شێرکۆ حەبیب
هەر لە سەرەتای بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردەوە، پێشمەرگە بوونی هەبووە و بەشێک بووە لە مێژووی خەباتی گەلێک کە لە پێناوی ئازادی، ماف و پاراستنی نیشتمانەکەی خەباتی کردووە. پێشمەرگە تەنها ناوی هێزێکی چەکدار نییە، بەڵکو بووەتە هێمای خۆڕاگری، قوربانی و بەرگریی گەلی کورد و کوردستان.
لە سەردەمی کۆماری کوردستانی مەهابادەوە ناوی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فەرمی بەکار هاتووە و تا ئەمڕۆش ئەم ناوە بووەتە بەشێکی گرنگ لە ناسنامەی خەباتی کورد. پێشمەرگایەتی ئەرکێکی پیرۆز و جێگای شانازیی گەلی کوردە و لە مێژوویدا پێشمەرگە تەنها لە نەتەوەی کورد پێک نەهاتووە بەڵکو لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارییان کردووە و گیانی خۆیان لە پێناوی ئازادی و مافەکان بەخت کردووە.
پێشمەرگە هەردەم هێمای خۆڕاگری و بەرخودان بووە. لە شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە هێزی حزبێک نەبوو، بەڵکو هێزی شۆڕشی کوردستان بوو بەرابەرایەتی باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر، سەدان و هەزاران پێشمەرگە داستانی بوێری و قوربانییان تۆمار کردووە. لە شۆڕشی ئەیلوولدا هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕێکخراو دابەش کرابوون و سەدان ئەفسەر و فەرماندەی سەربازی، کە توانرا خەباتێکی درێژخایەن بەرامبەر هێزێکی گەورەتر بەردەوام بێت.
لەو مێژووەدا ناوی بارزانیی نەمر نەک تەنها بە خەباتی سیاسییەوە گرێدراوە، بەڵکو بە پێشمەرگایەتی و بەرگری لە خاک و مافەکانی گەلەوە گرێدراوە. ئەو مێژووەش بووەتە بنەمای ئەو باوەڕەی کە پێشمەرگە دەبێت هەمیشە لە خزمەتی نیشتمان و گەلدا بێت.
لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی ئاداری ١٩٧٥، دۆخی سیاسی و سەربازیی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هات، دامەزراندنی چەندین حیزب و لایەنی سیاسی، لەگەڵ خۆیدا هێزە چەکدارە جیاوازەکانی هێنا. لە هەندێک قۆناغدا ئەم هێزانە تەنها بۆ بەرگری کوردستان نەبوون، بەڵکو بەداخەوە گەیشتنە پێکدادانی ناوخۆیی، کە زیانێکی گەورەی بە یەکڕیزیی بزاڤی کوردی گەیاند.
بەڵام ئەمڕۆ کوردستان لە قۆناغێکی جیاوازدا دەژی، ئەو کوردستانەی کە دوێنێ پێویستی بە هێزی پێشمەرگەی چەکدار بوو بۆ پاراستن و بەرگری لە خاک و مافەکانی، ئەمڕۆ هەمان هێزی پێشمەرگە بەڵام لە چوارچێوەیەکی نوێدا پێویستی بە دامەزراوەسازی و یەکخستنی هێزەکانی هەیە.
کوردستان پێویستی بە هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو هەیە، هێزێک کە بەرگری لە دەستکەوتەکانی کوردستان و ئەزموونی دیموکراسی و دامەزراوەکانی هەرێم بکات و لە چوارچێوەی یاسا و دامەزراوەکانی هەرێمدا کار بکات.
بۆیە یەکخستنی پێشمەرگە تەنها پرۆژەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی نیشتمانی و دامەزراوەیە، لە پڕۆسەی یەکخستنی پێشمەرگەدا، ڕۆڵی سەرکردایەتیی سیاسی گرنگ بووە. بە تایبەتی ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەو پرۆسەیەدا دەبێت بە بەشێک لە مێژووی ئەم گۆڕانە دامەزراوەییە ئاماژەی پێبکرێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی بە درێژایی ساڵان، لەگەڵ ئەوەی خۆی لە مێژووی پێشمەرگایەتی و خەباتی کورددا ڕۆڵێکی دیاری هەیە، پشتیوانیی لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە کردووە. لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی جدیتر بەدواداچوونی بۆ کرا و سەرۆک بارزانی بە چاودێری و پشتیوانیی خۆی ڕۆڵێکی گرنگی تێدا هەبووە.
هەروەها ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە پشتیوانیی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمدا گرنگ بووە. ئەم پرۆسەیە تەنها پێویستی بە هەنگاوی سەربازی و ڕێکخستنی هێزەکان نەبوو، بەڵکو پێویستی بە پشتگیریی سیاسی و دامەزراوەیی و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانی هەرێمیش هەبوو. سەرۆکی هەرێم ، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزی پاراستنی کوردستان دەبێت هێزێکی نیشتمانی و دامەزراوەیی بێت، نەک هێزێک بێت کە بە لایەنێکی سیاسییەوە سنووردار بکرێت.
لە هەمان کاتدا، مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی وەک بەشێک لە پڕۆژەی چاکسازیی حکوومەت داناوە. لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی و کارکردنی بەردەوام تا گەیشتە قۆناغی ئەوەی کە هێزەکان لە ژێر چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخرێن، و هێزەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆکراونەتەوە، ئەم هەنگاوە هێزەکانی لە چوارچێوەیەکی سەربازیی نوێدا لە بوارەکانی ئۆپەراسیۆن، ڕاهێنان، فەرماندان و کۆنترۆڵ و سیستەمی کارگێڕییەوە یەکخستووە.
ئەمە بێگومان خاڵێکی گرنگە لە مێژووی نوێی پێشمەرگە، بەڵام نابێت بە کۆتایی ڕێگا بزانرێت. بەڵکو دەبێت وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ دروستکردنی هێزی پێشمەرگەیەکی پیشەیی، یەکگرتوو و نیشتمانی سەیر بکرێت.
پێویستە یەکخستنی پێشمەرگە ببێتە بنەمای دامەزراوەیەکی سەربازیی کوردستان. پێشمەرگەش دەبێت لە هەمان کاتدا کە شانازی بە ڕابردووی خۆی دەکات، خۆی بۆ پێداویستییەکانی داهاتووش ئامادە بکات.
لە کوردستاندا هێزە سیاسییەکان هەر یەکەیان مێژوو و ئەزموونی خۆیان هەیە و ئەمەش بەشێکە لە مێژووی سیاسیی کورد. بەڵام هێزی پاراستنی کوردستان نابێت لە سنووری حیزب و ڕێکخراوی سیاسییەوە تێپەڕێت و ببێتە هێزی تایبەتی هیچ لایەنێک.
ئەوەی لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ڕوویدا، دەستپێکی ئەم قۆناغێکە، نەک کۆتایی چونکە یەکخستنی هێزەکان بە تەنیا بە فەرمان و ڕێکخستن تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە بەهێزکردنی تواناکانی سەربازی، ڕاهێنانی پیشەیی، سیستەمی فەرماندان و کۆنترۆڵ و ئامادەکارییەکی نوێی سەربازی هەیە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە دوا قۆناغی ئەم پرۆسەیەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە قۆناغی داهاتوو دەبێت بۆ بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگە و پیشەییترکردنی ئەم هێزە بێت.
کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی دروست ڕووبەڕووی مەترسییە ئەمنییەکان ببێتەوە، پێویستی بە هێزێکی سەربازی هەیە کە فەرمانی یەکگرتووی هەبێت و بەرپرسیارییەکەی لە بەرامبەر دامەزراوە نیشتمانییەکان بێت.
لە لایەکی دیکەوە، یەکخستنی پێشمەرگە تەنها بۆ ناوخۆی کوردستان نییە. کوردستان لە ناوچەیەکی هەستیاردایە و گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بوونی هێزێکی سەربازیی نیشتمانی و یەکگرتوو دەتوانێت توانای هەرێم بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرگری لە خاکەکەی بەهێزتر بکات.
کوردستان لە قۆناغێکدایە کە تێیدا دامەزراوەسازی دەبێت لە سەرەوەی هەموو پڕۆژە سیاسییەکان بێت. پەرلەمان، حکوومەت، دادگا، دامەزراوە ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگە هەموویان پێویستیان بە دامەزراوەییبوون و یاساییبوون هەیە.
لە مێژووی کوردستاندا پێشمەرگە بە خوێن و گیانی خۆی خاکی کوردستانی پاراستووە، نەوە لە دوای نەوە، پێشمەرگە بووە هێمای بەرگری و خۆڕاگری. ئەم مێژووە دەبێت بپارێزرێت، بەڵام پاراستنی مێژوو تەنها بە یادکردنەوە نییە، بە دروستکردنی داهاتوویەکی شایستەی ئەو مێژووەشە.
کوردستان کاتێک بەهێزتر دەبێت کە هێزی پاراستنی یەکگرتووی هەبێت، و پێشمەرگە کاتێک دەتوانێت بە شێوەیەکی گەورەتر شانازی بە مێژووی خۆی بکات کە ئەو مێژووە ببێتە بنەمای دامەزراوەیەکی نوێ.
پێشمەرگەی کوردستان، مێژووی خەباتە، بەڵام داهاتووی پێشمەرگە دەبێت دامەزراوەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو بێت، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ڕۆژێک بە ناوی “ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان” دیاری بکرێت؟ ئەو ڕۆژە دەتوانێت ١١ی ئەیلوول، یان ٢١ی ئەیلوول بێت، وەک ڕۆژی مێژووی خەباتی پێشمەرگە و ئەوی دیکە وەک ڕۆژی یەکخستنی پێشمەرگە بناسێنرێت.

