دکتۆر: ئەرخەوان عوبێد*
دەقی هۆنراوەکە
دەوترێ بۆ نەخۆشییەکانی دڵ باشیت
تۆ ئەو ئاوەی
بەیانیان دەتخۆمەوە،
دەوترێ
بۆ نەخۆشییەکانی دڵ باشیت.
تۆ ئەو ئاوەی
خەمی جەستەم دەتۆرێنی و
بەخەندەی جوانیش دەمگۆڕی.
جلێکم پێ لەبەر دەکەی
خەتی
میل میل خۆشەویستی تۆی تێدا بریقە دەدەنەوە،
دەڵێن بۆ چاوەزار باشە.
لەیەکەم دیدارەوە زانیم
لەدەریای بەرینی تۆدا
بەپاپۆڕی دڵێکەوە
لەدەورت دەگەڕێم و
ماسی جوانیت
لەدەورم کۆ دەبنەوە،
نەرمە گازی خۆشەویستیم لێ دەگرن و
سوعبەتم لەگەڵ دەکەن.
تا تۆ مابیت
من
شیرینیم لێ دەچۆڕێ،
هەنگی عیشقت
ملوانکەیەو
لەنێو جوانانی شارەکەم
من شانازی پێوە دەکەم!
بورهان بەرزنجی
٢٠٢٦/٦/٥
پرۆسەی خوێندنەوە دەق پرۆسەیەکی دوو جەمسەرییە، ئاسۆی پێشبینی و مەودای جوان بینی خوێنەر جەمسەرێکە و ئاسۆ و مەودای جوانی دەق جەمسەرێکی دیکەیەتی. لەنێوان ئەم دوو جەمسەربەندییەدا یان چێژ دەستەبەر دەبێت یان دەستەبەر نابێت. ئێمە باسی ئەو دۆخە دەکەین کە چێژ تیایدا بەرجەستە دەبێت، چونکە ئەم دۆخە بۆ خوێنەر دڵخۆشکەر و ئاسودە بەخشە، بۆ دەقیش گەرەنتی مانەوەی دەقە بەزیندوویی.
توخم و پێکهاتەکانی دەق دیارخەر و سنووردانەری مەودای جوانی دەق و دەستنیشانی ستراتیژیەتی وەرگرتنی دەق دەکەن. بۆیە گرنگە لەڕێگای توخمەکانەوە باسی ئەو کارلێکە بکەین کە لە نێوان (دەق و خوێنەر) لە پرۆسەی خوێندنەوەی دەقدا بەدی دێت.
یەکێک لە توخمەکانی ئەم دەقە کردارەکانە کە هاوکات وەکوو کەرستەی زاڵی نێو دەقەکەش دەردەکەون و ئەرکی جوڵەپێکردنی هەستەکانیش لە ئەستۆ دەگرن، چونکە هەریەکێکیان بەرپرسە لە جوڵەیەک، هەر لە ناونیشانی دەقەکەوە دەست پێ بکەین(دەوترێ بۆ نەخۆشیەکانی دڵ باشیت)
کرداری(دەوترێ) جوڵەی تێدایە لەرەلەری دەنگ و دواتر بیستن. سەرچاوەی ئەم دەربڕینە باوهڕێک- یەقینێک نییە کەلای شاعیر دروست بووبێت، بەڵکوو زانیارییەکە سەرچاوەکەی فۆنۆسەنترالیزمە، واتا لە بیستنەوە زانیارییەکەی وەرگرتووە و بۆتە کلیلی دەربڕینی هەستەکانی
لەکۆتا دێڕی کۆپلەی یەکهمیشدا گوتویەتی(دەڵێن بۆ چاوەزار باشە).
واتە جلە میلدارەکەی بەری دەڵێن بۆ چاوەزار باشە، کەواتە دووبارە خۆی قەناعەتی سەدلەسەدی پێ نییە و سەرچاوەکەی (دەڵێن )ـە پشت بەستن بە سەرچاوە دەرکییەکانی گوتنی دەرەوەی ناخی شاعیر، ئاماژەیە بۆ وروژانی بیرکردنەوە و نائۆقرەیی هەستەکانی شاعیر، کە دواجار ئەمەش دەبێتە هۆی پرسیار لای خوێنەر، پرسیارەکان لای خوێنەر بەم جۆرە دەبێت.:
ئەرێ هەر بەڕاستی ئاو خواردنەوەی بەیانیان بۆ دڵ باشە یان خۆشەویستی یار؟
ئەرێ چی بۆ چاوە زار باشە بەردی چاوە زار یان هەبوونی خۆشەویستی تۆ کە دەمپارێزێ لە چاوە زار؟
واتا خەندەکانی تۆ قەڵغانی پاراستنی منە لە هەموو نەهامەتییەک؟
چێژ و جوانی دەقیش لەم پرسیار و بیرکردنەوانەوەدا دروست دەبێت و بەردەوام دەبێت، لەلای هەر خوێنەرێک پەرچەکردارێکی خوێندنەوەی لەلا دروست دەکات.
لە سەرەتای کۆپلەی دووەمدا شاعیر دەڵێ:( لەیەکەم دیدارەوە زانیم)، واتە لێرەوە باوەڕی تەواو لای شاعیر دروست دەبێت و چیتر پشت بەگوتن نابەستێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی خودی (ناوخۆیی- عەقڵ و بیری خۆی) بۆیە ئێمەش ئەگەرچی دەقەکە ستونە شیعرێکە یەکێتی بابەتی تێدا پارێزراوە، بەڵام بەپشت بەستن بە شێوازی دەربڕین کردوومانە بە دوو کۆپلە، کۆپلەی یەکەم سەرچاوەبیستن، کۆپلەی دووەم سەرچاوەخود.
کاتێک شاعیر لە کۆپلەی دووەمدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانیاریانەی کە خۆی بەدەستی هێناوە ڕیتمی شیعر خاو دەبێتەوە و دۆخی وەسفی هەست و چێژی خۆشەویستیەکی ساوە باڵدەکێشێ بەسەر دەقدا.
ئەگەر بەڕوانینێکی گەڕۆکیش تەماشای سەرتاپای دەق بکەین دەبینین کردارەکانی (دەتخۆمەوە، دەتۆرێنی، دەمگۆڕی، جلێکم پێ لەبەردەکەی، بریقە دەدەنەوە، لەدەورت دەگەڕێم، لەدەورم کۆ دەبنەوە،
نەرمە گازی خۆشەویستیم لێ دەگرن، سوعبەتم لەگەڵ دەکەن،
شیرینیم لێ دەچۆڕێ )
کردارگەلێکن هەموو جوڵەیان لەگەڵدایە، ئەم جوڵەیەش بێئاگایانە کاردەکاتە سەر هەڵچون و داچوونە نێوخۆییەکانی خوێنەر، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەگەر بەپێی تیۆری (بۆزیمان) شیکارێک بۆ دەقەکە بکەین دەبینین:
ڕادەی هەڵچونی دەق(کار بۆ هاوڵناو)=ژمارەی کار÷هاوڵناو
١٤÷٤=٣.٨ واتە ڕادەی هەڵچوونی دەقەکە (٣.٨)، ئەگەر سەرنجی ڕیزبەندی ئەم سێ دەقەی نووسەر بدەین، کە یەک لە دوای یەک نووسویەتی:
(دەقی زوو زوو وەرە خەوم لە٢/٦/٢٠٢٦) بەپێی هەمان تیۆر ڕێژەکەی (٧)ە دەقی (دەوترێ بۆ نەخۆشیەکانی دڵ باشیت٥/٦/٢٠٢٦) ڕێژەکەی(٣٫٨)ە
و دەقی (گەنمڕنگەکەم١٤/٦/٢٠٢٦) (٤)ـە، دەبینین ڕێژەکان لە هەر سێ دەقدا بەرزە و ڕادەی دەربڕین بە ڕووداو تیایاندا زۆرە، کەواتە کاتی دەروونی نووسەر(التوقیت النفسی) لەم ماوەیەدا و تەوژمە ناو.
*زانکۆی کەرکووک

