رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەرەنسی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 9/22 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا کرد کە لە هەرسێ سێناتۆر نیکۆل دۆرانتۆن سەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتیی فەرەنسا – عێراق ، ڕێمی فێرۆ و ئۆلیڤیێ بیتز ئەندامانی کۆمیتەکە پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا ئاڵوگۆڕ کرا.
شاندەکە ئاماژەیان بە پەیوەندی و دۆستایەتیی لەمێژینەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دا و دووپاتیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی فەرەنسایە.

سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕی.

پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.