حەیدەر مەنتک*
تێگەیشتن لە چەمکی (ژینگە) تەنیا لە پاككردنهوهی شەقام، سەیرانگا و دابەشکردنی کیسەی پلاستیكیدا كورت نابێتەوە، بەڵكوو ژینگەی ناوەكیی مرۆڤ و تەندروستیی جەستەیی، بەشێکی دانەبڕاون لە پێناسەی هاوچەرخی ژینگەی تەندروست.
سەردانیکردنی کلینیک و مەڵبەندەکانی پزیشکیی ددان، ئاماژەیەکی روونمان پێ دەدات کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە مێرمنداڵان و قوتابییان رووبەڕووی کێشەی تەندروستیی دەم و ددان بوونەتەوە.
ئەم دیاردەیە دەرئەنجامی ئاستی نزمی هۆشیاری و فەرامۆشکردنی تەندروستیی کەسییە.
پاراستنی پاکوخاوێنیی دەم و ددان، ڕەفتارێکی ژینگەیی و شارستانیی گرنگە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوالێتیی ژیانی تاک و کۆمەڵگە هەیە.
لەم سۆنگەیەوە، پێشنیاز دەکەین ڕێکخراوە ژینگەیییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندەکانی پەروەردە، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، هەڵمەتێکی نیشتمانی لەژێر ناونیشانی (هۆشیاریی تەندروستی و ئەتەکێتی ددانشوشتن) ڕێک بخەن.
ئەم دەستپێشخەرییە دەکرێت ئەم تەوەرانە لەخۆ بگرێت:
دابەشکردنی کەلوپەلی سەرەتایی: دابەشکردنی فلچە و هەویری ددان بەسەر قوتابییانی قۆناغی سەرەتاییدا.
سازکردنی وۆرکشۆپی پەروەردەیی: بەستنی کۆڕ و سیمیناری تایبەت بە ڕاهێنانی کردارەکی لەسەر تەکنیکە دروستەکانی خاوێنکردنەوەی ددان.
بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری: ڕوونكردنهوهی لێکەوتە تەندروستی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی فەرامۆشکردنی پاکوخاوێنیی دەم و ددان لە داهاتوودا.
بەگەڕخستنی ئەم جۆرە چالاکییانە لە دەستپێکی تەمەنی قوتابییاندا، بنەمایەکی بەهێز بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی بەئاگاتر و خاوەن رۆشنبیرییەکی بەرزتر بەرامبەر تەندروستیی خۆیان و ژینگەکەیان دەستەبەر دەکات.
*سەرۆکی ڕێکخراوی ڤینۆسی ژینگەیی

