رۆژنامەی ھەولێر

پێشمەرگە، گرێبەستێكی نەتەوەیی

زکری موسا
بڕیاری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە سەرۆک بارزانی لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعشدا بەردی بناغەی بۆ دانا، هەنگاوێکی مێژوویی و چارەنووسسازە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەرکی سەرشانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە کە بە بڕوایەکی کاملەوە پاڵپشتی لەم پڕۆسەیە بکەن و لە پێناو پاراستن و پتەوترکردنیدا هەوڵ بدەن.
پێویستە هەموومان بە هەستێکی قووڵەوە لەوە تێبگەین کە پێشمەرگە، بەر لەوەی تەنها هێزێک یان چوارچێوەیەکی سەربازی بێت، ڕەمز و به‌هایه‌کی نەتەوەیی قووڵە لە ویژدانی تاك بە تاکی کورددا. پێشمەرگە زادەی فرمێسک و خوێن و ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستانە لە پێناو مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا. ئەم هێزە چەمکێکی بنەڕەتیی کولتووری سیاسی و شۆڕشگێڕیی کوردستانە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی مرۆڤی کورد. لەم سۆنگەیەوە، هەر هەنگاوێک بەرەو بەهێزکردنی پێشمەرگە بنرێت، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەهێزبوون و تۆکمەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو کوردستانییان.
تایبەتمەندییەکی دیاری پێشمەرگە کە لە سەرجەم هێز و گرووپە چەکدارەکانی تر جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە هێزێکی خۆسەپێن، داگیرکار، شۆڤێنی، تایفی یان ئایدیۆلۆژی نییە، تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش دەستی بەرەو تیرۆر، تۆقاندن یان بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی درێژ نەکردووە. پێشمەرگە، قەڵغانی بەرگرییە لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و گرێبەستێكی نەتەوەییە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و پاراستنی بەهاکانی پێکەوەژیان و تەبایی.
هەرچەندە بەداخەوە هەندێک دەنگ و ڕوانگەی سیاسی دەبینرێن کە هەوڵی دروستکردنی گومان یان کەمکردنەوەی بایەخی ئەو پڕۆسەیە دەدەن، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی ئەرێنیی سیاسی و دەروونیی قووڵ لەسەر هاووڵاتیان، هێزەکانی پێشمەرگە، لایەنە سیاسییەکان و كۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەجێدەهێڵێت. هاوکات لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی گرنگە لە ڕوانگەی هاوپەیمانان بەرامبەر هەرێم، و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵیش دەباتە ناو کەشێکی جددیتر و دامەزراوەییتر.
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بەتایبەت لە دوای ساڵی 2003ـیەوە تەنها هێزێک بووە کە هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دروست نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هۆكارێكی گرنگی پاراستنی سەقامگیری و پڕۆسەی سیاسیی عێراق بووە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو.
هێزی پێشمەرگە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کاری پێکەوەییە، لە سەردەمی بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕینەوە بگرە تا پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، کە تێیدا ڕۆڵێکی سەرەکی و یەكلاكەرەوەی لە تێکشکاندنی تیرۆریستاندا بینی. لە هاوكێشە سیاسییەکانی دوو دەیەی ڕابردووی ناوخۆی هەرێمیشدا، پێشمەرگە نەبووەتە لایەن لە هیچ ململانێیەکدا. هەموومان لە یادمانە لە گەرمەی ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆدا، پێشمەرگە قارەمانانە لە یەک سەنگەردا و لە ژێر یەک ئاڵادا شەڕی داعشی دەکرد. ئەمە وانەیەکی بەرزی نیشتمانپەروەری بوو کە پێشمەرگە بە هەموومانی بەخشی.
بەو هیوایەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێتە هەوێنێک بۆ ئەوەی تاک بە تاکی کوردستانییان بە شانازییەوە بەرەو ناسینەوەی مێژوو، هەڵوێست و ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەیان هەنگاو بنێن.