رۆژنامەی ھەولێر

لەدەقە شیعرێکــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــی ناڵە حەسەن دا

ئاری ئاغۆک
شیعر تەنیا دەربڕینی چەند ووشەیەکی یەک لەدوای یەک نیە، بەڵکو لەڕێگەی چنینی ووشە و ڕستەدا دەتوانرێ وێنەیەکی جوانی ئەدەبی نیشان خوێنەر بدرێ، دواتر لە بینینی ڕستەیەک دەتوانرێ سنوری زمان و قسە تێپەڕێنێ بۆ تێگەیشتنێکی قوڵ و بیرکردنەوەی فرە لایەن، چونکە ئەو کاتانە شاعیر چێژ لە نووسین وەردەگرێ، کاتێ خۆی لە فۆڕمێکی جیاواز و ئازاد و یەکێک لەو ئامرازانە دەدۆزێتەوە کە دەیەوێ شکست بە مەحاڵ بێنێ، بچێتە نێو ئەو خەیاڵستانەی کە خۆی مەبەستیەتی، جیهانێک لە ناخ و بیرکردنەوەی خۆی دروست دەکات بۆئەوەی ئەو وێنە ڕاستگۆییەمان نیشان بدات کە لەژیانی ڕۆژانەی دا ناتوانێ گوزارشتی لێ بکات، ناچار پەنا دەباتە بەر دەربڕین، بەڵام لێرەدا پرسیارە کە ئەوەیە ئایا چۆن و بە چ ئاراستەیەک دەیەوێ ئەو دەربڕینانەمان بۆ بکات بە گوزارشتێکی جوان؟ دوور لە ڕستەو دەربڕینی سادەو ساکار ؟!.
بێگومان لە نێو فەوزای گەورەو ماندووی ژیان دا، کەمجار هەست بە بۆ شاییەکان دەکەین، چونکە بۆشاییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگە یەکی دیکە جیایە، بەڵام ئافەرین بۆ ئەو نووسەر و شاعیرەی لەگەڵ بەردەوامی بۆشایی و ئێش و ئازار، لێ هەر تروسکایی و ئومێدێک بەدی دەکات بۆ ئازادی و فڕین و متمانە بەخۆبوون و بەردەوامی.
ئەوەتا لە دەقە شیعرێکی ناڵە حەسەن دا بە ناونیشانی (فڕینی هەمیشەیی) کە ناونیشانەکە خۆی لەخۆی دا گوزارشتە لە بەردەوامی ژیان، بێ ئاوڕدانە و نیشتنەوە و هەست بە بێزاری و ماندوو بوون، بەیەک هەناسە بە دوو باڵی ماندووەوە هەر ڕووی لە فڕینە.
لێرەدا یەک بەش لەو دەقە دەستنیشان دەکەین و بە تێگەیشتنی خۆمان شرۆڤەیەکی ئەدەبی بۆ دەکەین:

-ناونیشانی دەق: فڕینی هەمیشەیی- بەشی ٣
-خاوەن دەق: ناڵە حەسەن

من ئەو دەمانەی کۆچ دەکەم
بۆ ناو نزرگەی تیشک
هیچ پەنجەرەیەکیش بە ڕووی داهاتوو داناخەم
ئیتر من لێرە نیم
لەم وەرزی کۆچ و فڕینەدا
بوومەتە تەم
بوومەتە با
بوومەتە هاواری ئەو هەڵۆیە ماندووەی
کە لەنێوان نیشتنەوەی سەر هێلانە و
فڕینی هەمیشەییدا
فڕینی هەڵبژارد…!!!

*شرۆڤە و شیکاری دەق:

-من ئەو دەمانە کۆچ دەکەم
بۆ ناو نزرگەی تیشک
لە دەسپێکدا شاعیر کاتی کۆچ کردنی بۆ ناو نزگە دیاری دەکات، لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین ئاخۆ جگە لەوکاتە، یاخود پێشتر هیچ هەوڵێکی کۆچکردنی داوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، ئایا هەوڵەکانی بەیەقین بووە؟ یا حەزێکی کاتی و بەس؟ یا وڕێنەیەکی شیعری و تەواو!!!.
لەکاتێکدا کۆچ کردنی ئەمجارەی بۆ ناو (نزرگەی تیشکە) دەستنیشانکردنی شوێن دەلالەتە لەوەی کە شاعیر ڕاستگۆیانە و بەیەقینەوە کۆچ دەکات، دەستنیشانکردنی شوێن (نزرگە) ڕاستەوخۆ بۆ شوێنێکی هێمن و ئارامکەرەوە، بۆ حەسانەوەی چێژی دەروونی لە گۆشەیەک دا خۆی دەدۆزێتەوە، دواتر شاعیر جۆر و ژینگە و بابەتی شوێنەکە دیاری دەکات، ئەویش (تیشک)، ئەم ناوە ڕاستەوخۆ گوزارشتە لە شوێنێکی (ڕووناک، دوورکەوتنەوە لە تاریکی، هیوا بەخش، هێمای ڕوناکی و بەردەوامی).

-من هیچ پەنجەرەیەکیش
بەڕووی داهاتوو داناخەم
لەگەڵ ئەوەی بە کۆچ کردنی بۆ ناو نزرگەی تیشک، دەستنیشانکردن و ئومێد بەخش و ڕووناکی لێ بەدی دەکرێ، بەڵام لێرەدا گومان و وەسواسیەک دروست دەبێ، ئەویش بەهۆی دانەخستنی پەنجەرەیە بەرانبەر بە داهاتوو، ئەم دەربڕینە دەمانباتەوە سەر ئەو تەلی فڕینەی کە ڕاستە (ئەو) دەڕواو کۆچ دەکات، بەڵام سەرەتا دڵنیا نیە لەو زیندەگیە ڕووناکیەی ئەوێ، دەشێ بەهەشتێک بێ و بۆیان دروستکردبێ، یا لەو دیو پەنجەرەوە داهاتوو ببینێ، چونکە ڕوانینی شاعیر قوڵتر و دوورتر و فراوانترە لەو کەسە ئاساییانەی کە ڕۆژ و شەو بە ژیانێکی دووبارە و کلاسیک بەسەر دەبەن، بۆیە ئەو ڕێگاو دەرفەت و پەنجەرەکراوەشی بۆ دیاری کردوون، تا یەقین بین بە ئیحساس و ڕاستگۆییەوە پەیامەکانی دەردەبڕێ.

-ئیتر من لێرە نیم
لەم وەرزی کۆچ و فڕینەدا
بوومەتە تەم
بوومەتە با
وەرزی کۆچ، وەرزی هات و نەهاتە، وەرزی هەڵوەرین و ماتییە، لەوەرزی کۆچ دا، هەر یەکەو بە هۆکارێک بەڕەنگاری دەبێتەوە، کەسانێک لە بێ تاقەتی و وەرس بوون ! کەسانێکی دیکەش بەهۆی کۆچی ئازیزانیان! لەگەڵ ئەوەی شاعیر پەنجەرەی بەرەو داهاتوو دانەخست !!. لێ لەم وەرزی کۆچ و فڕینەدا، خۆ وونکردنێکی ئیستاتیکیمان نیشان دەدات، (بوومەتە تەم)
ئەمەش هێمایە بۆ خۆوونکردن و هەست بە وجودێکی نادیار ! لەنێوان ئامادەگی و دەربازبوون دا، دەیەوێ وێنەیەک لە زەینی خوێنەر چێ بکات، تا ئەو فۆڕمەی کە هەموومان دەزانین (تەم) ئاستی بینین کەم دەکات و ڕێگاکان دەشارێتەوە، بەڵام ئەوهەر هەست بە بوونی خۆی دەکات!!!.
(بوومەتە با) ئەمجارەیان ڕیتمی ناسین دەگۆڕدرێ، (با) ڕیتمێکی خێراتر، بەڵام ڕوونتر، ئازادانەتر، سنوور بەزاندن، تێپەڕین و جولەی بەردەوام.
کەواتە:
تەم = -وجودێکی نادیار و وون بوون
با=-جولەی بەردەوام و خێرا
کاتێ ئیعلانی ئەوە دەکات کە لێرە نیە !!! ئەوا هاڕمۆنیەتێک لە ئاسمانەوە نیشان خوێنەر دەدات، ئەویش هارمۆنیەتی بەردەوامییە.

-بوومەتە هاواری ئەو هەڵۆیە ماندووەی
کە لەنێوان نیشتنەوەی سەرهێلانە و
فڕینی هەمیشەیی دا
فڕینی هەڵبژارد….!!!.
بۆ جاری سێیەم گۆڕانکاری بەردەوامە لە ( تەم) بۆ (با)، دواجار (هاواری هەڵۆیەکی ماندوو)، لەگەڵ ئەوەی هەڵۆ گوزارشتە لە (هێز، دەسەڵات، ئازایەتی، بوێری، سەربەرزی،جوامێری، بڵندی، شکۆمەندی،،،،، هتد) بەڵام بە پێشگری هاوارێک، جۆر و سایکۆلۆژیەتی خۆییمان پێ دەڵێت، ئەویش هاوارە، دەکرێ ئەو هاوارە، ئێشێکی قوڵ بێ، ئازارێکی ئەبەدی بێ، لەکاتێک دا (ماندووە) ئەو ماندووەش دەمانباتەوە سەر ئەو پەیکەرەی کە (ئەو)ی شاعیر، هیلاک و ماندووە، ئەمەش بە هۆی تەمەن، ئازارەکانی ژیان، زۆر فڕین، هەموو ئەمانە خۆی لە فۆڕمی ماندوویی دەدۆزێتەوە!
بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ئێش و ئازار و هیلاکی و ماندوو بوونەی دا، لە نێوان دوو ئەگەر دا، دوو وێنەدا، دوو ژینگە دا، دوو ئاڕاستەدا، دوو بڕیاردا، ئەوا بڕیاری فڕین دەدا.
لە کاتێک دا هەڵۆ هێلانەی خۆی لە سەر لوتکەی چیا زۆر بەرزەکان و شوێنە زۆر سەخت و دژوارەکان دروست دەکات، ئەمەش دەلالەتە لە وورە بەرزی و خۆڕاگری، بەڵام ئەوی شاعیر وەک هەڵۆیەکی ماندوو، وەک خاوەن بڕیار و بوێر، بە ڕوانینێکی تر دەڕوانێ و بە ئومێدێکی تر بڕیارە قورسەکە دەدات، ئەویش (فڕین، هەمیشە فڕین).
دوادێر، کۆتایی بە هەموو ئەگەرەکان دێنێ، فڕینێکی زیندوو، نەک بە پێ وەستانێکی مردوو، فڕینی ئازادی، نەک دانیشتنی دیلی، فڕینی جولەی بەردەوام، نەک هەنگاوی سستی سەرتەختەی شانۆی ژیان، هەموو ئەو چەمکانە پێمان دەڵێن شاعیر بە خەونی گەورەوە لە ئایندە دەڕوانێ و پێمان دەڵێت؛ مرۆڤ لە هەموو کات و ساتەکان دا دەبێت لە نێوان فڕین و نیشتن دا، لە نێوان ژیان و مردن دا، ئەگەر (کۆچ)یش بکات دەبێت مردوێکی زیندوو بێت، نەک زیندووێکی مردوو!!!.