رۆژنامەی ھەولێر

دۆخی دینار خراپە و لە نزمترین ئاستی شەش مانگی رابردووی مامەڵەی پێوە دەکرێت

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

نرخی دینار گەیشتووەتە نزمترین ئاستی شەش مانگی ڕابردوو و لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بەهای هەر سەد دۆلاری ئەمریکی تەنانەت سەد و شەست هەزار دیناریشی تۆمار کرد. هەرچەندە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە نرخەکەی لە سەرووی سەد و پەنجا و حەوت هەزار دینار مامەڵە دەکرا.

کۆمەڵێک هۆکار لە پشت دابەزینی بەهای دینارن لەو هۆکارانە بەشکیان کۆنن و پەیوەندییان بە دۆخی کارگیڕیی بەشێکیان پەیوەنددییان بە دۆخی دارایی و بەشێکی سەرەکیش لەو هۆکارە پەیوەندی بە دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقەوە هەیە.
بەهای دینار کاتێک لە کۆنترۆڵ دەرچوو کە لە ساڵی ٢٠٢١ بە بڕیارێکی حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بە فەرمی بەهاکەی کەم کرایەوە و لە سەد و هەژدە هەزار دینار بۆ هەر سەد دۆلار گەیەنرایە سەد و سی و دوو هەزار دینار.
ئەم گۆڕانکارییە ڕاستە بەهۆی قەیرانی دارایی و دەرهاویشتەکانی کۆرۆنا و کورتهێنانی بودجە ئەو دۆخەد نالەبارە ئابوورییە بوو کە عێراق تێیکەوتبوو بەڵام گۆڕانکارییەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا و دەبوایە لە نێوان سەد و سی و دوو هەزار دینار تا سەد و سی و پێنج هەزار دینار مامەڵە بکرایە نرخی فەرمی و بازرگانی تەنیا دوو هەزار دینار جیاوازی هەبا بەڵام ئەمە هەرگیز رووینەدا.
لەو کاتەوە هەر سەد دۆلار لە نێوان سەد و چل تا سەد و پەنجا و پێنج هەزار دینار مامەڵە کراوە و تەنانەت هەندێک جار سەد و حەفتا هەزار دیناریشی دەرباز کردووە و دواتر گەراوەتەوە خوار سەد و پەنجا هەزار دینار.
ئەم دۆخە دەرگای گەندەڵی کردووەتەوە و بەشێک لە بازرگانان هەموو هەوڵیک دەدەن دۆلار بە نرخی فەرمی دەستەبەر بکەن و بە نرخی ئازاد بیفرۆشنەوە چونکە جیاوازییەکە زیاتر لە پازدە هەزار دینار بووە و هەندێک جار گەیشتووەتە سی هەزار دینار.
هۆکاری دووەم لە دابەزینی بەهای دینار داراییە و پەیوەندی بە جەنگ و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت لە چاو ساڵان و بە ئاسان نەگەیشتنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق هەیە، ژمارەیەک لە بانکەکانی عێراق تا ئەم ساتە سزای ئەمریکایان لەسەرە و هەموو کاتێک گومان لەوە کراوە ئەو دۆلارانەی دەگەنە عێراق لە ریی ئاسایی و یاسایی خەرج ناکرێن.
بازاڕەکانی عێراق پێویستییان بە دۆلارە و بانکی ناوەندیش نەیتوانیوە بەشی پێداویستییەکانی بازاڕ دۆلار دابین بکات و کاتێکیش خواست و خستنەڕوو هاوسەنگ نەبن ئەوا گۆڕان لە نرخەکان ڕوو دەدات.

هۆکاری سێیەم کە بە گرنگترین هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بە تایبەتی لە چەند رۆژ و هەفتەکانی رابردوو هەژمار دەکرێت پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقەوە هەیە و بەپێی ئەو کاتەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستنیشانی کردووە دەبێت تا کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی بە چالاکیی گرووپە میلیشیاکان بهێنرێت.
عەلی زەیدی خۆیشی بە سەردانێک لە ئەمریکایە و چارەنووسی ئەو گروپانە و ئەگەری سەرکەوتن یان شکستی بەڵێنەکانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەهای دینار هەبێت.
ئەگەر عێراق بتوانێت جڵەوی ئەو گرووپانە بکات دەتوانێت سوود لەو دۆلارانە وەربگرێت کە لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت یان لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەڵگیراون بەڵام ئەگەر شکست بێنێت ئەوا چاوەڕوانی دابەزینی زیاتری بەهای دینار دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە بەهای دینار لەم ئاستە نزمەدا بمێنێتەوە، ئەنجامی باش یان خراپی سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا و چارەنووسی گرووپە میلیشیاکان بەهای دینار دەگۆڕێت.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق هەوڵ دەدەن هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بخەنە پاڵ کێشەی تەکنیکی یان قۆستنەوەی خراپی بەشێک لە نووسینگەکانی دراو و پێداگری لە کۆنترۆڵکردنی دینار دەکات بەڵام ئەمە راست نییە و هۆکارە هەرە سەرەکییەکە کە دامەزراوە فەرمییەکان خۆیان لە باسکردنی بەدوور دەگرن دۆخی سیاسیی عێراقە.
بە گشتی دابەزینی بەهای دینار بۆ بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان باش نییە چونکە دەبێتە هۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و خەڵک کە مووچەکەیان بە دینارە و کاڵا و شتومەکیش بە دۆلارە ناچارن پارەی زیاتر بۆ هەمان پێداویستی بدەن.