئامادەی کارکردنی تیادابێت و ئامانجی خزمەتکردن بێت، کێشە بۆ پێکھێنانی حکوومەت دروست نەکات، بۆیە کوردستان لەم کاتەدا پێویستی بەوەیە کە حکوومەتی نوێ پێک بێت و سیاسەتی نوێ بەرجەستە بکرێت و تەواوی سێکتەرەکان ببووژێنەوە، ئەوەی گرنگە لایەنەکان ئەوانەی لە ھەڵبژاردن کورسییان ھێناوە، ئەگەر مەبەستیانە بەشداری بکەن، خۆیان یەکلا بکەنەوە و پێکەوە دەست بە پێکھینانی کابینەی نوێ بکەن و حکوومەت دروست بکەن و کار بۆ خزمەتکردن بکەن.
ھۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو بارەیەوە ئەەی خستووەتەڕوو، بژاردەی پارتی ئەوەیە، حکوومەتی داھاتوو، حکوومەتێکی بنکەفراوان بێت، بەڵام یەکێتی ھاوپەیمانی متمانەپێکراوە و ئەزموونی حکومڕانی ھاوبەشمان ھەیە، لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانە پارتی و یەکێتی پێکھێنەری سەرەکیی حکوومەت بن، ڕێگەشمان لە ھیچ لایەن و حیزبێک نەگرتووە بۆ ئەوەی لە حکوومەت بەشدار بن بەپێی قەبارەی دەنگەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ڕەوشی ناوچەکە، عێراق و ھەرێمی کوردستان زۆر ھەستیارە، ئەم بارودۆخە وا دەکات تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە تاوەکو لە زووترین کاتدا کابینەی نوێ پێک بھێنن.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەت دواکەوتووە و نزیکەی ٢٠ مانگە ھاووڵاتییان دەنگیان داوە، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە ئەمڕۆ زیاتر لە ھەموو کاتێک ھەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی دەزگا شەرعییەکان چڕ کراونەتەوە، بەو ھیوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ھەواڵی خۆش بە ھاووڵاتییان بدرێت، ھەرچەندە کاتێکی دیاریکراوی ئاشکرا نەکرد.
سەبارەت بە بەشداریی لایەنەکانی دیکە لە کابینەی نوێدا، پشتیوان سادق، ڕوونی کردەوە کە لایەنی دیکەش بەشدار دەبن، بەڵام پێگە و سەنگی ھەر حیزبێک بەپێی ژمارەی کورسییەکانی دەستنیشان دەکرێت و تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە. ھاوکات جەختی کردەوە کە پارتی لە پەیوەندی و ھاوئاھەنگیدایە لەگەڵ لایەنەکان و ئاراستەی پەیوەندییەکانیش ئەرێنین.
شایەنی باسە ھەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ھاتە ڕاگەیاندن، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسیی بەدەستھێنا.